وەستا محەمەد عەلی ئیلانپوور، خەڵکی شاری سنەیە و لە تەمەنی دە ساڵییەوە خەریکی کاری (خمچێتییە)، واتا ڕەنگکردنی قاڵی و فەرش. ئەو کە ئێستا تەمەنی ٧٨ ساڵە، یەکێکە لە کۆنترین ئەو وەستایانەی لە شاری سنە ئەم کارە دەکەن.
ئیلانپوور لەسەرەتادا لەژێر دەستی چەندین وەستای کارامە کاری کردووە و ماوەی ٣٥ ساڵە کاری سەربەخۆی خۆی هەیە.
وەستا محەمەد رەنگی ڕووەکیی بە جوانتر و ناسکتر دەزانێت لە رەنگی دروستکراو، ئەو ئێستا وەستایەکی بەسەلیقەیە و دەتوانێت زیاتر لە ٤٠ ڕەنگی جیاواز لەسەر نێڵی خاو دروست بکات، لە ڕووەکی وەک ڕوناس، ئیندیگۆ، جاشیر، سپێر، توێکڵی گوێز، توێکڵی هەنار و گەڵای مێو.
لەگەڵ رەسەنایەتیی ئەم کارە، بەڵام ئێستا لە شاری سنە ئەم پیشەیە بەرەو لەناوچوون دەڕوات و وەستا محەمەد هیوا دەخوازێ بۆ داهاتوو خەڵک هەبێت و فێری پیشەکەیان بکات، تا لەناو نەچێت و وەک پیشەیەکی کولتووری بمێنێتەوە.








