زەینەب خان یان کچە کورد، کچی (مەلا رەئووف و زەهوە خان) لە ساڵی 1900 لە کۆیە لە بنەماڵەی رووناکبیر و نیشتمانپەروەر و ئایینیی (خادەم سوجادە) لەدایک بووە.
زەینەب خان، کە خوشکی گەورەی خێزانەکەیە، خاوەنی حەوت برا و خوشکێک بووە. زەینەب خان بەخێوکەری شاعیری گەورەی گەلەکەمان (دڵدار)ە. لە تەمەنی شەش ساڵان، کە لە قوتابخانەی تایبەت بە ژنان بە ناوی (روشدییە) لە بەغدا دەستی بە خوێندن کردووە و قۆناغی سەرەتایی تەواو كردووە و لەوێ بە باشی فێری زمانی عەرەبی بووە، دواتر چووە بۆ کۆیە و لەوێش دەستی بە خوێندی وانەی ئایینی کردووە.
هەروەها پەرتووکی گۆڵستان و بووستانی سەعدی شیرازی و وێژەی فارسیی خوێندووە و پەرەی زیاتری بە زمانی عەرەبییەکەی داوە. ئەم خانمە ناودارەی کورد، لەو ساڵانەی لە بەغدا ژیاوە، لە ماڵە خاڵی، واتە (عەبدوڵڵای خورشید ئەفەندی) ماوەتەوە، لە دراوسێ جووەکانییانەوە لە کۆیە فێری زمانی عیبری بووە و دواتر، کە هاوسەرگیریی کردووە، لە ماڵە هاوسەرەکەی فێری زمانی تورکی بووە، کەواتە جگە لە کوردی و فارسی و عیبری، عەرەبی و تورکیشی زانیوە و شارەزایی لە ئەدەبی رووسیشدا هەبووە.
کچە گەورەکەی مەلا رەئووف، لە ساڵی 1940 شیعری بۆ (سەربەخۆیی کوردستان) نووسیوە و لە ساڵی 1950 هەڵبەستێکی ئەدەبیی بەپێزی بۆ کەرکووکیش نووسیوە، بۆ کۆچی (شێخ مەحموودی حەفید) لە ساڵی 1956 هۆزانێکی پڕ لە سۆزی دیکەی نووسیوە، هەروەها بۆ گەڕانەوەی (مستەفا بارزانی) لە ساڵی 1958، بە جوانترین دەقی شیعری بە خێرهاتنەوەی دەکات.
زەینەب خان، توانیویەتی چەک بەکار بێنێت و سوارچاک و زیرەک و بەجەرگیش بووە، لە رۆژنامەی (گەلاوێژ)دا لەژێر ناسناوی (کچە کورد) بابەتی بڵاو کردووەتەوە.
خانمە نووسەر و شاعیر و زمانزان و رۆشنفکرەکەی کورد، لە ساڵی 1963 بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرووە و لە گۆڕستانی ئیمام محەمەد لە هەولێر بە خاک سپێردراوە.

