پەرستگەی ئاناهیتا، گەورەترین پەرستگەی بەردین لە رۆژهەڵاتی نیشتمان

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

پەرستگەی ئاناهیتا، گەورەترین پەرستگەی بەردین لە رۆژهەڵاتی نیشتمان

پەرستگەی ئاناهیتا، یەکێکە لە پەرستگە بەردینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە دەکەوێتە بەرزاییەکانی دەشتێک نزیک لە شاری کەنگاوەر بە دووری ٩٤ کیلۆمەتر لە شاری کرماشان. بەپێی نووسین و بەڵگەنامە مێژووییەکان ئەم پەرستگە بەردینە پەیوەندی بە مێژووی سەردەمی ئەخمینی و ئەشکانی و ساسانییەکانەوە هەیە،  بەڵام هەندێک لە پسپۆران ئەم کۆشکە بۆ سەردەمی ساسانییەکان ددەگەڕێننەوە.

 

تەلارسازیی پەرستگەی ئاناهیتا

ئەم پەرستگەیە وەک شوێنێک بۆ ئاهەنگگێڕان و بۆ پاکی و پەرستنی ئاناهیتا، ئەو فریشتەیەی کە بە پاسەوانی کانیاو و باران ناسراوە بەکارهاتووە. پەرستگەی ئاناهیتا بە بەرزی ٣٢ مەتر دروستکراوە. قەبارەی ئەم بینا مێژووییە لە خوارەوە بۆ سەرەوە کەم دەبێتەوە، هەروەها شێوەی زیگوراتی هەیە، کە بە هاوتەریب لەگەڵ شێوازی زیگوراتی ئێران دادەنرێت. پەرستگەکە بە دیواری بەردین دەورە دراوە و سەکۆی دروستکراوە بۆ ئەوەی هاوتا بێت لەگەڵ گردەکە.

رووبەری سەرەکی پەرستگەکە لە بەشی باشوورە، دەرگای چوونە ژوورەوەی بیناکە لە هەردوو لایەوە پلیکانەی هەیە و هاوتەریبە لەگەڵ لای باشوور، لەوێوە خەڵکیان بردووەتە ناو پەرستگەکە. لە سەرووی پەرستگەکە پێکهاتەیەکی چوار کەوانەیی هەبوو کە هاوشێوەی پەرستگە ئاگرینەکانی دیکەی ئەو سەردەمە بووە. لەم بەشەی سەرەوە سەری چوار مانگا ڕووبەڕووی یەکترن و لە کاتی کێشانی ئاودا وێنەی سەری مانگاکان لەسەر ئاوەکە دەچەسپێنرێت. لە ناوەڕاستی باڵەخانەکە بۆشایییەک هەیە کە ئاوی چەمەکانی تێیدا کۆدەبێتەوە و حەوزێکی بچووکی چوارگۆشە پڕدەکاتەوە، قووڵییەکەی 20 سم دەبێت.

 

کەلوپەلە دۆزراوەکان

یەکێک لەو شوێنەوارە گرنگانەی لە پەرستگەکەدا دۆزراونەتەوە، تابووت لەگەڵ کەلوپەل و تەرمەکانی ناویانە، کە زانیاری زۆر باشمان دەست دەخەن، هەروەها سکە، کەلوپەلی برۆنزی، ملوانکە، گوارەی زێڕین بە وێنەی پیاوێکی باڵدار و هەندێ کەلوپەلی دیکە لەم گۆڕانەدا دۆزراونەتەوە. شوێنەوارە مێژووییەکانی دیکە کە لە پەرستگەی ئاناهیتا دۆزراونەتەوە بریتین لە دراو و سکەی سەردەمی ئیسلامی و خەلیفە ئیسلامییەکان.

ئەم گەنجینە بەنرخە پڕە لە چەندین جۆر سیرامیکی نەخشێنراو و چەسپاو بە ڕەنگی سەوز و زەرد.

 

بەردە نووسراوەکان

لەسەر هەندێک لە بەردە نەخشێنراوەکانی دیواری ڕۆژهەڵاتی پەرستگەکە، شکڵ و شێوەی وەک خاچی شکاو، ئەستێرە، خۆر، بزنی کێوی، چەرخ، شێوەی ئەندازەیی، ڕووەک، ماسی، ماسی و ئاو، لەنگەری کەشتی و.... هتد دەبینرێت.