مینا مزوری: لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە خزمەت بە نیشتمانەكەمان دەكەم

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

مینا مزوری: لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە خزمەت بە نیشتمانەكەمان دەكەم

كچە مامۆستایەكی بەشی هونەری شێوەكاری، لە دیدارێكی (باسكورد)دا دەڵێت: "لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە هیچ جیاوازی لەنێوان ئافرەت و پیاواندا نییە، بەڵكوو گرنگ پێشكەشكردنی خزمەتە بە كۆمەڵگە، هیچ شتێكیش مەحاڵ نییە، ئەگەر مرۆڤ باوەڕی بە تواناكانی خۆی هەبێت.“

 كچە هونەرمەند و شێوەكار مینا عەبدوڵا مزووری، دانیشتووی شاری سۆران، بە (باسكورد)ی راگەیاند: "لە ژیاندا هەر مرۆڤێك خولیا و ئاواتێكی تایبەت بە خۆی هەیە، منیش هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەز و خولیایەكی زۆرم بۆ هونەری وێنەكێشان هەبووە، بەمەش توانیم هەر زوو بەهرە و تواناكانم بەدەر بخەم، هەر ئەمەش وایكرد دوای تێپەڕاندنی قۆناغەكانی بنەڕەتی و ناوەندی، رووبكەمە بەشی شێوەكاریی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی رواندز، خۆشبەختانە توانیم بەسەركەوتوانە ئەو بەشە تەواو بكەم و لەوێ‌ بڕوانامەی پەیمانگە بەدەست بهێنم."

 گوتیشی: "لە ئەنجامی پێنج ساڵەی خوێندنەكەم لە پەیمانگا، توانیم بە هاوكاریی مامۆستاكانم دەیان تابلۆی شێوەكاری بكێشم و بەشدارییش لە چەندین چالاكیی هونەری و ڕۆشنبیریدا بكەم، تابلۆكانیشم جۆراوجۆر بوون، وەك نەخش و هێما و دروشمەكانی كوردستان و كەسایەتییە ناودارەكان و وێنەی سروشت و كولتووری كوردی و چەندان تابلۆی دیكەی جیاواز، كە لە كاتی كردنەوەی پیشانگا و چالاكییەكاندا بوونەتە مایەی دەستخۆشیی ئامادەبوان."

 دەشڵێت: " ئەوەی بۆ منیش جێگەی شانازی بووە، جگەلەوەی دایك و باوك و ئەندامانی خێزانەكەمان لە پێشوەچوونی كارە هونەرییەكانم بەردەوام پاڵپشتییان كردووم، لە هەمانكاتیشدا شانازییە بۆم، باوكم بە خەباتی پێشمەرگەیاتیی و چەكی شانی و منیش لە ڕێگەی پێنووس و فڵچە و هونەرەكەمەوە خزمەت بە گەل و نیشتمانەكەمان دەكەین و بەردەوامیش دەبین."

 كچە هونەرمەند و شێوەكار مینا عەبدوڵا مزووری، دڵخۆشیی خۆیشی دەربڕی لەوەی، كە ئەگەرچی پێشتر وەك قوتابییەك لە قوتابخانە و پەیمانگە لەژێر وانەی مامۆستاكانی كار و چالاكییە هونەرییەكانی دەرخستووە و لەژێر دەستی ئەوانەوە زیاتر فێری ئەم بەهرە بووە، كەچی ئێستا خۆی بووەتە مامۆستای بەشی هونەر و لە قوتابخانەكەی وانەی هونەر بە قوتابییان دەڵێتەوە."

 لە دوا قسەكانیدا، مینا عەبدوڵا مزووری، دەڵێت: "لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان، هیچ جیاوازی لەنێوان ئافرەت و پیاواندا نییە، بەڵكوو گرنگ پێشكەشكردنی خزمەتە بە كۆمەڵگە، هیچ شتێكیش مەحاڵ نییە، ئەگەر مرۆڤ باوەڕی بە تواناكانی خۆی هەبێت، بەدڵنیاییەوە ڕۆژێك دێت بە خواست و ئامانجەكانی بگات.“