هونەرمەندە جزیرییەکە لەپێناو تۆمارکرنی گۆرانییەکانی بەرەو بەغدا کۆچ دەکات

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

هونەرمەندە جزیرییەکە لەپێناو تۆمارکرنی گۆرانییەکانی بەرەو بەغدا کۆچ دەکات

مریەم خان، ناوی تەواوی (مەریەم محەمەد ئەحمەد)ە، لە ساڵی 1904 لە گوندی دێرگولی لە جزیرەی بۆتان لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. مریەم خان یەکەمین ژنە گۆرانیبێژی کوردە، کە گۆرانییەکانی لەسەر قەوان (گرامافۆن) تۆمار کراوە.

 ئەم هونەرمەندە هەمیشە سەری بە لەچک بەستووە، ئەمەیش یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی، کە هەر لە کۆنەوە تا ئێستا لەناو خێڵە کۆچبەرییەکانی باکوور و خۆرئاوای کوردستان و هەندێ ناوچەی (شنگال)دا ئەم شێوازی سەر بەستنە باوە.

 مریەم خان ژیانی منداڵیی لە شاری دیاربەکر بەسەر بردووە، لە ساڵی 1914، کاتێ جەنگی یەکەمی جیهانی هەڵگیرساوە، ژیانی ناوچەکەیان ئاڵۆز بووە، تووشی کارەساتی ژیان و گوزەران بوون، بۆیە خەڵکی ناوچەکە زۆربەیان روویان کردووەتە کوردستانی باشوور و وڵاتی شام.

 ئەو کچە دەنگخۆشە لەسەرەتادا دەچێتە سووریا و ماوەیەک لە دیمەشق دەژی، لە ساڵی 1924 دێتە باشووری کوردستان و بۆ ماوەیەک لە زاخۆ نیشتەجێ دەبێت. کاتێک کۆمپانیای تۆماری دەنگی لەسەر قەوان لە شاری بەغدا دادەمەزرێت، مریەم خانی هونەرمەند دەچێتە بەغدا و لە ساڵی 1930 چەند لاوک و بەستەیەکی لەسەر قەوان لە کۆمپانیاکانی (ئۆدین و بەیزافۆن) تۆمار دەکات، وەکوو: (لۆرکێ لۆرکێ، گوڵی وەی نار وەی نارێ، هەی بەردە بەردە، لێلێ وەسۆ، گوڵ شێنی شێنی، یار حەلیمێ، محەمەدێ ڕۆمی، لێلێ ئێمۆ، لێ دایێ، لێلێ سوارۆ، ئەی دەلال، مێرەمێ..).

 مریەم خان لەگەڵ هونەرمەندەکانی کورد (محەمەد عارف جزیری، حەسەن جەزراوی، ئەڵماس محەمەد،..) چەپکێک گۆرانیی گوتووە.

 جگە لە سترانەکانی سەر قەوان، بە دەیان لاوک و بەستەی کوردی لە ئاهەنگی گۆرانی رایستەوخۆ لە ئێزگەی رادیۆی کوردیی بەغدا چڕیوە.

 مریەمی دەنگخۆش لە ساڵی 1949 بەهۆی نەخۆشییەکی کوشندەوە لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە.

 مریەم خان گۆرانیبێژێکی دێرینی کوردە، کە بەدرێژایی ئەو ساڵانەی وەک هونەرمەندێکی ڕەسەن و دەنگخۆش ناسرابوو، توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاوی هونەر و میوزیکی کوردی بکات.