وەزیر بانگی کردم تا ئۆپەرێتەکی لەسەر سەدامی دانێم!

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

وەزیر بانگی کردم تا ئۆپەرێتەکی لەسەر سەدامی دانێم!

43

 

ئەمن کوڕی گەورەیان بووم، داک و بابی ڕەحمەتیم، زۆر خەمێ منیان بوو، داکم هەر چاویەگێڕا، کچەکی جوان و عاقری لە جێیەکی دیتبا، دەهاتۆ مارێ و بەحسیەکرد، لۆ فرانی ناینی؟ ئەمنیش هەر پێمەگۆت، ئۆدێ لە من گەڕێ، ئەمن ژنم ناوێ کە ئەچووە حەفلەی ژنهینانی خزم و برادەر و ناسیاوان، پارەمەدایێ وەک هەدیەکی - ئەو وەختی عادەت وها بوو - لەگەرەخۆیەبردوو ئەیدا مارێ بووک و زاوای.

داکم دەیگۆت: "کوڕم ئەوە قەردە ئەیاندەینێ، وەختی ئەتووش ژنی دەینی، قەردەکەتەدەنۆ!" وەختی ئەمن خواحافیزیم لە مارێ کرد، داکم گۆتی: "کوڕم، ئەگەر ئەتوو لێرە نەبی و ژنی نەینی، کەس قەردەکانت ناداتۆ" ئەمنیش گۆتم: ”هێشتا دوو برا گچکەم ماینە ژنێ بینن، با لۆ وان بیننۆ!" گۆتی: "خوا کەریمە کوڕم!".

قسەی ئەو مامەستایەی نەزەڕییاتی غەربی، لە مەعهەدی دیڕاساتی نەغەمی لە بەغدایێ کە ڕۆژی تەخەڕوجی بە منی گۆت: ”کاکە ڕزگار، ئەگەر پێتەکرێ، بڕۆ خاریجی عیڕاق و خیندنەکەت لەوێ تەواوکە“ هەر لە مێشکم دەزرینگاوە، بەران نەمەزانی چ بکەم و لە کێ دەست پێبکەم!

پاییزی ساری ١٩٧٩ لەگەر (شێرزاد عەبدولڕەحمان)ی ڕەحمەتی، کە عیلاقەتەکی باشم لەگەری هەبوو، لۆ ١٥ ڕۆژان لە ڕێی تورکیای، چووینە بولغاریای و بەو سەفەرەی هەندەک چاون کرانۆ و، بڕەک دنیان دیت. تەجروبەکی باش بوو لۆ مە، پاش دوو ساران، لەگەر شێرزادی ئەوها ڕێک کەتبووم کە دیسان پێکڕان سەفەر بکەین، بەس چ دەولەتن تەحدید نەکردبوون! بەران تەلەفۆنەکی لە هیکڕا، هەموو خوتە و سەری لێ شێواندم! نەک هەر ئەوە، ئەنگۆ دوایێ بە چاوێخۆبینن کە ئەو تەلەفۆنە کو بوزە سەبەب، عیڕاقی بە ئێکجاری بەجێ بێرم.

سکرتێری وەکیلی ئەمین عامی سەقافە و لاوان، مینان پەوڵس، تەلەفۆنی لۆ کردم و گۆتی: ”وەزیر ئەتوویەوێ و دەبی فەوڕەن بێیە ئەمانە عامەی“ ئەمنیش بەڕاستی مشەوەش بووم، گۆتم دەبی ئەمین عام چیشی بە من بی؟ پێدەچوو ئیشەکە گەلەک مهیم بی، یەکسەر خۆم گۆڕی و چوومە ئەمانە عامەی، هەر سکرتێرەکە ئەمنی دیت و گۆتی: "باش بوو زوو هاتی"
گۆتم: "مەسەلە چیە؟ کاک مینان چیشی بە منە؟ "
گۆتی: " ئەمن نزانم"
لە درێ خۆم گۆت: " ئاخیری خێر بی!"

زۆرم ئینتیزار نەکرد چوومە ژۆرێ، وەکیلی ئەمین عامی، مینان پەوڵس لەبەرم هەستاوە و زۆر بە گەرمی ئیستقبال و بەخێراتنی کردم. بەران ئێکەک کە دەمناسی، لە قوڕنیچکەکی غورفە گەورەکەی وی دانیشتبوو سەری خۆی نوی کردبوو، وەکی ئەوەی کە ئاگای لە هیچ نەبی و برێ ئەمن عیلاقەم بە هیچدا نیە! ئەوەل قسەی ئەوە بوو: "لەوانەیە نزانی لۆ بانگی لای خۆم کردی؟"
گۆتم: نەخێر نزانم، بەرانەزانم هەنکە جەنابت پێمەرێی! "
گۆتی: "ئەتوو هونەرمەندەکی زۆر بەتوانا و مەشهووری، زۆربەی خەرک ئەتناسن و ئەتوو لۆ مە جێی ئیفتیخاری و هەر لۆیەش ئەمە ئەتوومان ئیختیار کرد، کە ئەو ئۆپەرێتەی دکتۆر... لەسەر قائید و پاڵەوانی گەورە و ڕەئیسی مونازیل سەدام حوسەین خوا عومری درێژ کا، دایناوە لەحن بکەی!" (سەدام ئەی پاڵەوان، سەدام ئەی قارەمان) ئەمنیش هەر یەکسەر بێ فکرکردنەوە و ڕاوەستان گۆتم: "ئێكەم: ئەمن زۆر زۆر مەمنوونی جەنابتم، کە لەناو ئەو هەموو هونەرمەندانەی هەولێرێ، ئەمنتان ئیختیار کردیە!. دووەم: لۆ من شەڕەفەکی گەلەک گەورەیە لەسەر قائید و پارەوانەکی وەک سەرۆک سەدام حوسێنی ئۆپەرێتەکی ئەوها تەئلیف کەم! بەران بەشەرتەکی!“

گۆتی: " فەرموو شەرتەکەت چیە؟"
گۆتم: "وەکی جەنابت دەزانی، سارەک زیاترە شەڕە و، ئەمنیش وەکی زۆربەی خەرکی شەڕەکە ماندی و هیلاکی نەفسی کردیمە و ٢٠ ڕۆژەکم دەوێ لە خارجی عیڕاقێ بەمە سەر، لۆ وەی هەم هەندەک ئیسڕاحەت بکەم و هەم مێشکم ساف کەم و هەم وەحیی ئەو ئیشە گەورەشم لۆ بێ!" گۆتی: ”خارجی عیڕاق کێندەر؟"
گۆتم: "ئوردن، تورکیا..."
گۆتی: "سەرچاو، هەر ئەتوو و ئەوە، هەر هیچ موشکیلە نیە، دەتەوێ کەنگی بچی؟"
گۆتم: "عەجەلەم نیە، بەران هەتا مەعامەلاتی تەواوەکەم هەندەک وەختیەوێ"
گۆتی: "باشە چیتکەت پێناوێ لۆت بکەین؟"
گۆتم: "نەخێر، سەلامەتی جەنابتمەوێ، خوا لۆمەت بهێری و هەر ساغ و عومردرێژ بی!"

تۆقەم لەگەری کردو و خواحافیزییم لێ کرد و پێشوەی بڕۆم، نەسسی ئۆپەرێتەکەم لێ وەرگرت و ڕۆیشتم! حسم بە دووشتانەکرد، ئێکەم: لەو وەزعەی قورتار بم و تووشی ئۆپەرێت دانانێ لەسەر سەدامی گۆڕ بەگۆر نەبم و لە پێش چاوی خەرکی سووک و ڕیسوا بم، هەتا سبەینێش برێی بە زۆری و بە تۆبزی پێیان کردم، کەس بڕوات پێ ناکا. دووەم: ئەمزانی قەراری چوونەدەرم، قەرارەکی هەتا برێی زەحمەت و دوور نیە عاقیبەشی خراپ بی، زۆر ناخۆشە داک و باب و برا و خوشک و خزم و برادەر و دۆست و هەموو ئەو کەسانە بەجێ بێری کە خۆشتەوێن و خۆشیانەوێی! وەک دارەکی هەرقەرینی و ببەیە جێیەکیتکە، زۆر ناخۆشە، چونکە نزانی ئەچیە کێندەر! خاسەتەن خەمی داک و بابم بوو کە دەستکورت بوون، داکم ژنێ مارێ بوو، بابم تەقاعودیەکی زۆر کمی هەبوو، ئەمزانی پاشی من، وەزعی مادییان بە تەواوی خراپەبی و وەکی جاران نامینێ و تێکەچی.

بەران ئەمن هیچ چارەی دیکەم نەبوو، چونکە ئەمزانی ئەگەر بچووبامە ناو ڕێزی پێشمەرگەش، دەبوە سەبەبی موشکیلەکی گەورە لۆ باب و برایەکانم. لۆیێ باشترین حەل چوونە خاریج بوو، چونکە ئەمن وامەزانی پاش ئێک دوو ساران، شەڕ خەلاسەبی و ئەمنیشەگەڕێمۆ ناویان! ئەمن موشکیلەکیتکەشم هەبوو، ئەویش ئەوەبوو ئەگەر ئێک لە مارێ نەخۆش با، خاسەتەن بابم، شەوێ خەوم لێناکەت و تەحەمولمناکرد بە نەساغی بیانبینم و دەمگۆت، ئەمن ئەوەی تەحەمول نەکەم، ئەدی خوانەکا ئێکەکیان بمری چاکەم؟ بەس فکرم لەو مەوزووعەی کردباوە، ئەوە مێشک و فیکری تێکەدام و وەزعی نەفسیشم تێکەچوو!

هێشتا مایتی...