لەنێو خولگەی،
ملیاران ساڵی گەردوونا...
لەسەر تابلۆی یەزدانكردەی
سروشتی بەرینی بوونا...
لە كرۆكی
مانای بەرزی مرۆڤبوونا...
هەگبەی سۆزمان لەكۆڵ ناوە
لەگەڵ ناسنامەی مێبوونا...
ئێمە ئاوازێكی نەرمی
سادە و جوان و دڵنشینین...
هەموو دەمێك دەبیسترێین و
دایم لەسەر شانۆی ژینیین...
لە بڵندگۆی هەموو هۆڵێك
لە نێوجەرگەی
هەموو ئامێرێكی موزیك
دێینە دەرێ و خەفە نابین...
ئێمە خۆشترین ئاوازین...
ئێمە عاشقی یەك ڕەنگ نیین...
لە یەك ساتدا
شێتی كڕێوە و پرووشەی
بەفری شەوی زستانانین...
شەیدای سەوزایی و بارانین...
ئەوینداری بای بەهارین...
دێوانەی خۆری هاوین و
هاوڕێی رەنگی پرتەقاڵی و
گەڵارێزانی پاییزیین...
ئاخر ئێمە،
گوڵستانی هەر چوار وەرزین...
ئێمە ژنین...
لە قۆناغی مێژووی دێرین...
دەستڕەنگینترین هونەرمەند
پەیكەری بۆ دادەتاشین...
گەلانێكی زۆر و زەوەند
تەنانەت پێش هاتنی دین...
كڕوونشیان بۆ دەبردین و
وەك خودا دەیانپەرستین...
ئێمە دایكین...
سەردەمانێك، سالاری
قەومی مرۆڤ بووین...
شاژنی شارستانییەت و
تەواری ناو كۆشكەكان بووین...
شەڕ و ئاشتی،
لە قەڵای عەرشی ئێمەوە
بڕیاری سازدانی دەدرا
ئێمە ئەوكات
دەسەڵات بووین...
ئێمە مەخلووقێكی جوانی
خودای تاك و تاقانەین و
فریشتەكان عاشقمانن...
شاعیرەكان
شیعر بۆ ئێمە دەنووسن...
نیگاركێشان
تابلۆی نایابی مێژوویی
نیگا و جەستەمان دەكێشن...
زۆربەی جاران
هونەرمەندان
لە بەردە زەبەلاحەكان
لەنزیك لوتكەی چیاكان
پەیكەرمان بۆ دادەتاشن...
سەردەمێكیش
لەسەر نیشتنەوەی
پەپوولەی خەندە لەسەر رووخسارمان
خەمساردانە، دەیانكوشتین...
هەندێك جاریش
میهرەبانیی زۆریان دەنواند
بە شمشێر و بە خەنجەر و
بە گڕ و بەرد، نەیاندەكوشتین....
بەڵكوو چاڵیان هەڵدەكەند و
بە زیندوویی دەیانناشتین...
لێ خەباتی زەنگینی ژن،
هێدی هێدی،
رووداوە تفت و تاڵەكان،
بە کانیاوی ژیاندۆستی دەسڕێتەوە.....
سەربردەی درەوشاوەی ژن
لە بەرەبەیانی مێژووەوە
بە ئاوی زێڕ دەنووسرێتەوە...
چونكە سروشت باش حاڵیە،
باخچەی ژیان بەبێ ژن ناگەشێتەوە...
مێژووی مرۆڤ،
بەبێ ژن دەكوژێتەوە...
خودا بۆیە لە ئادەمدا حەوای ئافراند
زانیی ژیانی ئەم دنیا و
بەهەشتی جوانی ئەودنیاش
بە ئافرەت دەڕازێتەوە...
گەر ژن نەبێ،
ئەستێرەش نادرەوشێتەوە...
یاسای گەردوون،
لە هێكڕا هەڵدەوەشێتەوە....