زانایەكی بەناوبانگی ئایینی ئیسلام دەڵێت "نەورۆز بۆنە و یادێكی ناسراوی سەردەمی ئیسلامە و مێژوويهكی كۆنتریشی هەیە، واتە پێش ئیسلامیشە، هیچ دژایەتییەكی لەگەڵ ئایینی موسڵمانان نییە و دروشمێك نییە بۆ فەساد، بەڵكوو بەهار و شادیی كوردە.
نەورۆز لە كوردەواریدا جەژنێكی تایبەتە و مێژوویەكی كۆنی هەیە، ساڵانە لەسەرەتای هاتنی وەرزی بەهار لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بە هەڵكردنی ئاگری نەورۆز و هەڵپەڕكێ و گەشت و سەیران ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت و پیرۆز دەكرێت، كە جگە لە كوردیش هەندێ لە نەتەوەكانی دیكەى جیهانیش یادی نەورۆز دەكەنەوە، بۆ نموونە كورد، فارس، ئەفغان و ئۆزبەك..، بەڵام ئەوەی لای هەمووان زیاتر بایەخی پێ دەدات نەتەوەی كوردە، هەروەك یەكەمین نووسەری كورد، كە بە كوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی كردبێت (ئەحمەدی خانی) بووە، بە نەورۆزی گوتووە بۆنەی كۆنی كوردستان.
لەڕووی ئایینیشەوە، بیروڕای جیاوازی هەیە لەسەر یادكردنەوەی نەورۆز، هەروەك نووسەر و لێكۆڵەر عەبدولمەجید سانی حەیدەری دەڵێت، لەناوەڕاستی نەوەدەكان، لەسەروبەندی نەورۆزدا، رۆژنامەی (عێراق) لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ زانا و نووسەری پایەبەرز مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس ساز دەكات، بە ئامانجی ئەوەی مامۆستا بڵێت نەورۆز، هی كورد نییە، بەڵام مودەڕیس زۆر زانایانە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت، نەورۆز بۆنە و یادێكی ناسراوی سەردەمی ئیسلام و پێش ئیسلامە، هیچ دژایەتییەكی لەگەڵ ئایینی موسڵمانان نییە. نەورۆز دروشمێك نییە بۆ فەساد، بەڵكوو بەهار و شادیی كوردە.

