بەر لە 70 ساڵ، رالف سولیكی، هەڵكۆڵینی لە ئەشكەوتی شانەدەر كردووە، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا، جارێكی دیكە بە سەرپەرشتیی پرۆفیسۆر گرایم باركر، سەرۆكی تیمی زانكۆی كامبێردج، دەست كراوە بە كاری كنە و پشكنین لەو ئەشكەوتە و تا ئێستاش پرۆسەكە بەردەوامە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكاندا چوار چینی شوێنەواری و ژمارەیەك ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ و كۆمەڵێك كەلوپەلی بەكارهێنانی لە بەرد دروستكراو دۆزراونەتەوە.
لەمبارەیەوە غەفور ئەحمەد مەلاسوار، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بۆ (باسكورد) ئاشكرای كرد، لەم ڕۆژانە لەنزیكەوە سەردانی پرۆفسۆر (گرایم باركر)، سەرۆكی تیمی زانكۆی كامبێردج بۆ كاری هەڵكۆڵین لە ئەشكەوتی شاندەرمان كرد، كە لەگەڵ تیمی شوێنەوارناسان لە كاری كنە و هەڵكۆڵین لە ئەشكەوتەكە بەردەوامن."
لای خۆیەوە.د. زێدان برادۆستی، پسپۆری شوێنەواری و سەرۆكی رێكخراوی قەڵا بۆ كاروباری شوێنەوار و كەلەپوور، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "ئەگەرچی كنە و پشكنینی دەیان ساڵی ڕابردوو لە ئەشكەوتی شانەدەر ئەنجامی باشی هەبووە و چەند ئێسكەپەیكەر و چینی شوێنەواری دۆزراونەتەوە، بەڵام دۆزینەوەی سەرە پەیكەرێكی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت، كە مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، ڕەنگدانەوەیەكی گەورەی زانستیی لە جیهاندا هەبوو."
گوتیشی: "ماوەی نزیكەی 10 ساڵە تیمێكی زانكۆی كامبێردجی بەریتانی سەرقاڵی كاركردنە لەو ئەشكەوتە، هاوكات لە یەكەم ڕۆژی گەیشتنی (پرۆفیسۆر گرایم باركەر Graeme Barker) سەرۆكی تیم لە ساڵی 2013، لە كاتی سەردانم بۆ لای، داوای لێكردین هاوكاریی بكەین، بۆ ئەوەی تیمەكانیان بێنە كوردستان و كار لە ئەشكەوتی شانەدەر بكەن، دواتر سەردانی بەڕێوەبەراتیی گشتیی شوێنەوارمان كرد و ڕەزامەندییان پێ دا، كە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران بێن لە ئەشكەوتی شانەدەر كاری كنە و پشكنین بكەن."
ئاماژەی بەوەش دا: "لە ئەنجامی كنە و پشكنینەكانیان، سەرەڕای ئەوەی تیمە شوێنەوارییە جیهانییەكان لە ماوەی كاركردنیانئەنجامێكی گەورەیان بەدەست هێنا، جێگای خۆیەتی دەستخۆشییش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامیەتی مێرگەسۆر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران بكرێت، كە ئامادەكاری و هاوكاریی تەواوی ئەو تیمەیان كردووە، هەروەها بەسوپاسەوە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، لە رووی كارگێڕی و ئەمنییەوە ئامادەكاری و پێشوازیی گەرم لە تیمەكە كراوە."
د. زێدان برادۆستی دەشڵێت: "ڕەنگە بۆ ئێمە لە كوردستان زۆر بە بایەخەوە سەیری ئەو بابەتە نەكەین، بەڵام لە جیهاندا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ملیۆنان هاووڵاتی لە وڵاتانی جیاوازەوە سەرقاڵی ئەو هەواڵەن، كە زانایان وێنەی ڕوخساری ئافرەتێكی نیاندەرتاڵیان دروست كردەوە، كە ئێسكە پەیكەری دۆزرایەوە و بەر لە هەزاران ساڵ لە ئەشكەوتی شاندەر ژیاوە، ئەوان بە گرنگی و بایەخەوە لێ دەڕوانن، بەتایبەتی لە رووی زانستی و ڕاگەیاندنەوە.“
ئەشكەوتی شانەدەر لە بەشی باشووری دامێنی چیای برادۆست لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، بەدووریی 122كم دەكەوێتە باكووری شاری هەولێر، پێش هەزاران ساڵ مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەو ئەشكەوتەدا ژیاوە، بۆیە بە لانكەی ژیانی مرۆڤایەتی دادەنرێت. بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1951-1961 لەلایەن رالف سولیكی هەڵكۆڵینی تێدا كراوە، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەدا چوار چینی شوێنەواری و ژمارەیەك ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ و كۆمەڵێك كەلوپەلی بەكارهێنانی لە بەرد دروستكراو دۆزراونەتەوە، كە مێژووەكەیان دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی بەردینی كۆن، دوایین ئێسكەپەیكەریش لە ساڵی 2018 دۆزرایەوە و دوای لێكۆڵینەوە زانیستییەكان دەركەوت، كە هی ئافرەتێكە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر.





