دارەسووتاوەکە ... مێژووی بازاڕێک لە بازرگانی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دارەسووتاوەکە ... مێژووی بازاڕێک لە بازرگانی

 دارەسووتاوەکە، لە سەروو‌ مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەکات تا سەرەتای شەقامی قەنات. لە کۆندا دەشتێکی چۆڵ بووە و لەبەر جۆری گڵ و نەرمیی خاک و تەختایی زەوییەکەی، لە سەردەمی عوسمانی و ئینگلیزەکاندا مەیدانی ئەسپسواری و مەشقی سەربازیی بووە.

 دارەسووتاوەکە لە کۆندا پێیان دەگوت (مەیدانی دارفرۆشەکان)، جۆری دارەکانیش زیاتر داری سپیدار و چنار بوون، واتا شوێنی کڕین و فرۆشتنی دار بووە و دارەکان لە شارباژێرەوە دەهێنران بۆ مەیدانەکە و نرخی هەر دارێک (10) فلس بووە. زۆربەی فرۆشیارەکان کووخێکی بچووکیان لە شێوەی دوکانێکی بچووک دروست کردبوو، ئەو دارانەیش لە کاری بیناسازی و دروستکردنی کەپردا بە کار دەهێنران.

 لە کەیەوە ناونراوە دارەسووتاوەکە؟

 هێزە نهێنییەکانی شۆڕشی کوردی هەر کار و چالاکییەکیان دەکرد، زۆر جار بە نهێنی خۆیان لەناو ئەو دارانە دەشاردەوە، یان زۆر جار چەک و تەقەمەنییەکانی خۆیان لەوێدا دەشاردەوە، چونکە دارەکان زۆر بە چڕوپڕی لەتەنیشت یەک هەڵدەچنران و لە شێوەی کۆڵانی تەنگەبەر بەتەنیشت یەکەوە بوون.

 لە هاوینی ساڵی 1977دا هێزێکی تایبەتی حزبی بەعس بۆ لەناوبردنی ئەو دارانە ئامادە کرا، چەند دەبەیەکی بەنزین و نەوتیان خستە ناو دارەکان و ئاگریان تێ بەردان و هەموو دارەکان سووتان. زەرەر و زیانێکی زۆر بە کاسبکاران و خانووەکانی دەوروبەری کەوت، هەموو خەڵک لە ترسان ناوچەکەیان بەجێ هێشت و بەو شەوە دەربەدەر بوون.

 ئەو دیمەنە بۆ خۆی مەنجەنیق و دۆزەخێک بوو، کە بڵێسەی ئاگرەکە لە دوورترین شوێنی شارەکە دەبینرا، ئیتر خاکی مەیدانی دارەکان بوو بە پارچەیەک لە خەڵووز و رەشایی، هەتا کۆتایی هەشتاکانیش بە مەیدانی دارەکانیان دەگوت (دەشتەکە) و لەدوای راپەڕینەوە ناوی گۆڕا بە (دارەسووتاوەکە)، هەتا ئێستاش هەر دارەسووتاوەکەیە.

 ئێستا بازاڕی دارەسووتاوەکە ناوندێکی بازگانییە و سەدان دووکان و کتێبخانە و مۆڵ و گەراج و ئۆتێل لەخۆی دەگرێت.