قالەمەڕە شمشاڵژەنە ناودارەکەی کورد و جیهان

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

قالەمەڕە شمشاڵژەنە ناودارەکەی کورد و جیهان

قادر محەمەد عەبدوڵڵازادە، ناسراو بە قالەمەڕە، هونەرمەندێکی شمشاڵژەنی کوردە. لە ساڵی 1925 لە گوندی کولیجەی سەر بە شاری بۆکان لە بنەماڵەیەکی هەژار لە دایک بووە، لەلایەن شێخ محەمەد، شێخی بورهان لە ناوچەی موکریان، کە قادری زۆر خۆشدەویست لەبەر ئەوەی مێرمنداڵێکی زۆر هێدی و ئارام بووە نازناوی قالەمەڕەی پێ بەخشیوە.

لە ساڵی 1946 پەیوەندی بە کۆماری کوردستان کردووە، لە ساڵی 1950 و ساڵانی دواتر لە ناوەندەکانی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەهاباد و ورمێ بە شمشاڵەکەی چەندین پارچە موزیکی جوان و ڕەسەنی کوردی پێشکەش کردووە و هونەری موزیکی کوردی بە شکۆیەکی بێ وێنەوە هێنایە گۆڕەپانی هونەرییەوە.

لە دوای لە سێدارەدرانی قازی محەمەد و، قاچاغ دەبێ و لە ئەشکەوتی گوڵاڵە خۆی حەشار دەدا، دواتر پەنای بردووەتە بەر  عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە.

هاوڕێیەتی نزیکی لەگەڵ شاعیران هەژار و هێمن موکریانیدا هەبووە، هەروەها بە ژەنینی شمشاڵەکەی زۆر کاری جوانی لەگەڵ هونەرمەند حەسەن زیرەک کردووە.

قالەمەڕە هەمیشە لەگەڵ خەباتی نەتەوەیی کورددا هاوڕێ و هاوشانی تێکۆشەران بووە.

خاوەنی چەندین بەرهەمی پڕ بایەخ و بەهێز و جوانە کە هەموویان مۆرکی تایبەتیی ئەم هونەرمەندەیان پێوە دیارە و ناسنامەی هونەری موزیکی دەوڵەمەندی کوردین و بۆ هەمیشە دەمێننەوە. بەرهەمەکانی زیاتر حەماسی و مێژوویی و عاشقانە و وەبیرهێنەرەوەی سیمای گوند و شارەکان و سروشتی جوانی کوردستانن.

لەنێو موزیکزانانی وڵاتی ئێران و لە فێستیڤاڵە گەورە و پڕ بایەخەکانی هونەری موزیک لە ئێران، قالەمەڕە بە نازناوی (گنج متحرک) واتە (گەنجینەی جووڵاو) ناسراوە، کە ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەم بلیمەتە وەکوو گەنجینەیەکی پڕ لە موزیک و بەیت و حەیران و لاوک و گۆرانی و مەقاماتی ڕەسەن و فۆلکلۆری هونەری موزیکی دەوڵەمەند و جوان و رەنگینی کوردستان سەیر دەکرا.

بایەخ و گرنگیی شمشاڵەکەی قالەمەڕە لە ئاستێک دایە کە پسپۆران و شارەزایانی بواری مۆسیقا نە تەنیا نەیانتوانیوە خۆ لە هونەرەکەی لادەن، بەڵکوو تەنانەت وەک بلیمەتێک باسی دەکەن.

هونەرمەندی میلیی و شمشاڵژەنی ناوداری کوردستان و ئێران و جیهان قالەمەڕە لە تەمەنی 84 ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵەکەی خۆیدا  لە بۆکان کۆچی دوایی کردووە و لەسەر وەسیەتی خۆی لە لای گۆڕی هونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەک بە خاکی نیشتمان سپێردراوە.