مۆزەخانە مێژووییەکەی د. جەمال نەبەز

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

 ماڵی د. جەمال نەبەز، لە ساڵی 1885 لەلایەن (حاجی تۆفیق)ی باوکییەوە بنیات نراوە، ئەم خانەوادەیە لە ساڵی 1920دا هاتوونەتە ناو خانووەکە، رووبەری خانووەکەیش (680) مەترە، پێکهاتووە لە دوو بەش، بەشی یەکەمی، کە بەشی سەرەوەی خانووەکەیە، باڵەخانە و ژێرخانێکە، تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە. بەشی خوارەوەی خانووەکەیش لە دوو ژوور و ساڵۆنێک و چێشتخانەیەک پێکهاتووە.

 جگە لە ماڵی جەمال نەبەز، ماڵی کۆمەڵێک نووسەر و ئەدیبی ناسراوی دیکەی لێبووە، لەوانە ماڵی: محەمەد ساڵح دیلان، د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ و ....تد. لە ساڵانی رابردوودا بەم گەڕەکە گوتراوە (قاوەخانەی سەرچیمەن)، قاوەخانەکە لە گەڕەکی پشتەوەی ئەم خانووە بووە، کاتێک حاجی تۆفیق، باوکی جەمال نەبەز، کۆچی دوایی دەکات، خانووەکە چۆڵ دەکەن و دەچنە گەڕەکی بەختیاری.

 لە ساڵی 2020 لەسەر بڕیاری (نیعمەت خان)ی خوشکی جەمال نەبەز، دەست دەکەن بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکە و هونەرمەند (رۆستەم ئاغالە) خۆبەخشانە سەرپەرەشتیی نۆژەنکردنەوەکە دەکات. لە ساڵی 2022 ئەم بینایە وەک مۆزەخانەیەک ئامادە بووە، کە لە دوو ژوور و هۆڵێک پێکهاتووە.

 د. جەمال نەبەز، ناوی تەواوی (جەمالەدین تۆفیق مەحموود خدر ئاغا دزەیی)یە، لە ساڵی 1933 لە سلێمانی لەدایک بووە، جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی و بەلووچی زۆر بە باشی زانیوە. هەروەها د. جەمال خاوەنی 86 کتێبە بە زمانە جیاوازەکان.

 لە ساڵی 2018 لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە بەرلین کۆچی دوایی كرد و لە مەراسیمێکدا لە گردی شێخ مارف، لە سلێمانی بە خاک سپێردرا.