فەتانە وەلیدی ناوی تەواوی( فەتانە محەمەد شەریف وەلیدی)یە لە ساڵی 1953 لە بنەماڵەیەکی هونەرمەندی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.
هەر لە منداڵیەوە خولیای مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی بووە و توانی ببێتە یەکێک لە ژنە رێچکە شکێنەکان لە هونەر و مۆسیقای کوردی.
باوکی فەتانە، ژەنیاری ئامێری مۆسیقای ڤیۆڵۆن بووە، فەتانە لە تەمەنی 7 ساڵیەوە گۆرانی گوتووە و لە رادیۆی سنە تۆمار و بڵاوی کردووەتەوە، هەروەها لە خوێندنگەی باڵای میوزیک لە تاران خوێندوویەتی. ئەو لە ساڵی 1970لەگەڵ حەسەن کامکارو محەممەد شەریف وەلیدی (باوکی خۆی)، ئاشنای جیهانی مۆسیقا دەبێت.
فەتانە لەسەردەمی گەنجیی و چالاکیی هونەریی، خاوەنی 56 گۆرانی تایبەت بەخۆیەتی کە لە رادیۆی سنە و کرماشان پێشکەشی کردووە، بەڵام بەداخەوە لەو هەموو کارە هونەرییە تەنها ئەلبوومێکی تۆمار کراوە و ئەوانیتر تۆمار نەکراون.
ژنە هونەرمەندە گۆرانی بێژەکە، سەڕنجی ژەنیاران و موزیکزانە بەناوبانگەکان وەک گریتا میکاییلزادە و موجتەبا میرزادە بۆ خۆی راکێشاوە.
فەتانە یەکێک لە یەکەمین گۆڕانیبێژەکانی ژنی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە دواتر بووە ئیلهام بەخشی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ژن و تەنانەت پیاوی تر لە کوردستان.
چەندین چیرۆک هەیە سەبارەت بە دوورکەوتنەوەی ئەم هونەرمەندە لە دونیای هونەر کە دیارترینیان چیرۆکی خۆشەویستییەکەیتی کە بووەتە هۆی خراپی دۆخی دەروونی.
ئەم هونەرمەندە لە تەمەنی 70 ساڵیدا لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.