بنەماڵەی كاكی هیران و نازانین لە سنووری قەزای شەقڵاوە، جگەلەوەی خانەدان و خاوەن تەكیە و خانەقان، لەهەمانكاتدا لە مێژوویەكی كۆنەوە تا ئێستاش بایەخیان بە بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری داوە و چەندین شاعیر و نووسەریان تیادا هەڵكەوتووە.
لەمبارەیەوە، هانا كاكی هیرانی، نووسەر و یەكێك لە نەوەكانی كاكی هیرانی، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: ”ئەدەبی كۆنی كوردی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا، بە تەكیە و خانەقا و حوجرەكانەوە گرێ دراوە، هەر بۆیە ئەدەبی ئەم قۆناغە دوورودرێژەی نەتەوەی كورد بە قۆناغی ئەدەبی حوجرە دادەنرێ.“
هەروەك حوجرە و خانەقا و تەكیەكانی كوردستانیش، ناوەندی پێگەیاندنی زانا و ئەدیبان بوونە و تەكیەی كاكی هیرانیش، یەكێك لەم ناوەندە گرنگانەیە، كە بەدرێژایی چەند سەدەیەك، كۆمەڵێك زانا و ئەدیب و شاعیری ناوداری پێشكەش بە مێژووی ئەدەبی كوردیی كردووە، وەكوو سانی، سافی، سەفوەت، مەزڵووم، خەزان، وریا، سۆزی و... كە بەهرە و سەلیقە و هزر و خەیاڵیان لە مەیدانی ئەدەبدا پەروەردە بووە و بەرهەمی نایابیان پێشكەش بە ئەدەبی كوردیی كردووە.
گوتیشی: ”ئەمجارەش بە لوتف و هەوڵ و هیممەت و هاوكاریی (د. فەرهاد بەرەكەیی)، دیوانی (سۆزی) شێخ عەبدولقادری كوڕی كاك موستەفا (سافی هیرانی)مان بە چاپ گەیشت و بڵاو دەكرێتەوە، كە ئەم دیوانە كۆمەڵە كەسێكی دڵسۆزی لەپشت بووە، بەتایبەت (هۆزان شێخ مەزهەر هیرانی) ئەركی بە چاپ گەیاندنی ئەم دیوانەی لەئەستۆ گرتووە، كچەكانی سۆزی شاعیر بە پێدانی زانیاریی پێویست لەسەر ژیانی باوكیان، بەتایبەت (شنە عەبدولقادری هیرانی)، كە دیوانە شیعری باوكی لە فەوتان ڕزگار كردووە و پێشكەشی تەكیەی كاكی هیرانی كردووە، هەرەها مامۆستای دڵسۆز ئیبراهیم خەلیل و نیاز مەستی و هاوتا شێخ نەوزاد شێخ جونەید، كە بەردەوام لە خزمەت ئەم كارەدا بوونە، تا ئەوكاتەی دیوانەكە بە چاپ گەیشتووە.“
ئەوەشی خستەڕوو: ”ئەم دیوانەمان لەگەڵ دیوانی خەزان و دیوانی وریا لە كۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سافی هیرانی دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران.“