شیراز، پایتەختی حکومەتی زەندی کوردی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

شیراز، پایتەختی حکومەتی زەندی کوردی

 کەریم خانی زەند، لە ساڵی ١١٨٠ی کۆچی (١٧٦٦-١٧٦٧ی زایینی)، شیرازی وەک پایتەختی شانشینی خۆی هەڵبژارد. لەو ماوەیەدا شیراز گەشانەوە و پەرەسەندنی بەخۆیەوە بینی و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیادی کرد. شانشینی زەندییەکان بە ڕەچەڵەک لەک بوون و بە سەرکردایەتی کەریم خانی زەند هاتوونەتە سەر دەسەڵات و نزیکەی ٤٦ ساڵ حوکمڕانی ئێرانیان کردووە.

 کەریم خانی زەند دامەزرێنەری ئەم بنەماڵەیەیە، خانی گەورەی خێڵی زەند بوو، خۆی بە "وەکیل ئەلڕەعایا" ناوبرد و بۆ ماوەیەکی کاتی (مەلایری) کردە پایتەختی خۆی، پاش ماوەیەک کەریم خان توانی بەسەر هەموو ئێراندا زاڵ بێت و شاری شیراز بکاتە پایتەختی دەسەڵاتدارییەکەی. لە سەردەمی ئەودا چەندین باڵەخانە لە پایتەختی زەندییەکان دروستکراون.

 خێڵی زەند بەسەر سێ تیرەدا دابەش بوون: زەند بەگلە، زەند هەزارە و زەند خەراج. کەریم خانی زەند (کەریم تۆشەماڵ) لە بنەماڵەی زەند بەگلە بوو. لە سەردەمی ئەفشارییەدا، کەریم خانی زەند و سدیق خانی برای لە سەردەمی ئیبراهیم شای ئەفشار شەڕیان کردووە. گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی کەریم خانی زەند بریتین لە: شەڕکردن لەگەڵ حاکمی هەمەدان، جەنگی کەهریز، پەیمانی سێ قۆڵی، جەنگی چوار مەحال، جەنگی دووئاب، جەنگەکانی کەتل کۆمارج و خشت، جەنگ لەگەڵ محەمەد حەسەن خانی قاجار، شۆڕشی حسینقلی خانی قاجار، عەرەبەکانی بەنی کەعب، هێرش بۆ سەر عەممان، شۆڕشی میرمۆهەنا، هەروا گرتنی بەسڕە.

 ئەو شوێنەوارانەی لە شانشینی زەندەوە بەجێماون

لە سەردەمی زەندییەکان، تەلارسازی پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، تایبەتمەندی بیناکانی ئەم سەردەمە ئەوە بوو کە سەقفی بیناکان لە شێوەی قوببەیەکی پان دروستکرابوون، لەو شوێنانەی باران و ئاوی زۆر بوو سەقفەکان بە کاشی برنج و دیوارەکانیش بە خشت دروست دەکران. خانووەکان دوو نهۆمیان هەبوو و بە زۆری باڵکۆنیان هەبوو، هەروەها دیوارەکان لە دەرەوە و ناوەوەی بیناکە بە گەچ داپۆشرابوون، هەروا لەناو خانووەکان تاق و دەلاقەی تایبەت دروستکراون تا کەلوپەلی ناوماڵیان تێدا دابنرێ. لە تەلارسازی بیناکانی سەردەمی زەندییەکان. ماڵی دەوڵەمەندەکان، یان دەوڵەتمەدارەکان خانووی گەورە بوون و بە شووشەی ڕەنگاوڕەنگ ڕازێنراونەتەوە، پەنجەرەی ئەم خانووانە بەرەو باشوور دەکرانەوە و حەوشەی گەورەیان هەبووە، بە ئەندازەیەک دروستکراون دراوسێکان ناو ماڵی یەکتریان نەبینیوە. ئەم خانووە گەورە و فراوانانە بە کەلوپەلی گرانبەها و تابلۆی گەورە ڕازێنراونەتەوە، بەمەبەستی دەستڕاگەیشتن بە کەلوپەلی بەکارهێنراو، دانیشتووانی ماڵەکە لە شوێنی تایبەت و دیاریکراو دایانناون، لە ژوورەکان فەرشی تایبەتیان تێدا دانراوە. هەندێک لەو شوێنەوارە مێژووییانەی کە لە سەردەمی زەندییەکان بەجێماون بریتین لە: بازاڕی وەکیل، مزگەوتی وەکیل، قەڵای کەریم خانی زەند، باخی تەکیەی حەوت تەنان.

 کەریم خانی زەند دامەزرێنەری بنەماڵەی زەندە و لوتف عەلی خانی زەند دوایین پاشای ئەم بنەماڵەیەیە و لە پادشا بەناوبانگەکانی زەندن. شاری شیراز ١٤٨٦ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوییەوە، کەش و هەوای شارەکە هەمیشە مامناوەند و لەبار بووە. ئەم شارە لە لای ڕۆژئاواوە تا چیای دراک و لە باکوورەوە تا چیای سەوزپۆشان، باوە چیایی، چل مەقام و بەمۆ، هەروەها بە شاخەکانی زاگرۆس دەورە دراوە. دوای شارەکانی تەورێز و تاران، شاری حافز و سەعدی سێیەم شار بوو کە لە ساڵی ١٢٩٦دا هێمای شارەوانی بەدەستهێناوە، ڕووبەری ئەم شارە ٢٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.