ئاشی خدر ئاغا لە دۆڵی ڕۆست، تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

ئاشی خدر ئاغا لە دۆڵی ڕۆست، تەمەنی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە

 لە سەردەمێكی كۆن تا كۆتاییەكانی سەدەی ڕابردووش، هاووڵاتییانی كوردستان بۆ هاڕینی گەنم و دانەوێڵەكانیان سوودیان لە ئاشی ئاوی وەردەگرت، بەمەش لە زۆربەی گوند و ناوچەكانی كوردستان، ئاشی ئاوی دروست كرابوون.

 لە دۆڵی ڕوستیش لە سنووری ناحیەی سمیلان سەر بە قەزای چۆمان، چەندین ئاشی لەم شێوەیە هەبوون، یەكێك لەدیاریترینیان بریتی بووە لە ئاشی خدر ئاغا، لە سنووری گوندی بێشە، كە دوای زیاتر لە سەدەیەك لە دروستكردنی، تائێستا شوێنەواری ماوە.

 لەمبارەیەوە، سەعدی قادرئاغا، دانیشتووی گوندی بێشە سەر بە ناحیەی سمیلان، كە دەكاتە نەوەی خدرئاغا، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: " لەسەردەمی كۆنەوە ئەو پێشكەوتنەی ئێستا نەبووە، بەمەش ڕێكارەكانی دیكە گیراونەبەر و ئامرازی جیاجیا لەناو كۆمەڵگەدا بەكار هاتوون، بەتایبەتیش دروستكردنی ئاشی ئاوی و جۆنیی كوتە و مەشكە و شانە و چرا و چەندانی دیكە، بەپێی تێپەڕبوونی زەمەن و پێشكەوتنەكانیش گۆڕانكارییان بەسەرداهاتووە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، تائێستا شوێنەوار و زۆر لەم كەرستانەش، كە لەسەردەمی باب و باپیرانمان بەكار هێنراون، پارێزگارییان لێ كراوە و وەك ناسنامەیەك ماونەتەوە".

 گوتیشی: "لەكۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەمدا، باپیرە گەورەمان قادرئاغای بێشەیی، خاوەن دەسەڵات و كەسایەتی بووە، كە لە دەڤەری باڵەكایەتی سەرپەرشتیی چەندین گوند و ناوچەی كردووە، هەوڵیشی داوە بۆ بژیوی ڕۆژانەیان پشت بە پێداویستی و ئابووریی ناوخۆیی ببەستێت، تا سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بووە، یەكێك لەوانەش چەند وەستایەكی شارەزای هێناوە بۆ دروستكردنی ئاشێكی ئاوی لە سنووری گوندی بێشە سەر بە ناحیەی سمیلان لە دۆڵی روستێ‌".

 ئاماژەی بەوەش دا: "سەرەڕای ئەوەی باپیرە گەورەمان لە ژیانیدا هاوسەرگیری لەگەڵ حەوت ئافرەت كردووە و چەندین منداڵی هەبووە، كەچی هەموو منداڵەكانی مردوون و تەنیا كوڕێكی بەناو خدرئاغا مابووە، لەگەڵ سێ‌ كچی، بەمەش ئەم ئاشەی كە دروستی كردووە، ناوی ناوە ئاشی خدرئاغا، كە دوای زیاتر لە 100 ساڵ تائێستا شوورە و قۆتەرە و بناغەی ئاشەكە بەجوانی دیارن، هەروەها ئاشی خدرئاغا ناوێكی دیارە لە كوردستان".

 دەشڵێت: "باوكی من بەناوی باپیرە گەورەمان قادر ئاغا كراوەتەوە، بە گوتەی ئەو، جگەلەوەی بۆ پێداویستیی ماڵەكەیان ئارد و دانەوێڵە بۆ بنەماڵەكەیان هاڕدراوە، لە هەمانكاتیشدا خەڵكی سوودیان لێ بینیوە، بۆ ئەوەی گەنم و دانەوێڵە و باراشەكانیان ببەن بۆ ئەم ئاشە، لەبەرامبەریشدا بۆ هەر تەنەكە گەنمێك بڕێك ئاردیان لێدەگێڕدرایەوە، بۆ ئەو كەسانەی كە كاریان لەسەر ئاشەكە دەكرد، هەروەها جگە لەسەردەمی كۆن، تەنانەت چەند جارێك ئاشەكە نۆژەن كراوەتەوە و تا كۆتاییەكانی سەدەی ڕابردووش، خەڵكی سوودیان لەم ئاشە بینیوە، ئێستاش شوێنەكە وەك دروشمێك ماوەتەوە و پارێزگاریی لێ كراوە.“