کەنعان حوسێن: شیعر هاوارێکە لە ناخمەوە هەڵدەقوڵێت

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

کەنعان حوسێن: شیعر هاوارێکە لە ناخمەوە هەڵدەقوڵێت

” بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و كەڵهوڕی شیعر دەنووسم “

لە گەڕەکی جەلەوە لە شارە جوانەکەی خانەقین، شاعیرێک لەنێو خێزانێکی کوردپەروەری کەڵهوڕی لەدایک دەبێت، لەنێو ماڵەکەیاندا، هەستی بەرگریکردن لەبەرامبەر خاکەکەی لای دروست دەبێت و دەبێتە هێزێکی پاڵنەر بۆ ئەوەی بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کەڵهوڕی دەست بە نووسینی شیعر بکات، ئێستا ئەو یەکێکە لە شاعیرە بەناوبانگەکانی خانەقین.

 

ئەمجارەیان بڕیارمان دا لە ڕێگەی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، تیشک بخەینە سەر شیعرەکانی شاعیر (کەنعان حوسێن) و کۆمەڵێک پرسیاری جیاوازی لێ بکەین، بەمەبەستی ئاشناکردنی خەڵک بە خەبات و تێکۆشان و شیعرەكانی ئەم شاعیرە كوردە.

 

(باسنیوز): دەمانەوێ لە زاری خۆتانەوە گوێبیست بین، کەنعان حوسێن کێیە؟

کەنعان حوسێن: من کەنعان حوسێن سەعدوڵڵا، لەنێو خەڵکدا بە کەنعان کڵاوایی ناسراوم، لە ساڵی 1962 لە گەڕەکی جەلەوەی شاری خانەقین لەدایک بوومە، بەڵام لەبەر ئەو زوڵم و ستەم و تەعریبەی بەسەر شارەکەمدا هات، نەمتوانی دەست بە ئەژنۆ دابنیشم، بۆیە چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتیم کردە شان و بوومە پێشمەرگە. هەر له تەمەنی منداڵییەوە لەنێو ڕێزەکانی پێشمەرگە بووم، بۆیە دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنم نەبوو، بەڵام لەدوای ساڵی 2003 پەیمانگای گەشەپێدانی مەدەنیەتم تەواو کرد، هەروەها کۆمەڵێک خولی سیاسی و ڕۆشنبیرییم بینی، بۆیە دەتوانم بڵێم، هەرچەندە بە شێوازی ئەکادیمی خوێندنم تەواو نەکردووە، بەڵام زانکۆی بەشەرەفی کوردایەتی و پێشمەرگایەتیم تەواو کردووە و شانازییان پێوە دەکەم.

 

(باسنیوز): ساڵەکانی ژیانت چۆن بەسەر برد و ئێستا له‌کوێ ده‌ژیت؟

کەنعان حوسێن: ساڵەکانی سەرەتای تەمەنم بە پێشمەرگایەتی بەسەر برد و دوای 23 ساڵ لە ئاوارەبوون و پێشمەرگایەتی، واتە دوای رووخانی رژێمی بەعس، دیسان گەڕامەوە بۆ شارە خۆشەویستەکەی باوک و باپیرانم و هەتا ئێستا هەر لە خانەقینم.

 

(باسنیوز): كەی و چۆن خولیای نووسینی شیعر بوویت؟ ئایا کەس لە خانوادەکەت شاعیر بووە؟

کەنعان حوسێن: لە ساڵی 1978، ئەو کاتەی تەمەنم تەنیا 16 ساڵ بوو، دەستم بە نووسینی شیعر کرد، لەو کاتەدا باوکم پێشمەرگە بوو، لەناو خەبات و کوردایەتیدا بوو بۆ بەرگریکردن لەخاک و نیشتمانەکەمان، بۆیە منیش هەستی کوردایەتیم لەلا دروست بوو، كە لە ڕێگەی شیعرەکانمەوە بەرگری لە خاکی وڵاتەکەم بکەم، هەرچەندە لەو کاتەدا شیعرەکانم سادە و تازە بوون، بەڵام پڕاوپڕ بوون لە هەست و ڕۆحی کوردپەروەرانە، لەنێو خزمەکانم کەسانێک هەبوون حەزیان لە نووسینی شیعر بوو، بەڵام دەتوانم بڵێم خۆم یەکەمین شاعیری نێو خێزانەکەم بووم.

 

(باسنیوز): بەو ئەزموونی شیعرییەتەوە تا ئێستا چەند دیوانی شیعرییت هەیە؟

کەنعان حوسێن: بەخۆشحاڵییەوە خاوەن 46 ساڵ ئەزموونی شیعر نووسینم و بە هەردوو زاراوەی شیرینی زمانی کوردی، کە (سۆرانی و کەڵهوڕی)یە شیعرم نووسیوە، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو کە پێشمەرگە بووم، زۆر شیعرم بە باڵای وڵات و پێشمەرگەدا دەنووسی، هەرچەندە هەندێک شیعری دڵداری و بیرەوەری تێدا بوو و توانییم وەکوو رەشنووسێک بە شێوازی دیوانێکی شیعری تێکەڵ ئامادەی بکەم، بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکدا بیگەیەنمە چاپ و بڵاوکردنەوە، بەڵام داخەکەم شاڵاوی ئەنفال بووە هۆی ئەوەی ئەو شیعرانەم لەدەست بچن، بۆیە هەمیشە هەناسەیەکی ساردیان بۆ هەڵئەکێشم، بەڵام ئێستا خاوەنی دوو دیوانی شیعریم بە ناوەکانی (وڕێنەی دڵ)، کە هەموو شیعرەکانی بە زاراوەی کەڵهوڕی نووسراون و زیاتر باس لە سیاسەت و شیعری دڵداری دەکەن و دیوانی ( ڕەنگی گەڵاکانی پاییز) کە بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کەڵهوڕییەوە نووسراون و ناوەڕۆکەکەی تێکەڵن لە شیعری سیاسی و دڵداری و فەلسەفە و کۆمەڵایەتی، ئەم دووانە چاپ كراون و ئێستا دیوانی ‌سێیەمم چاوەڕێی چاپ دەکات، کە بە زاراوەی کەڵهوڕی نووسیومە، بەڵام چونکە هەموو خەرجییەکەی لەئەستۆی خۆمە، بۆیە ئێستا توانای چاپکردنیم نییە.

 

(باسنیوز): چوونت بۆ نێو دنیای شیعر و ئەدەبیات چ مانایەك دەبەخشێت؟

کەنعان حوسێن: شیعر و ئەدەب بەشی زۆر گەورە و گرنگن لە ژیانم، شیعر هاوارێکە لە ناخمەوە هەڵدەقوڵێت و منیش بە شێوازێکی ئەدەبی دەینووسمەوە."

 

(باسنیوز): سەرکەوتنی هەر شاعیرێک بەندە بە چییەوە؟

کەنعان حوسێن: لە دیدی منەوە، پێویستە شاعیر ئەم خاڵانەی تێدا بەرجەستە بن:

- قەڵەمفرۆش نەبێت و گوزارشت لە راستییەکان بکات.

- خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز بێت.

- عاشقی هونەر و ئەدەبەکەی بێت.

 

(باسنیوز): لە نووسینی شیعردا تا چەند پابەندیت بە یاسا و رێساکان؟

کەنعان حوسێن: پرسیارەکەتان جوانە و دەمەوێ بەم شێوازە وەڵامتان بدەمەوە، کە نووسینی هەر شیعرێک بنەما و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆ نموونە، شیعری کلاسیک لەمێژەوە هەتاکوو ئێستا هەر باوە و خۆمیش یەکێک لە عاشقەکانی کلاسیکم و زۆربەی زۆری شیعرەکانم بە شێوازی کلاسیک دەنووسم، ئەمجۆرە شیعرە پێویستی بە کێش و سەروایە و بە هەبوونی ئەم دوانە لە شیعردا، گوێگر هەست بە تام و چێژێکی جیاواز دەکات، بەڵام شیعری نوێ، تایبەتمەندیی کێش و سەروای نییە، بۆ ئەوەی شاعیر بتوانێت بە ئازادییەکی زۆرترەوە ئەوەی لەناخیدایە دەریببڕێت و پابەندی کێش و سەروا نەبێت، بەدڵنیاییەوە من هەمووکات لە نووسینی شیعردا پابەندی یاسا و رێساکانی تایبەت بە جۆری شیعرەکە دەبم."