چالاكوانێكی سنووری قەزای شەقڵاوە، بنكەیەكی كەلەپووری لە گوندەكەیان دامەزراندووە، ئەمەش بووەتە جێگەی سەرەنجی هاووڵاتییان و چەندین دیدار و فێستیڤاڵی جۆراوجۆریشی تیادا ئەنجام دەدرێت.
موحسین قەسرۆكەیی، سەرپەرشتیاری بنكەی كەلەپووری قەسرۆكە، لە سنووری قەزای شەقڵاوە، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "گوندی قەسرۆكە دەكەوێتە ناوچەی خۆشناوەتی لەنزیك تونێلی میراوە، بەدووریی هەشت كیلۆمەتر لە قەزای شەقڵاوە، هەمیشە هەوڵم داوە لە گوندەكەم بایەخ بە كولتوور و ژینگە بدەم، چونكە ناوچەیەكی سەرنجڕاكێش و گەشتیارییە و جوانییەكی بێ هەوتای بە شوێنەكە بەخشیوە."
گوتیشی: "لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بیرم لەوە كردەوە، كە شوێنێكی فۆلكلۆری لەسەر زێدی باب و باپیرانم لە گوندەكەم دروست بكەم، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر، خۆشبەختانە لە ساڵی 2020 توانیم لەسەر ئەركی خۆم بنكەی كەلەپووری قەسرۆكە دابمەزرێنم، بۆ برەودان بە هونەر و ڕۆشنبیری ڕەسەنی كوردی لە دەڤەرەكە، ئەمەش بە یەكەمین بنكەی كەلەپووری دادەنرێت لەسەر ئاستی سەرجەم گوند و شارۆچكەكانی سنووری قەزای شەقڵاوە و دەوروبەری."
سەرپەرشتیاری بنكەی كەلەپووری قەسرۆكە، ئاماژەی بەوەش دا: "توانیومە بنكەكە بەشێوەیەكی وا دەبمەزرێنم، كە كولتووری و سەرنجڕاكێش بێ، لەگەڵ كۆكردنەوەی چەندین كەلوپەلی فۆلكلۆری و ڕەسەن، كە ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی خەڵكی ناوخۆ و بیانییش سەردانی بكەن و كاتێكی خۆش لەناو سروشت و دیمەنی كولتووریی بنكەكە و دەوروبەری بەسەر ببەن، تەنانەت گەشتیارە عەڕەبەكانیش بەهۆی بینینیان لە ماڵپەڕ و ئەكاونتەكان، سەردانی ئەو بنكە كەلەپوورییەمان دەكەن، هەروەها كوردانی هەندەران و ئەو خۆشناوانەش، كە ساڵانێكی زۆرە لە باشووری ئەفریقیا نیشتەجێن، لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ كوردستان سەردانی بنكەكەمانیان كرد و پێی دڵخۆش بوون."
موحسین قەسرۆكەیی، ئاشكراشی دەكات: "لەماوەی دامەزراندنی بنكەی كەلەپووری قەسرۆك تا ئێستا، چەندین چالاكیی كولتووری و فۆلكلۆری و هونەری و رۆشنبیری و ژینگەیی و دیداری جۆراوجۆر و فێستیڤاڵی كولتووریمان تیادا ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەم جۆرە كار و چالاكییانە، لەپێناو خزمەتی زیاتر بە فۆلكلۆر و هونەر و ڕەسەنایەتی لە دەڤەرەكەمان، بەرنامە و پلانی زیاتریشمان هەیە."
لەدوا قسەكانیدا، سەرپەرشتیاری بنكەی كەلەپووری قەسرۆكە، داواكار بوو لە هاووڵاتییان، هەر كەسێك كەرستە و پێداویستیی فۆلكلۆریی لایە، بیبەخشن بە بنكەكەیان، تەنانەت ئەگەر بە كڕینیش بێت ئامادەن بەدەستی بهێن، لەپێناو زیاتر فراوانكردن و ئەنجامدانی كار و چالاكیی جوانتر و خزمەتكردنیان بە كەلەپوور و ڕەسەنایەتیی كورد.