لەم دیدار و گفتوگۆیەدا لهگهڵ (باسکورد)، ئومێد كهمال، هونهرمهندی بواری شانۆ و دراما و سینارست و دهرهێنهر، یهكهم وێستگهی چوونه ناو كاری هونهریی خۆی بۆ ئێمه و خوێنهران ئاشكرا دهكات، ئەو تا ئێستا کاری نووسین و دەرهێنانی بۆ زیاتر له 40 کاری شانۆیی کردووە. ئهو گوتی: ”سەیركردنی دراما و فیلمە جیهانییەکان منیان گەیانده ئەم قۆناغەی ئێستا.“
ئومێد كهمال، هونهرمهند سینارست و دهرهێنهر، له ساڵی 1987 لەدایک بووه، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە پیرەمەگروون تەواو کردووە، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدینه، بەشی شانۆ - لقی نواندن و دەرهێنان. ساڵی 2002 دەستی بە کاری نووسینی شیعر کردووە، دواتر نووسینی شانۆ و چیرۆک و دراما. ساڵی 2003 یەکەم کاری شانۆیی وەک نواندن کردووە، زیاتر له 40 کاری شانۆیی کردووە، نووسەری ئەم درامایانە بووە (قاقا، تازەباو، سەمەرە، کۆشکی هەنار) كه بۆ کەناڵی (کوردسات) بهرههمی هێناوه. نووسەر و دەرهێنەری (درامای ئاسەوار) و بەرنامەی تەنزی کۆمیدیی (مقۆمقۆ )بووە كه بۆ ماوەی سێ ساڵ لە کەناڵی (سپێدە) بەردەوام بوو.
(باسکورد): تهمهنێكی كهم، بهڵام ههگبهیهك له نووسین و دهرهێنان بۆ دراما، ئهمه چۆن بوو؟
ئومێد كهمال: هەوڵدانی زۆر و باوەڕ بەخۆبوون، بەردەوام ئەزموون له ڕێگای خوێندنەوەی زۆر و سەیرکردنی زۆربەی دراما و فیلمە جیهانییەکان، منیان گەیانده ئەم قۆناغەی ئێستا، لە تەمەنی پازدە بۆ شازدە ساڵی هەوڵی نووسینم ئەدا، سەردانی زۆربەی تەلەڤزیۆنەکانی ئەو کاتەم ئەکرد، تا هاوکارم بن بۆ کاری دراما و نووسینەکانم، سوپاس بۆ خوا هەوڵەکانم بێئەنجام نەبوون. ئهگەرچی هێشتا هیوای زۆرم ماوە بتوانم قۆناغی دیكە ببڕم، ئەویش پشتیوان بە خوا ئەگەر تەمەن بمێنێ بەردەوام دەبم.
(باسکورد): هیچ باكگراوندێكی هونهری لهنێو خانهوادهكهتاندا ههبوو، كه تۆی هان دابێت بێیته ناو بواری هونهری؟
ئومێد كهمال: من لەناو خێزانێکی جووتیار پەروەردە بووم، تاکە کەسم لەنێو بنەماڵەکەمدا ئەو ڕێگایەم هەڵبژارد، پاڵنەری من بۆ هونەر خوێندنەوە و هەستکردن بوو.
(باسکورد): دهگوترێ نووسینی درامای سهمهره خاوهندارێتیی بۆ تۆ دهگهڕێتهوه، ویستت لهو ڕێگایهوه چی به كۆمهڵگا بڵێی؟
ئومێد كهمال: سەرجەم ئەو کارانەی کردوومن، پەیامی خۆیان لەپشت بووە، هەمیشە گەڕاوم تا بە فۆڕمێکی سادە پەیامێکی گشتگیر و پڕمانا بگەیەنمە بینەران. زنجیرەدرامای (سەمەرە) یەکێک بوو لەو درامایانە. یەکەمین زنجیرەدرامای درێژی کۆمیدی بوو، جگە لەوەی هەر زنجیرەیەکی ڕووداو و چیرۆکێکی تایبەتی تیادا بوو، دوور بوو لە دووبارەبوونەوەی بابەتەکانی پێشوو، کە پەیامێکی کۆمەڵایەتیی پێ بوو، لەناو چیرۆکێکی پڕ له ڕووداوی ڕۆژانە و سەرکەوتنی حەق بەسەر ناحەق و هێڵێکی دیكەی دراماکە پۆلیسی بوو، گوتمان هەمیشە هێزێک، یان یاسایەک هەیە بەدوای تاوانبارانەوەیه، هەریەکەی باجی باشی و خراپیی خۆی ئەدات.
(باسکورد): جگه لهوهی له بواری نووسین و سینارست بۆ دراما ڕۆڵێكی بهرچاوت ههیه، له ههمان كاتدا سهرپهرشتیی تیپی شانۆی پیرهمهگروونیت، پێڕادەگەیت؟
ئومێد كهمال: شانۆ و خولیا و ئاواتی خۆم بوو، کە هەر لەو بوارەدا بڕاوانامەی زانکۆم بەدەست هێنا، له کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، لقی نواندن و دەرهێنان، لە تیپەکەماندا ساڵانە کاری شانۆییمان هەیە و لە زۆربەی فێستیڤاڵە شانۆییەکان بەشداری ئەکەین کە ساڵی 2004 ئەم تیپەمان دامەزراندووە.
(باسکورد): دنیابینیی تۆ زیاتر بۆ شانۆ، یان كاری دراما؟
ئومێد كهمال: لای من هەردووکیان چڵی درەختێکن، زۆر جار ئەو پەیام و بیرۆکانەی هەمە بۆ شانۆ گونجاون، زۆر جار بیرۆکەکان بۆ دراما گونجاون. دراما میوانی هەموو ماڵەکانە، زێتر لە شانۆ بینەری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا شانۆ ئاوێنەیەکە بۆ پیشاندانەوەی دیوی ناوەوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
(باسکورد): جاد، یان كۆمیدیا، كامیان ڕێگا ڕاستهكهی هونهره؟
ئومێد كهمال: هەموو کارێکی هونەری جدییە، کۆمیدیا و جاد ئەبێ هەردووکیان ناوەڕۆک و پەیامی هونەریی بەرزیان هەبێ، زۆربەی کارە کۆمیدییەکانم پڕن لە تراژیدیا.
(باسکورد): به كێ دهڵێن ئهستێرهی شاشه و دهبێ كام قۆناغی له هونهردا تێپهڕاندبێ؟
ئومێد كهمال: لای من هەرکەس عەشق کارەکەی خۆی بێت و هونەر بۆ هونەر بکات دەبێتە ئەستێرە. پێش ناوبانگ ئەبێ هونەرمەند لەگەڵ خۆی و کارەکەی ڕاستگۆ بێت، تا بینەریش ڕاستگۆیانە دانی پێدا بنێت.
(باسکورد): كێ سپۆنسەری كارهكان دهكات؟
ئومێد كهمال: ماوەی سێ ساڵ و نیو لەگەڵ ناوەندی هونەریی (زەنێ) کارم کرد، کە زیاتر ئەوان بەرهەمهێنەری کارەکان بوون، بۆ کەناڵی (کوردسات) و (سپێده) ئەزموونێکی بەسوودمان تێپەڕاند، کە بەرهەمەکەی چوار دراما و بەرنامەیەکی کۆمیدی بوو کە لەسەرەوە باسم کرد.
(باسکورد): كۆمیدیا واته پێكهنین؟
ئومێد كهمال: کۆمیدیا واتە پێکەنین، کە بەپێی جۆرەکانی کۆمیدیا ئەگۆڕێت، مەرجیش نییە بینەر بە وشە بە وشە و سەرجەم جووڵەکان پێبکەنێت.
(باسکورد): ئایا ههموو ئهكتهرێك دهتوانێت خۆی له دنیای كۆمیدیا ببینێتهوه؟
ئومێد كهمال: مەرج نییە ئەکتەر له هەردوو بوارەکە سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئەگەر بتوانێت كه ئەوە توانایەکی بەرزی ئەوێت، ئەکتەرە کۆمیدیاکانی ئێمە بەشێکی زۆریان لایەنی سروشتیی خۆیان کۆمیدیە، ئەمە لە زۆر وڵاتی دیكه هەیە کە فیگەرێکی کۆمیدیان هەیە، بەڵام ئەمە بەس نیە بۆ کۆمیدی بوون، بەڵکوو توانای ئەکتەر بۆ بەکارهێنانی جەستە و دەنگ و ڕوخساری هۆکارێکی دیكە بۆ سەرکەوتن.
(باسکورد): پڕۆژهی نوێت چییه؟
ئومێد كهمال: من بەردەوامم لە نووسین و چەند درامایەکم ئامادەن بۆ بەرهەمهێنان، بە هیوام تەمەن بمێنێت و خوا پشتیوان بێ پێشکەشی بینەرانی بکەین، لەوانە زنجیرەدرامای (مەملەکەتی میران، سۆراغ، بەختی بێبەختەکە، شوکر و سابیر، سێبەری ڕابردوو) و لەگەڵ تیپەکەشم بەردەوامین لە کاری شانۆیی.
(باسکورد): چ پهیامێكت ههیه بۆ خوێنەرانی (باسکورد)؟
ئومێد كهمال: سوپاس بۆ (باسکورد) سوپاس بۆ ئەوەی گرنگی بە هونەر و هونەرمەندان ئەدەن، لە هیج کارێکم پەشیمان نیم، کارەکان دروستیان کردووم.