چەند دیمەنێک لە گوندی گوڵپ لە هەورامان

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

چەند دیمەنێک لە گوندی گوڵپ لە هەورامان

 گوندی گوڵپی هەورامان لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ناوەندی ناحییەی بیارەیە، یەکێکە لە گوندەکانی هەورامانی بەشی لهۆن لە باشوری کوردستان.

 ئەم گوندە لە ساڵی 1928- 1932 قوتابخانەی تێدا دروست کراوە، لە ساڵی 1978-1979، ئەوکاتەی سیاسەتی راگواستنی رژێمی بەعس جێبەجێ کرا بۆ ئەوەی گوندەکانی سەر سنوور چۆڵ بکرێن، یەکێک لەو گوندانەی بەر شاڵاوی چۆڵکردن و خاپوورکردن کەوت، گوندی گوڵپ بوو، ئەوكات گوندەكە نزیکەی 450- 480 ماڵ بووە.

 لە رووی دانیشتوانەوە لەدوای شارۆچکەی تەوێڵە، بە یەکەمین گوندی قەرەباڵغ و گەورەی سنووری جوگرافیای هەورامان دادەنرێت لە باشووری کوردستان، هەموو پیشە دەستییەکانی تێدا بووە، لە ساڵانی 1970 پێش ئەوەی رایگوازن، خاوەنی حوجرە، قوتابخانە، دوکانی ئاسنگەری، قەیسەریی داخراو و گەرماو بووە.

 لە بواری شۆڕشگێڕیدا لە مێژووی سیاسی و نەتەوایەتیی کورددا جێدەستی خۆی نەخش کردووە، خاوەنی چەندین شۆڕشگێڕە، سەرمەشقی شەهیدان، شەهید حەمە گوڵپییە، کە لە ساڵی 1963 رووبەڕووی هێزی داگیرکەری زەعیم سدیق دەبێتەوە لە پردی زەڵم، کە فیشەکی پێ نامێنێ، بە خەنجەری خۆی هەڵدەکوتێتە سەر دەبابەی دوژمەن و دەبابە ئەگرێت. ئەمە داستانێکی زیندووە لەناو گەلی کورد و هەورامییەکاندا. لە رووی بزووتنەوەی رۆشنبیرییەوە خاوەنی مامۆستا حەمە کەریم هەورامییە، کە قەڵەمێکی دیارە، نەک بەس لە ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان، خاوەنی قەڵەمێکی دیكەیە بە ناوی مامۆستا ئیبراهیم میکە ئەمین، کە یەکەمین کەس بووە لە مێژووی هەورامان لە باشووری کوردستان، توانیویەتی رۆمان بە زمانی هەورامی بنووسێت.

 بەداخەوە ئەم دێیە ئێستا وەکوو پێویست ئاوەدان نییە.