برووسكەیەكی دەگمەنی حەپسەخانی نەقیب بۆ مەندووبی سامیی بەریتانی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

برووسكەیەكی دەگمەنی حەپسەخانی نەقیب بۆ مەندووبی سامیی بەریتانی

 ڕۆژی شەشی ئەیلوولی 1930، پشكنەری ئینگلیز لە بینای موتەسەریفییەتی سلێمانی لە بینای سەرا، لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتیی شاری سێمانی لە كۆبوونەوەدا دەبێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان لەنێواندا ئەنجام بدات، بۆ دیاریكردنی نوێنەری سلێمانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. كاتێك پشكنەری ئینگلیز لەگەڵ ئەواندا لە كۆبوونەوەدا دەبێت، خۆپیشاندەران بینای موتەسەریفییەت بەردباران دەكەن، لە ئەنجامی بەرانگاربوونەوەدا، دەیان كەس دەكوژرێن و بریندار دەكرێن، هەروەها ژمارەیەك كەسایەتیی ناوداریش دەسگیر دەكرێن.

 كەمال مەزهەر، لە پەرتووكی كورد و كوردستان لە بەڵگەنامە نەهێنییەكانی حكوومەتی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە كردووە، حەپسەخانی نەقیب، ئافرەتی دیاری كوردی باشووری كوردستان، نەیتوانیوە لە ڕووداوەكانی شەڕی بەردەركی سەرا دوورەپەرێز بوەستێت، یەكەم كەس بووە لەسەر خوێنی شەهیدانی ڕاپەڕینی شەشی ئەیلوول بە شێوازێكی كەموێنە هاتووتە دەنگ. حەپسەخان ڕۆژی حەوتی ئەیلوولی ساڵی 1930، واتا تەنیا یەك ڕۆژ دوای شەڕەكەی بەردەركی سەرا و گرتنی شێخ قادری هاوسەری، برووسكەیەكی ناردووە بۆ مەندووبی سامیی بەریتانی و بێ‌ سڵاو، بەم جۆرە دەست بە قسە پڕ لە شانازییەكانی دەكات:

 دەینووسێت: لە ( نەقیب زادە حەفسەوە، بۆ شكۆدار مەندووبی سامیی بەریتانی ) ڕۆژی حەوتی ئەیلوولی 1930 لە سلێمانییەوە. هەڵبژاردنەكان بە شێوازێكی دڕندانەی بێزراوی ئەوتۆ ڕادەپەرموێنرێن، كە هیچ گەلیكی جیهان لە ڕۆژگاری بەربەرییكاندا لە وێنەیان نەبینیوە. كام یاسا ڕێگە دەدات گەلێك لە كاتی هەڵبژاردندا تیرۆر بكرێت؟ كێ‌ لە ئێوە یاسا پارێزە و كێش لە ئێوە یاسا دەخاتە ژێر پێوە؟ كام یاسا ڕێگەی داوە لە كاتی هەڵبژاردنردندا چەك دژی جەماوەر بەكار بهێندرێت؟ ئیمڕۆ شاری سلێمانی گەیاندراوەتە دۆخێكی دژواری بەربەریی ئەوتۆوە، كە بۆی هەیە سەرتاپای مێژووی هەر كەسێكی بەرپرس لە كەدار بكات.

 لێژنەكەتان (لێژنەی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكە- ك.م.) كەوتە وتوێژ لەگەڵ كەسانێك، كە هیچ سەنگێكیان لەم وڵاتەدا نییە، جەماوەر كاتێك بەمەیان زانی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان كۆ بوونەوە، ئەمیش مافی یاسایی خۆیانە، كاتێك ئەوان (واتا پیاوانی میری- ك.م.) دیتییان زۆربەی هەرەزۆری خەڵكەكە دژیانن، پەنایان بردە بەر سەرباز و ڕەشاش و دەسڕێژیان لێكردین، شەست حەفتایەكیان لێ‌ كوشت و بریندار كرد، كام یاسا ڕێگەی ڕەفتارێكی وەها دەدات؟ ئەی چۆن ئەوانەی وایان كرد، دەتوانن پاكانە بۆ كارەكەیان بكەن؟ ئێمەی كورد بێزاریی خۆمان بەرانبەر ئەو كارە دەڕندانەیە دەردەبڕین و هەتا خوێنی كوردایەتیی لە دەمارەكانماندا بمێنێت هەر باسی دەكەین، ئایا ئێوە یاسا پارێزن؟ ئەگەر وابێت كێن ئەوانەی یاسایان پێ شێل كرد؟ ڕژانە ناو ماڵی منیشەوە و كەوتنە پشكنین و ڕووی چەكەكانیان كردبووە سنگی ئافرەتان. ئەم پشكنینە بووە هۆی فەوتان و تاڵانكردنی شتوومەكە بەنرخەكانم. من داوای مافە ڕەوانی خۆم لە سەرجەمی ئەو كەسانە دەكەم، كە یاسایان پێشێل كرد و ڕێزی ماڵەكەمیان نەگرت. دوای ئەو هێرشە جانەوەرییە هێزە چەكدارەكان كەوتنە گرتنی پیاوە ناسراوەكانمان، ئەوانەی بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر ڕەوانەی بەغدا كران. تكا لە شكۆدارتان دەكەم، ئەم برووسكەیەم وەربگێڕنە سەر (زمانی ئینگلیزی- ك.م.) و وێنەی پێشكەشی (كۆمەڵەی گەلان) لە جنێف بكەن.

 حەپسەخانی نەقیب، كچی مەعرووف بەرزنجی، نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ ‌و ئامۆزای شێخ مەحموودی مەلیكی كوردستان‌ و هاوسەری شێخ قادری حەفید، لە ساڵی 1891 لە شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە، بۆیە پێی دەڵێن حەپسەخانی نەقیب، چونكە مەعرووف بەرزنجی باوكی (نەقیب) بووە. ئەم پلەی (نەقیب)ەیەشی لەلایەن حكوومەتی عوسمانییەوە پێ بەخشراوە، بەو هۆیەوە كە نوێنەری (سادات- شێخان) بووە، لە تەمەنی 62 ساڵیدا لە 12ی نیسانی ساڵی 1953 بە نەخۆشیی شێرپەنجە، كۆچی دوایی كرد و لە لەگردی سەیوان لە شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.

سەرچاوە:

 - لاپەڕەكانی (193- 194- 195) پەرتووكی كەمال مەزهەر، كورد و كوردستان لە بەڵگەنامە نەهێنییەكانی حكوومەتی بەریتانیا، بەرگی یەكەم: ئا: عەبدوڵا زەنگەنە-شەهلا تاهیر حەیدەری.

 - ئیبراهیم پاشای بابان.

 - خاك.

 - وێنە كۆنەكانی سلێمانی.