سەید تەها شەمزینی.. یەكەمین قایمقامی قەزای ڕواندز

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

سەید تەها شەمزینی.. یەكەمین قایمقامی قەزای ڕواندز

سەید تەها شێخ محەمەد سدیق شێخ عوبەیدوڵای شەمزینی، لەدایكبووی گوندی نەهری لە ناوچەی شەمزینانی باكووری كوردستان، پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتی و ئایینی لە ناوچەكەدا هەبووە، بەمەش بە بڕیاری سەرپەرشتیاری كارگێڕیی ئینگلیز، بە وتووێژ لەگەڵ حكوومەتی ئەوكاتی عێڕاق، دەهێنرێتە ڕواندز و وەك یەكەمین قایمقامی قەزاكە دەستنیشان دەكرێت.

 لەمبارەیەوە، سامان عەزیز ڕەسوڵ، نووسەر و لێكۆڵەر لە قەزای ڕواندز، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "دوای دەستنیشانكردنی سەید تەهای شەمزینی لە ساڵی 1923 وەك یەكەمین قایمقامی قەزای ڕواندز، بە بڕیاری سەرپەرشتیاری كارگێڕیی ئینگلیز و بە وتووێژ لەگەڵ حكوومەتی ئەوكاتی عێڕاق، لە ماوەی پێنج ساڵ دەستبەكاربوونی، واتە تا ساڵی 1928 دەستی كردووە بە بنیاتنانەوەی شارەكە و دەوروبەر، لە ڕووی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی جیا جیادا".

 هەروەك حوسێن حوزنی موكریانی لە یاداشتێكیدا دەڵێت: "زۆربەی خانووەكانی شار وێران كرابوون، گوندی كاولۆك بە جارێ‌ وێران كرابوو، كاتێك سەید تەهای شەمزینی دەسەڵاتی گرتە دەست و وەك حاكمی شارەكە دەستبەكار بوو، ئەمنییەت و ئاساییش ڕووی لە ڕواندز كرد، قەڵات ئاوەدان كرایەوە و دوكان و بازاڕ بنیات نران. هەروەها ساڵی 1924 دەستی كردووە بە دانانی بەڕێوەبەری شارەدێكان و دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان و چەندان خزمەتگوزاریی دیكە".

 ئەو نووسەر و لێكۆڵەرەی قەزای ڕواندز، ئاشكراشی دەكات: "لە سەردەمی میرنشینی سۆران، نزیكەی 300 تۆپ لە كارخانەی وەستا ڕەجەب بۆ بەرگریكردن لە میرنشینەكەی میر محەمەد ڕواندزی دروست كرابوون، بەڵام دوای ڕووخاندنی میرنشینی سۆران لەسەر دەستی عوسمانییەكان، بۆ ئەوەی تۆپەكان نەوكەونە دەست دوژمنی داگیركەر، فڕێ دەدرێنە ناو ڕووباری خەرەندی ڕواندز".

ئاماژە بەوەش دەکات: "دوای دەستبەكاربوونی سەید تەهای شەمزینی وەك قایمقامی قەزای ڕواندز، هەوڵی داوە تۆپەكان بدۆزێتەوە و لە ڕووبار دەریان بهێنێت، بەڵام تەنیا سێ دانە تۆپیان دۆزیوەتەوە، یەكێك لەو تۆپانە لە سەكۆیەكی تایبەت لەبەردەم بینایەی قایمقامیەتی قەزای ڕواندز دانراوە، ئەوانی دیكە ش، یەكێكیان لە وەزارەتی بەرگریی بەغدا دانراوە و یەكێك لە تۆپەكانیش لە قشرەی شاری كۆیە دانراوە".

 بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ ئینگلیز، سەید تەها لە 29ی كانوونی دووەمی 1929 دەست لەکاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی قایمقامی ڕواندز ڕاگەیانووە و رووی کردووەتە وڵاتی ئێران و لە شاری تاران نیشتەجێ‌ بووە، لە ساڵی 1939 لە تاران ماڵئاوایی یەكجارەكی کردووە.

 مێژووی رواندز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش دروستبوونی میرنیشینی سۆران، لەسەرەتاكانی سەدەی شازدە. لە ماوەی فەرمانڕەوایی میرنیشنی سۆران، ڕواندز یەكێك بووە لە پایتەختەکانی ئەم میرنشینە، كە لەسەرەتای ساڵانی 1800 میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز كرد بە پایتەختی میرنیشینەكەی، كە دەسەڵاتی ئەم میرنشینە لەسەر دەستی میر محەمەد گەیشتە ئەوپەڕی هێز و توانا، تا ساڵی 1836 لەسەر دەستی عوسمانییەکان كۆتایی بە میرنیشینەكە هات و سەرەتاكانی سەدەی بیست تا ساڵی 1980 چەندین قایمقام ئیدارەی ئەم شارەیان بەڕێوە بردووە، دواتر بە پلانێكی حزبی بەعس قەزاكە كراوەتە ناحیە، دوای چەند ساڵ لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 جارێكی دیكە ڕواندز كراوەتەوە قەزا و چەند قایمقامێك پۆستەكەیان بەڕێوە بردووە.