هونەرمەند زیاد كەریم: لە ئەدیابیندا ڕاستگۆیانە رۆڵی سەلوان پاشام بەرجەستە كرد

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

هونەرمەند زیاد كەریم: لە ئەدیابیندا ڕاستگۆیانە رۆڵی سەلوان پاشام بەرجەستە كرد

هونەرمەند زیاد کەریم، كە یەكێك بوو لە كاراكتەرە سەرەكییەكانی زنجیرەرامای (ئەدیابین)ی (كوردستانTV) كە لە مانگی رەمەزاندا پێشكەش كرا، لەدایکبووی شاری هەولێر (1979) دەرچووی پەیمانگا و کۆلیژی هونەرە جوانەکان بەشی شانۆ، دامەزرێنەری تیپی شانۆی تارینە، ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامووسانی جیهانە، خزمەتی زیاتر لە 30 ساڵی ڕاگەیاندن هەیە، شاعیر و نووسەر، رۆڵی لە چەندین دەقی شانۆی خۆماڵی بینیوە، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ڕۆشنبیریی زانکۆکانی جیهانە، بەرپرسی چالاکیی قوتابخانەکانی پەروەردەی دەوروبەری هەولێریشە، لە دیدارێکی تایبەت بە (باسکورد) وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە:

(باسنیوز): لە نواندنی شانۆوە بۆ دراما، چۆن توانیت ڕۆڵەكەت بەرجەستە بكەیت، بۆ تۆ سەخت نەبوو؟

زیاد کەریم: بە پێچەوانەوە زۆر سانا بوو بۆم، بۆیە كاتێك (حەسەن عەلی)ی دەرهێنەر منی دەستنیشان كرد بۆ ڕۆڵی سەلوان، بێ دوودڵی ڕەزامەندیم نیشان دا ، دەزانی بۆ؟ لەبەرئەوەی یەكەم هەستم كرد كارەكتەری سەلوان خۆمم، دووەمیش نواندنی سەخت لە شانۆدایە نەك دراما، من بە درێژایی ٩ ساڵی خوێندنی ئەكادیمی ڕۆژانە ڕاهێنانی شانۆییم لەسەر جەستە و دەنگ و بارە دەروونیەكان كردووە، بۆیە دەڵێم نواندنی سەخت شانۆیە، چونكە لە شانۆ بەرامبەر بینەرێكی زۆر نواندنم كردووە ئەوكات نە هەڵەكردن، نە دووبارەكردنەوەی دیالۆگ، نە دەربڕینی حاڵەتەكان نەبووە، بەڵام لە تۆماری دراما، بڕین و كەت و دووبارە هەیە، دەتوانی دووبارە خۆتی بۆ ساز كەیەوە، دواتر بۆ دەرهێنەریش ساناترە مامەڵە لەگەڵ ئەكتەرێك بكات پێشووتر شانۆكار بووبێت، بۆیە بێ ترس و دوودڵی بەرامبەر كامیرا دەوەستام و نواندنی خۆم دەكرد، چ بە تەنیا چ لەگەڵ ئایشێ و كارئەكتەرانی تری ئادیابین.

(باسکورد): سەلوان و ئایشێ بەیەك گەیشتن، ئەم شێوازە لە خۆشەویستی لە كۆمەڵگەی كوردی، بەربەستی زۆری هاتوونەتە پێش، لەم بەیەكگەیشتنە چ پەیامێكتان هەبوو؟

زیاد کەریم: لە كۆمەڵگای كوردی سەدان چیرۆكی هاوشێوەی سەلوان و ئایشێ هەن، بەر دڵڕەقیی قەدەر كەوتوون، سەرەنجام بۆ یەك نەبوون، هەریەك لە لایەك بە ناچاری دەستی بەختەوەرییان بەرداوە و بە نابەدڵی لەگەڵ كەسێكی تر ژیاون، بەڵام لە ئادیابین نووسەر بە هەموانی گوت، (خۆشەویستان دەبێ بگەن بە یەك سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەكان) بۆیە من پێموایە ژیان بە خۆشەویستی وەك گەیشتنی شەپۆڵە بە كەنار، وەك جوانیی مانگ و ئەستێرەیە، وەك شنەبا و گەڵای درەختە، پەیام و مانایەكی تر هەیە لە ژیانی خۆشەویستاندا، بەیەكگەیشتنی سەلوان و ئایشێ، پەیامێكی ئاشكرا و جوان بوو بۆ دایك و باوك و برا و كەسوكار كە كەسێك لە دەرگاوە هاتە ژوورەوە داوای دەستی كچەكەتانی كرد، ئێوەش ڕێگرییان لێ مەكەن و بەربەستیان بۆ دروست مەكەن، تەمەن مەكەنە پێوەر، وەك مومتاز پاشا دەستی هەردووكیان بگرن و بیانخەنە ناو دەستی یەكتر، سەلوان و ئایشێ نموونەی دوو خۆشەویستی پاك و ڕاستگۆ و جوان بوون لەناو كۆمەڵگا دوای ١٥ساڵ خۆشەویستی كۆڵیان نەدا تا گەیشتن بە یەك، دوای تەواوبونی دراماكە كوڕ و كچێكی زۆر پەیوەندییان بە من و ئایشێ كردووە كە هەمان چیرۆكی ئێمەیان هەبووە، بەڵام نەگەیشتوون بە یەك یان چاوەڕوانن، لێرەوە بۆمان دەردەكەوێ كارەكتەری وەك ئێمە زۆرن لەناو كۆمەڵگا، گوناهەكەیان ئەوەیە یەكتریان خۆش دەوێ لێناگەڕێن بۆ یەك بن.

 

(باسکورد): لەنێوان زیاد كەریم و سەلوان پاشا، عەشق تەنیا نواندن بوو؟

 

زیاد کەریم: نەخێر بەپێچەوانەوە، ڕاستگۆیانە كارەكتەری سەلوان پاشام بەرجەستە كرد، من لەگەڵ عەشقدا ئاوێزان بوومە چووەتە ناو شادەمارەكانی خوێنمەوە، عەشقم بۆ هەموو شتێك هەیە (پیشەكەم، هاوڕێكانم، جوانترین كەسی ژیانم، خانەوادەم، ئازیزانم) هەر مرۆڤێك عەشق هەوێنی  ژیانی نەبێت سەركەوتوو نابێت، هەندێ جاریش هیچ لەگەڵ قەدەر ناكرێت كە دەبێتە كۆسپ لەبەردەم گەیشتن بە خۆشەویستەكەت، بە پلەی یەك رێگریی كەسوكار خۆشەویستانی هاڕیوە و ورد و خاشی كردوون، وەك خۆم و سەلوان ئەو عەشقە لەگەڵمان باڵا دەكات لەگەڵ یەك دەسازێین.

 

(باسکورد): دوایین بەشدارییت لە شانۆ، بینینی ڕۆڵی هۆراشیۆ بوو لە شانۆگەریی هاملێتی ولیەم شكسبیر، ئایا شانۆ یان دراما هەڵدەبژێریت لە داهاتوودا؟

 

زیاد کەریم: ناكرێ لەنێوان جلی ماڵەوە و جلی دەرەوە یەكێكیان هەڵبژێریت و بیكەی بە جلی ڕۆژانە، لەبەرئەوەی هەریەكە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ناتوانی بە جلی ماڵەوە بچیە دەرەوە و بە جلی دەرەوە لە ماڵەوە بیت. شانۆ بینەر و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، ڕاهێنانی زیاتری پێویستە، داهێنانی زیاتری تێدا دەكرێ، بە هەمان شێوە دراماش پێویست و زەروورە بۆ ئەكتەر، كە هەموو حاڵەتەكان لە چاوی كامیرا كۆ بكاتەوە، هونەرمەندی شانۆ ناكرێ وەكوو دەرزی تەنها دروومان بكات و خۆی گۆشەگیر بكات لە گۆشەیەكی هونەردا، دەبێ ئەو پێویستییانە پڕ بكاتەوە كە دەكەوێتە سەری، بۆیە دەبێ گۆشەنیگای تر هەڵبژێرێ، دراماش وەك هونەر بخاتە چوارچێوەی كارە هونەرییەكانی، بۆیە هەردووكیان لای من بژارەن."

 

(باسکورد): ئادیابین بەشی تری ماوە، ئایا لە بەشەكانی تر بەشدار دەبیت؟

 

زیاد کەریم: لە دوایین ئەڵقەی دراماكە لە تایتلی كۆتایی  نووسرابوو (چاوەڕوانی بەشی دووەم بن) كەواتە ئادیابین سیزنی تریشی هەیە، سەبارەت بە بەشداریكردن و ڕۆڵبینینی منیش لە بەشی دووەمدا، دەمێنێتەوە سەر دەرهێنەر رووداوەكان بە چ ئاقارێك دەبات، بەڵام لە دوایین ئەڵقە دەرهێنەر هەموو ئەو ئەكتەرانەی لەسەر سفرەیەك كۆ كردەوە كە پێویستن بۆ درێژەدانی ململانێكانی داهاتوو.

 

(باسکورد) لە ئادیابین یەك ئایكۆنی ئایینی و نەتەوەیی هەبوو، كەچی سێ ئایكۆنی خۆشەویستی هەبوو، بە ڕای تۆ بۆچی؟

 

زیاد کەریم: ڕاستە هەر ئایكۆنێك، هێڵی تایبەتی خۆی هەبوو، ئایین صراط المستقیمە، نەتەوە یەك ئامانجە، بەڵام خۆشەویستی یەك روخسار و یەك چیرۆكی نیە، لە هەرسێ چیرۆكیشدا ئافرەتی كورد پاڵەوانە، بوێری دەربڕینی هەیە كە بەداخەوە لەو سەردەمەدا ئەو بوێرییە كەم بووەتەوە، لە ئایكۆنی فەرهاد و نەرمین ئەوە نەرمینە دەرگای گفتوگۆ دەكاتەوە، بەڵام رووە جیاوازییەكەی بەیەك گەیشتنە كە هەڵگرتنە، لە ئایكۆنی عەزیز و سەعدییە، ئەوە سەعدییەیە كە ڕازی دڵی خۆی بۆ عەزیزی پڕ لە گرێی دەروونی باس دەكات، چێژێكی نیشان داین كە خۆشەویستی لەنێو هەژاران زۆر بەئازارە، سەبارەت بە ئایكۆنی من و ئایشێ، خۆشەویستی ١٥ساڵە بە نەمری مایەوە، هەرچەندە سەلوان ژیانی هاوسەرگیریی پێكهێنابوو، بەڵام لەبەرئەوەی خۆشەویستی نەبوو، ژیان  دروست نەبوو، بۆیە دواجار هەر ئایشێی خواست، ڕێگا ڕاستەكەی هەڵبژارد كە خۆشەویستی بوو، بۆیە نموونەی وەك سەلوان و ئایشێ زۆرن لە كۆمەڵگا، كە وەك ئێمە نەگەیشتن بە یەك، ئەوان خەونەكانیان لە گۆڕ نرا.