هونەرمەندی دیاری كورد، وەلی دۆسكی، بەسەرهاتێكی 18 ساڵ لەمەوبەری لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو سەعید گاباری بۆ (باسكورد) دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ڕاستە ئەو هونەرمەندە نابینا بوو، بەڵام خودا بەهرە و توانایەكی گەورەی بیستن و هەستی جوانی هونەریی پێ دابوو.
وەلی دۆسکی، هونەرمەندی ڕەسەنی لاوك و گۆرانیی كوردی، دانیشتووی ناحیەی دیانا لە ئیدارەی سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "لە پاییزی ساڵی 2006، دۆست و هاوڕێییەكی هاوشارەكەمان بۆ گواستنەوەی ئاهەنگی بووكگواستنەوە بۆ كوڕە گەورەكەی داوەتی خێزانیی كردین، ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە لە شوێن و كاتی دیاریكراو ئامادە بووین، کاتێ پێمان ناییە شوێنی ئاهەنگەكە، بینیم هونەرمەندی كۆچکردوو سەعید گاباری لە ئاهەنگەكە ئەمادەیە، هەستم كرد بە دەنگە بەسۆزەكەی و تەمبوورە سیحراوییەكەی دڵمان خۆش دەكات، بە منداڵەكانم گوت ئەمشەو بۆ من شەوێكی جیاواز و خۆش دەبێت و بۆ چەند ساتێك ئاوێتەی دەنگە بەسۆزەكە و سازەكەی ئەم هونەرمەندە دەبم".
هونەرمەند وەلی دۆسكی گوتیشی: "ئەگەرچی گوێگرتن لە دەنگ و سەدای هونەرمەند سەعید گاباری خۆشییەكی زۆری خستبووە دڵی ئامادەبووانی ئاهەنگەكە، بەڵام باوكی زاوا و ژمارەیەك لە هاوڕێ و دۆستانم، كە لەوێ ئامادەبوون، داوایان كرد چەند گۆرانییەك بڵێم، بەڵام من داوای لێبوردنم لێیان كرد و پێم گوتن من گۆرانیی داوەت و شاییم نەگوتووە، توانییم ئامادەبوان ڕزای بكەم، كەچی دوای ماوەیەك هونەرمەند سەعید گاباری خۆی داوای ئەوەی لێ كردم كەوا بچمە لای و خۆی دەستی بە ژەنینی یەكێك لە گۆرانییەكانم كرد بەناوی كۆچەرێ، دواجار ناچاری كردم دەست بكەم بە گوتنی گۆرانییەكەم، ئەمەش بۆ من یادەوەرییەكی لەبیرنەكراوە لەگەڵ ئەو هونەرمەندە".
لە دوا پەیڤەكانیدا هونەرمەند وەلی دۆسكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ژەنینی تەمبوور و سازەكەی هونەرمەند سەعید گاباری، هەستێكی خۆشی ئەدایە ئامادەبوان و دڵخۆشی دەكردن، ڕاستە ئەو هونەرمەندە نابینا بوو، بەڵام خودا بەهرە و توانایەكی گەورەی بیستن و هەستی جوانی هونەریی پێ دابوو، کە لە كەم كەس بەدی دەكرا.»
