ئه‌مڕۆ 50ـیه‌مین ساڵیادی شه‌هیدكردنی له‌یلا قاسم و هه‌ڤاڵه‌كانیه‌تی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

ئه‌مڕۆ 50ـیه‌مین ساڵیادی شه‌هیدكردنی له‌یلا قاسم و هه‌ڤاڵه‌كانیه‌تی

50 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، له‌یلا قاسم و چوار هه‌ڤاڵی، له‌ پێناو تێكۆشان و خه‌بات بۆ رزگاریی گه‌لی ورد و دژوه‌ستانه‌وه‌ی سته‌م و جه‌ور، ملیان خرایه‌ به‌ر په‌تی سێداره‌ و گیانی پیرۆزیان به‌ خاكی كوردستان به‌خشی.

لە رۆژی 28ی نیسانی 1974 لە ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزە ئه‌منی و سەربازییه‌كانی رژێمی بەعس لە بەغدا، لەیلا قاسم و چوار لە هه‌ڤاڵانى (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) دەستگیر کران و له‌ حوكمێكی دیكتاتۆرانه‌دا بڕیاری له‌سێداره‌دانیان ده‌رچوو و له‌ ڕۆژی 12ـی ئایاری هه‌مان ساڵدا بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ كرا.

كچه‌ تێكۆشه‌ری كورد و كوردستان له‌یلا قاسم لە ساڵی 1952 له‌ گوندی بانمیلی سه‌ر به‌ شاری خانه‌قین له‌ خێزانێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و كوردپەروەر له‌دایك بووه و ئه‌ویش هه‌ر زوو بیری كوردایه‌تی له‌ هزریدا چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌ و به‌وپه‌ڕی توانایه‌وه‌ له‌پێناو رزگاریی گه‌لی كورد له‌سه‌ر ڕێبازی بارزانیی نه‌مر ده‌ستی به‌ خه‌بات و تێكۆشان كردووه‌، لە ئاداری 1974 دا دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ و هێرشكردنەوەی ڕژێمی عێراق بۆ سەر ناوچەكانی كوردستان، به‌عس دەستی كرد بە ڕاوەدونان ‌و ده‌ستگیركردنی ڕۆشنبیران‌ و قوتابیان‌ و ئازادیخوازانی گەلی‌ كورد لە كوردستان، هەر لەو كاتەدا هەزاران كەسیش لە تاكەكانی كۆمەڵ‌ بۆ بەرگریكردن لە مافی نەتەوەكەیان ڕوویان لە شاخەكان كرد و چەكی پێشمەرگەیاتیان هەڵگرت،. لەو كاتەدا لەیلا قاسم ‌و جەواد هەمەوەندی ‌و نەریمان فوئاد  و حه‌سه‌ن حه‌مه‌ڕه‌شیدا و ئازاد سلێمان میران ‌و هەندێك لە هاوڕێكانی تریان پێیان وابوو کە خەبات و تێکۆشان لە شارەكاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا، پێویستییەكی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە؛ بۆیە ڕوویان نەكردە شاخەكان ‌و له‌‌ بەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات ‌و تێكۆشان مانەوە، دەزگا هەواڵگرییەكانی ڕژێمی بەعس بەردەوام ‌و زۆر بە توندی چاودێری یەكەبەیەكەی تاكەكانی كوردیان دەكرد. ئەوەندەی نەبرد تا لە ڕۆژی 28/4/1974دا لەیلا قاسم ‌و چوار هه‌ڤاڵه‌كه‌ی لە ئەنجامی هەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزە سه‌ركوتكه‌ره‌كانی به‌عس له‌ به‌غدا ده‌ستگیر كران. ڕژێمی بەعسی عێراق بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان‌ و قوتابیان ‌و توێژی‌ ڕۆشنبیری كورد، ڕاستەوخۆ دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادپەروەرانەی دژ بە لەیلا قاسم‌ و هاوڕێكانی بەڕێوە برد و بریاری لەسێدارەدانی بۆ دەركردن، دوو هەفتە بەسەر دەستگیركردنیاندا تێنەپەڕیبوو كە سەعات 7ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی 12/5/1974 لەیلا قاسم ‌و هەر چوار هه‌ڤاڵه‌كه‌ی لەسێدارە دران.

هەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم لەسەرتاسەری كوردستاندا بڵاو بووەوە و هەندێك لە چاپەمەنییەكانی ئەو كاتەی جیهان هەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاو كردەوە. بێگومان لەسێدارەدانی كچە كوردێك بە دەستی ڕژێمی داگیركەری عێراق كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد هەبوو، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە هەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان‌ و ڕوو لە چیاكان بكەن و چەکی پێشمەرگایەتی بکەنە شانیان .له‌یلایه‌ك له‌ سێداره‌ درا به‌ڵام هه‌زاران له‌یلا له‌دایكبوون.