دەهۆڵ و زوڕنا، ئامێرە میللی و رەسەنە کوردییەکان

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

دەهۆڵ و زوڕنا، ئامێرە میللی و رەسەنە کوردییەکان

مێژووی میوزیکی فۆلکلۆری کوردی بنەچەکەی بۆ سەردەمێكی دوور دەگەڕێتەوە، لە ئامێرە هەرە کۆنەکان، کە کورد بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگ و گۆڤەندە تایبەتەکانی بەکاری هێناون، بریتیین لە ئامێرەکانی (دەهۆڵ و زوڕنا)، کە زیاتر بۆ شایی و هەڵپەڕکێ بەکار دەهاتن، بەتایبەتی لە ئاهەنگی هاوسەرگیری و منداڵبوون و شەوەئاهەنگی تایبەتی.

 ئەم دوو ئامێرە، وەک دوو ئامێری ناوچەیی سەیر دەکرێن، چونکە هەر لە کۆنەوە لە کوردستان دروست دەکران و وەستای کارامە و دەستڕەنگین، دەهۆڵیان لە پێستی ئاژەڵ و تەلییشی دارگوێز و زوڕناش بەهەمان شێوە لە داری گوێز و قەیسی دروست کردووە.

 بێ گومان هەم دروستکردنەکەی، هەم ژەنینی ئەم دوو ئامێرە، سەلیقە و لێهاتووییەکی زۆریان دەوێت. لە کوردستان بەگشتی تاکوو ئێستا ئەم دوو ئامێرە لە بۆنەکاندا بەکار دەهێنرێن، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە کەم بوونەتەوە.

 زۆر جار لە شاری سنە، لە کووچە و کۆڵان و سەر شەقامەکاندا، هونەرمەندانی میللیی ژەنیاری ئەم دوو ئامێرە بەرچاو دەکەون، کە ئامادەن بۆ سازکردنی ئاهەنگی تایبەتی خەڵک، کە ئەمەش جێگای دڵخۆشییە لەوەی، هێشتا باوی ئەم ئامێرانە ماوە و لە کولتووری کوردیدا هێشتا شوێنی تایبەت بە خۆیان هەیە.