سیاهگل، گاومیشان، یان گاە میشان، پەرەستگەیەکی کۆنی ئایینیی زەردەشتیی تایبەت بە سەردەمی ساسانییەکانە، کە دەکەوێتە شاری ئیڤان، لە گوندی سەرتەنگ لە پارێزگای ئیلام. ئەم ئاتەشكەدەیە دەکەوێتە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە گوندی سەرتەنگ سەفلی و لەکەناری ڕووباری گەنگیر.
ئەم شوێنەوارە ئایینییە پەنجەرەیەکی چوارگۆشەی هەیە، کە قەبارەکەی ٥x٥ مەتر و بەرزییەکەی نزیکەی ١٠ مەتر دەبێت. تیرەی دیوارەکانی یەک مەترە، چاڵێکی ئاگرینی هەیە و لە بەشی سەرەوەشدا کون هەیە، کە ڕەنگە بۆ دەردانی دووکەڵی ئاگر بەکار بهێنرێت. ئەم بینایە لە بەرد و گەچ دروست کراوە و تەلارسازییەکەی پەیوەندیی بە سەردەمی ساسانییەکانەوە هەیە.
ئاتەشكەدەکە دەکەوێتە کەناری باشووری ڕووباری (گەنگیر)، بەدووریی نزیکەی ٧٠٠ مەتر لێیەوە و كەوتووەتە دەشتێکی بچووکەوە، کە دەوروبەری پێکهاتووە لە زەویوزارێکی فراوانی بەپیت، کە بە ئەگەری زۆرەوە و بە گوتەی سەرچاوەکان، رەنگە زەوییە کشتوکاڵییەکان سەر بە خودی ئاتەشكەدەکە بووبن.
ئاتەشكەدەی سیاهگل، چوار دەروازەی هەیە، کە ڕوویان لە چوار ئاراستەی سەرەکییە و هاوشێوەی پەرستگای زەردەشتیی سەردەمی ساسانییەکانە لە شاری قەسری شیرین. لەبەردەم ئەم ئاتەشکەدەیە بەردێکی درێژ هەیە، کە بەرزییەکەی نزیکەی ١٢ مەتر و تیرەکەی ٦ مەترە. ئەم بەردە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێی دەگوترێت (سان یەری). بەردێکی دیکە، کە بەرزییەکەی کەمترە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی خۆیەوە، بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەواوە تووشی داخوران بووە.
هەڵکەوتەی جوگرافیای ئەم ناوچەیە نزیکە لە کانێکی خەڵووزەوە و خاکی ڕەنگ تۆخی هەیە. ئەو گڵەی لەو خاکەوە بەرهەم دێت ڕەنگەکەی تەواو ڕەشە، هەر ئەمەشە وایکردووە ناوی ئەم ناوچەیە سیاهگل (گڵی رەش)ی لێ بنرێت.