(مەلا وەیسی مەلا عەبدوڵا گرتكی)، نەوەی زانای بەناوبانگ (ئیبنو ئادەم)، مامۆستایەكی بەتوانا و لێهاتوو بووە و چەندین مامۆستای ئایینیی ناسراو بڕوانامەی مەلایەتییان لە قوتابخانەكەیدا وەرگرتووە، هەروەها پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ شۆڕش و كوردایەتیدا هەبووە.
مامۆستا مەلا وەیسی مەلا عەبدوڵا گرتكی، لە ساڵی 1904 لە گوندی گرتك لە سنووری قەزای چۆمان لەدایك بووە، یەكێكە لە نەوەكانی زانای بەناوبانگی كوردستان مەلا محەمەدی كوڕی ئادەم ناسراو بە (ئیبنو ئادەم)، لە لای باوكی دەستی بە خوێندنی مەلایەتی كردووە، دوای كۆچی داویی باوكی، لەلای مامۆستای ئایینی (ساڵحی كۆزەپانكەیی)، دەبێتە فەقێ و هەر لای ئەویش لە ساڵی 1951 بڕوانامەی مەلایەتی وەردەگرێت، ئینجا دەگەڕێتەوە گوندی گرتك و لەپاڵ ئەركی مەلایەتی، سەرقاڵی گوتنەوەی وانە دەبێت بە فەقێیان و قوتابخانەیەكی ئایینی دەكاتەوە، دەبێتە شوێنی بڵاوكردنەوەی زانست و زانیاری، لە زۆربەی پارچەكانی كوردستانی گەورە فەقێ و قوتابی و فێرخوازی ئایینی رووی تێدەكەن و چەندین فەقێ لە قوتابخانەكەی دەردەچن و بڕوانامەی مەلایەتی وەردەگرن و لەسەر پەرە دان بە زانست بەردەوام دەبێت."
وەك سەرچاوە مێژووییەكان و نەوەكانی ئاماژەی بۆ دەكەن، جگە لە قوتابخانەی ئایینی، مامۆستایەكی ئایینیی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی كوردستان بووە و بەردەوام داكۆكیی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلەكەی كردووە، بەمەش بەشداریی كردووە لە شۆڕشی كوردستان لە رۆژهەڵات و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد، هەر لەوێش بۆ یەكەم جار بە دیداری (مستەفا بارزانی) سەركردەی بزووتنەوەی سیاسیی ئازادیخوازی گەلی كوردستان دەگات، ئەمەش دەبێتە سەرەتای دروستبوونی پەیوەندییەكانی."
لە دەستپێكی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا، لە سەردانیدا بۆ باڵەكایەتی و گوندی گرتك، بارزانی لە میوانداریی مەلاوەیسیدا دەمێنێتەوە، بەمەش پەیوەندییەكانیان بەهێزتر دەبن و دەبێتە هۆكاری سەرەكیی بۆ بەشداریكردنی لە شۆڕشی ئەیلوول و هاندانی خەڵك لە رێگەی وتارە ئایینییەكانی، بۆ بەشدارییان لە شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە ،تەنانەت ماڵ و حوجرەكەی دەبێتە بنكەیەك بۆ پێشمەرگە، هەروەك سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پەرتووكە بەنرخەكەیدا بە ناوی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) ئاماژەی بەو سەردانە كردووە."
مامۆستا مەلا وەیسی مەلا عەبدوڵا گرتكی كەسێكی كۆمەڵایەتی بووە و ڕۆڵی بەرچاو و دیاری لە چارەسەركردنی گرفت و كێشە كۆمەڵایەتییەكان و ئاشتكردنەوەی خەڵكدا هەبووە، هەروەها لە ساڵی 1964 دەبێتە (قازیی شەرعی)ی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و یەكێك دەبێت لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان و ئەندامی شاندی چارەسەری كێشەی نێوان حكوومەتی (عەبدولكەریم قاسم و شێخ رەشید لۆلانی)."
مەلا وەیسی مەلا عەبدوڵا گرتكی دوای ساڵانێكی زۆر خزمەتكردنی بە شۆڕش و كۆمەڵگە، لەدوای رێككەوتنە شوومەكەی جەزائیر، ژیانی ئاوارەیی هەڵدەبژێرێت و ماوەیەك لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشییەكی كوشندە، بە ڕەزامەندیی سەركردایەتیی شۆڕش دەگەڕێتەوە باشووری كوردستان و لە شارۆچكەی دیانا نیشتەجێ دەبێت، تا دێت نەخۆشییەكەی سەختتر دەبێت و لە رێكەوتی 20ی2ی1979 لە تەمەنی 75 ساڵی كۆچی دوای دەكات و لە گۆڕستانێكی سنوورەكە بەخاك دەسپێردرێت، لەدوای خۆیدا نەوەكانی بەردەوامن لەسەر ڕێبازەكەی، كە رێبازی خزمەتكردن بە كۆمەڵگە و ڕێبازی پیرۆزی كوردایەتییە.