ئالان هادی، هونه‌رمه‌ندی بواری دراما و شانۆ، كه چه‌ندین ڕۆڵی له زنجیره‌دراما و كورته‌فلیمەكان بینیوە و یەكێك لە ڕۆڵە گرنگەكانی له‌سه‌ر زاری بینه‌ران كاره‌كته‌ری (حه‌مه‌خدر) بوو له زنجیرەدرامای (به‌خته‌باران)دا، له‌سه‌ر كۆی كار و چالاكییه هونه‌رییه‌كان (باسکورد) دیدارێكی له‌گه‌ڵ ساز كرد:
(باسکورد): به كێ ده‌ڵێن ئه‌ستێره‌ی شاشه و ده‌بێ كام قۆناغی له هونه‌ردا تێپه‌ڕاندبێ؟
ئالان هادی: بوون بە ئه‌ستێره لە هەر بوارێکی هونەریدا ئەزموون دروستی دەکات و رێگەی گرنگی هەیە، کارکردنی بەردەوام ده‌تکات به ئەستێرە.
(باسکورد): مه‌رجه ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێته ئه‌كته‌ری دراما و سینەما، شانۆ وه‌ك یه‌كه‌م وێستگه‌ی بێت له ژیانی هونه‌رییدا؟
ئالان هادی: بۆ دروستکردنی ئەکتەر، پێوستی بە ماندووبوونی زۆر هەیە، به‌تایبه‌ت بۆ گەیشتن بە هونەری نواندن، به‌ڵام هونەری شانۆ رێگە ڕاستەکەیه و زۆر یارمەتیت ده‌دات.
(باسکورد): چیرۆك و سیناریۆی ئه‌و به‌رهه‌مه كوردییانه‌ی ئێستا وه‌ك دراما له كه‌ناڵه كوردییه‌كان په‌خش ده‌كرێن، تا چه‌ند له ناوه‌ڕۆك و نواندنه‌كه‌یان ڕازیت؟
ئالان هادی: پێم وابێت هەرچی چیرۆکی تایبەت بە کو‌لتوور و نەتەوە نزیک رۆحی خۆمان بێت، پشتگیریی دەکەم، ئەوەی ئێستا بووەتە گرفت ئەوەیە، چنین و پێکەوەبەستنی ڕووداوەکان لاوازن، ئەمە وا دەکات کرچ‌وکاڵ بن، دەنا ئەوپەڕی دڵخۆشم كە لە ڕابردووەوە هەتا ئێستا هەوڵی جوان و گرنگ هەیە بۆ پێشخستنی درامای كوردی سەرەڕای بوونی دەیان کێشە.
(باسکورد): ئایا بووە له درامایه‌كدا به‌شدار بووبیت و ئێستا له ڕۆڵه‌كەی په‌شیمانی بیت؟
ئالان هادی: لە هیچ کارێکم پەشیمان نیم، کارەکان دروستیان کردووم، پێش دەستپێکردن ئەزانم چ کارێک هەڵبژێرم.
(باسکورد): دەپرسین بۆچی لە تەواوی ئەو ڕۆڵانەی لە بواری نواندن بینیوتن، ده‌گوترێت حەمەخدر لای بینەر بووە بە پاشناو؟
ئالان هادی: کاره‌کتەری حەمەخدر لە زنجیره‌درامای (بەختەباران) جیاواز بوو، لە رووی بینای درامی ڕۆڵبینین لە چوار کاره‌کتەری جیاواز و بنیاتنانی ڕۆڵەکان بووه، پاشان لە ڕووی ئەداکردن و چیرۆکی سەرنجڕاکێش بووه بۆ چاوی بینەر.
(باسکورد): ده‌پرسین ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می كۆكردنه‌وه‌ی بینه‌ری له‌ده‌وری شانۆ، ئه‌وه‌نده خه‌می درامات نییه، بۆچی؟
ئالان هادی: شانۆ یەکەم ڕێگەی شادبوونم بوو بۆ کاری نواندن، هەر بۆیە ئەو مافە به خۆم ئه‌دەم، كه خەمی بینەرەکەم بێت، بەڵام بینەری دراماش مافی خۆیەتی خەمخۆر بێت، تا کارێکی بۆ بکەیت و لەدەستی نەدەیت، شانۆ و نواندن خەمی سەره‌کییمە و هەمیشە ئەیانپارێزم.
(باسکورد): وه‌ك ئاشكرایە یه‌كێكی له كاره‌كته‌ری نێو زنجیره‌درامای (باڵه‌خانه)، ئایا ناوه‌ڕۆكی ئه‌م درامایه چییه؟
ئالان هادی: به‌ڵێ وەک ئەکتەرێك له درامای(باڵه‌خانه) تێیدا بەشدار بووم، كه به چه‌ند وه‌رزێكدا ده‌ڕوات، ئێستا وه‌رزی یه‌كه‌می كۆتایی هاتووه و ئاماده‌یه بۆ په‌خشكردن، سیناریۆی وه‌رزی دووه‌میش ئاماده‌یه، به‌ڵام نه‌چووەته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م درامایه باس له ڕه‌گی چینایه‌تی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و یاسایی ده‌كات، به‌تایبه‌تی له كێشه‌ی چینایه‌تی و سه‌رده‌می مۆدێرنی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی ئێستا.
(باسکورد): بۆ له بواری درامادا كاری نوێتان نییه؟ ئایا هۆكاره‌كه چییه؟
ئالان هادی: وه‌ك له‌پێشه‌وه ئاماژه‌م پێی كرد، کاری نوێم زنجیره‌درامای (باڵەخانە) بوو، لەدوای ئەو کارە، کاری دیكەم نەبووە.
(باسکورد): ئه‌ی له بواری شانۆ به‌رهه‌م و پڕۆژه‌ی نوێت چییه؟
ئالان هادی: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لە شانۆگه‌ریی (بێتاوانی و سزا)، وەک ئەکتەر بەشدار بووم و نماییش کرا.
(باسکورد): له كۆتاییدا چ په‌یامێك بۆ خوێنەرانی (باس‌نیوز) هه‌یه؟
ئالان هادی: خۆشەویستی و ڕێزم هەیە بۆ خوێنەرانی ئازیزی (باسکورد)