کیژان ئیبراهیم خەیات: لە خێزانەکەمەوە پاڵپشتیی زۆر کراوم و ئەو بەهرەیەی هەمە لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

کیژان ئیبراهیم خەیات: لە خێزانەکەمەوە پاڵپشتیی زۆر کراوم و ئەو بەهرەیەی هەمە لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە

خانمە هونەرمەندی دەنگخۆش کیژان ئیبراهیم خەیات، ساڵانێکی زۆرە کاری هونەری دەکات و بەشداریی لە چەندین ئۆرکێسترای جیهانیدا کردووە، سەر بە خێزانێکی هونەریە و بەشێکی زۆری ئەندامانی خێزانەکەی ئەکتەر و مۆزیكزان و گۆرانیبێژن، لە دیدارێکی تایبەت بە (باسکورد)دا دەڵێت: "لە هەر کاتێک یا هەر شوێنێک بم هونەر هەبێت بەتایبەتی موزیک، سەرنجم بۆی دەڕوات."

(باسکورد): ئێستا لە ئەورووپا دەژین، کاری هونەری لە ئەورووپا چۆن دەبینیت؟

کێژان: تەکنەلۆژیا هەموو جیهانی پێکەوە گرێ داوە و هونەری كوردییش لەنێو ئەو تەكنۆلۆژیایەدا هەیە، پێم وایە لە کوردستان چۆنە لە ئەورووپاش بە هەمان شێوەیە، هەرچەندە لە هەندێک ڕوانگەوە کەمێک سەختترە، بۆ نموونە کۆنسێرت کە زۆر بە زەحمەت ئەکرێت چونکە تێچووی زۆری دەوێت، بەڵام بە گشتی هونەر هەر سەختە.

(باسکورد): ئاخۆ ئێستا لە ئەورووپا بەرهەمی نوێت هەیە کە کاری لەسەر بکەیت؟

کیژان: تازەترین بەرهەمم لە ماوەکانی رابردوو بڵابۆیەوە کە گۆرانییەک بوو بە هەردوو زمانی کوردی و هۆڵەندی تۆمارمان کردووە بۆ رۆژی هەشتی مارس، لە دوای ئەویش سێ بەرهەمی تریشم هەیە بەڵام کاری موزیکی ماوە و وا کاری لەسەر دەکەین.

(باسکورد): لەو کاتەی کە چوویتەتە ئەورووپا، تا ئێستا لەوێ چەند گۆرانیت تۆمار کردووە؟
کیژان: كارم لە پێنج گۆرانییدا، كردووە، سێیانیانم تۆمار کردووە تەنیا ئەوەی ماوە بکرێن بە ڤیدیۆ کلیپ، من شاعیر نیم بەڵام هەندێک جار کە دەمەوێت هەستە تایبەتەکانم دەرببڕم بیکەم بە گۆرانییەک هانا بۆ ئەوە دەبەم کە خۆم زیاتر بیری لێ بکەمەوە، ئیدی خۆم دەینووسم، ئەوە ئەگەر هەستێکی زیاتر ئافرەتانە بێت.

(باسکورد): لە خێزانێکی هونەریی گەورەدا گەورە و پەروەردە بوویت، ئایا ئەو چەندە بووەتە هۆی ئەوەی کە کاریگەری بکاتە سەر ئەوەی تۆش بە هەمان شێوە ببیە هونەرمەند؟

کیژان: من لە خێزانەکەمەوە پاڵپشتییەکی زۆر کراوم و ئەو بەهرەیەی کە هەمە لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە، چونکە ئەگەر بەهرەکە نەبێت و هەوێنی هونەرەکە نەبێت، ئاسان نییە کە هەرچیەک بکەیت بگەیت بە ئەنجام، هاندانی ئەوان و بەهرەکەم، زۆر هانی منی داوە و لەپاڵ ئەوەشدا خۆم حەزم لە هونەرە، زۆر حەزم لە هونەرە واتە خولیامە، لە هەر کاتێک یا هەر شوێنێک بم کە هونەر هەبێت بەتایبەت موزیک، سەرنجم بۆی دەڕوات، دەتوانم بڵێم بەختیشم هەبووە چونکە من لە خێزانێک گەورە بووم کە بۆ کچ عەیب نیە گۆرانی بڵێت یاخود کاری هونەری بکات، کاتێکیش دەستم پێکرد زۆر لە تەلەڤزیۆنەکان و ئەو کەسانەی کە لە هونەردا دەکەن، بەرەو ڕووم هاتن و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ کردم و پێشنیاری کاری نوێیان بۆ کردم، هەموو ئەمانە بە بەخت دەبینم بۆ خۆم.

(باسکورد): ئەی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، هیچ کاریگەریی لەسەرت هەبووە؟

کیژان: بێگومان پەیمانگای هونەرە جوانەکان زیاتر هانی دام کە زیاتر بێمە ناو کاری هونەرەوە و مامۆستاکانم زۆر پاڵپشتم بوون، لە هەموو چالاکیەکانی ساڵانەی پەیمانگا من بەشداریی فێستیڤاڵەکانم دەکرد و گۆرانیم دەگوت، تەنها ئەو ساڵەی کە باوکم تێیدا کۆچی دوایی کرد، دواتریش کە بووم بە مامۆستای موزیک هەر لەناو موزیکدا مامەوە، دواتر بەشی موزیکم لە کۆلێژیێش تەواو کرد، چونکە من هەر لەناو هونەرەدا بووم، پێم وایە ئەوە هاندانێکی گەورە بووە بۆ من تا گەشە بکەم لەو بوارەدا.

(باسکورد): یەکەم کاری هونەرییت گۆرانییەک بوو بۆ زنجیرەدرامایەک، ئەزمونی خۆت لەو کارەدا چۆن دەبینیت؟

کیژان: ئەو گۆرانییە کە بۆ درامای (جومعە)م گوتبوو زۆر ناوبانگی بۆ من دروست کرد، چونکە دراماکە 30 ئەڵقە بوو و رۆژانە خەڵک گوێی لەو گۆرانییە دەبو و ئەزموونێکی خۆش بوو بۆ من، کاری موزیکەکەی لەلایەن مامۆستا خالید سەرکارەوە بۆ كرابوو.