هونه‌رمه‌ند عابد هه‌ورامی، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا بۆ (باسکورد)، باس لە كاروانی هونه‌ریی خۆی و به‌رهه‌می نوێی ده‌كات و دەشڵێت: ”لە هیچ کارێکم پەشیمان نیم، کارەکان دروستیان کردووم.“
(باسکورد): هیچ باكگراوندێكی هونه‌ری له‌نێو خانه‌واده‌كه‌تاندا هه‌بوو، كه تۆی هان دابێت بێیته ناو ئەو بوارە؟
عابد هه‌ورامی: من تاکە کەسم لەنێو بنەماڵەکەمدا ئەو ڕێگایەم هەڵبژارد، پاڵنەریشم بۆ هونەر خوێندنەوە و هەستکردن بوو.
(باسکورد): له‌دوای درامای (کۆشکی هەنار) لەبەرچاوی بینه‌راندا ون بوویت، بۆچی؟
عابد هه‌ورامی: بەر لە (درامای کۆشکی هەنار)، له چەند کارێکی دیكه‌ی هونه‌ری نواندن كارم كردووه، وەک درامای دووپشك، درامای تازەباو...، ئه‌گه‌رچی درامای کوردی بۆ چەند ساڵێک سڕ بووبوو، ئەویش بەهۆی باری دارایی کەناڵەکان، بەڵام ئێستا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و کۆمپانیاكانی هونه‌ر تا ڕادەیەک گرنگی بە درامای کوردی دەدەن.
(باسکورد): سه‌ره‌تا به كام به‌رهه‌م و نواندن ده‌ركه‌وتی؟
عابد هه‌ورامی: سه‌ره‌تای هاتنم بۆ ناو دونیای هونه‌ر، به‌تایبه‌ت بۆ ناو شانۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٩٨٧ و لە شانۆگه‌ریی (گەلەگورگ) بەشدار بووم، كە لە دەرهێنانی مامۆستا (شەفیق محەمەد) و بەرهەمی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان بوو.
(باسکورد): ئایا بووە له درامایه‌كدا به‌شدار بووبیت و ئێستا له‌و ڕۆڵه‌ت په‌شیمانی بی؟
عابد هه‌ورامی: لە هیچ کارێکم پەشیمان نیم، کارەکان دروستیان کردووم.
(باسکورد): له‌نێوان كۆمیدیا، یان بەرجەستەكردنی رۆڵێكی ئاسایی، بە كامه‌یان ئاسووده‌ی؟
عابد هه‌ورامی: بێ گومان کاری کۆمیدیا زۆر قورسە، هەوڵ و ماندووبوونی زۆری دەوێت، ئه‌گه‌رچی لە چەند کارێکی کۆمیدیا به‌شدار بووم، راستییەكەی حەز ده‌كه‌م ببم بە ئەکتەری کۆمیدیا، بەڵام ئەو چانسەم نەبووە، هه‌ر بۆیه ئێستا زیاتر حەز بەو ڕۆڵه دەکەم كە کاریگەریی لەسەر کارە هونەرییەکەدا هه‌بێت.
(باسکورد): هونه‌ری ئێستا بۆ ده‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌نده‌كه‌یه، یان بۆ گه‌یاندنی په‌یامه؟
عابد هه‌ورامی: هونەر گەیاندنی پەیامە بە کۆمەڵگا و بۆ هۆشیارکردنەوەیەتی، بەڵام ئێستا زۆر گۆڕانکاری کراوە، هونەر لای هەندێک کەس تەنیا بووە بە حەزێک، تا لە ڕێگەیەوە دەربکەوێت، ئیتر بەلایەوە گرنگ نییە ناوەڕۆکی کارە هونەرییەکە چییە و باسی چی دەکات.
(باسکورد): ده‌رهێنه‌ره‌كان تا چه‌ند ڕۆڵ وه‌ك خۆی ده‌ده‌نه كاره‌كته‌ره‌كان؟
عابد هه‌ورامی: بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەر، دەرهێنەر تا دەرهێنەر دەگۆڕێ، دەرهێنەری وامان هەیە دەیان ئەکتەر تاقی دەکاتەوە تا کەسێک ئەدۆزێتەوە بۆ ڕۆڵ بینین، به‌ڵام دەرهێنەری وا هەیە لە هاوڕێ و دۆست و کەسی نزیکی خۆی بترازێ كەسی دیكە هەڵنابژێرێ.
(باسکورد) بەر لە ڕاپه‌ڕین هونه‌رمه‌ندان زۆربەی هەرە زۆریان، زۆر لە یەك نزیك بوون و بە گرووپ كاریان دەكرد، چ هۆكاره ئێستا هه‌ریه‌كەی له شوێنێكە؟
عابد هه‌ورامی: بەر لە ڕاپەرینیش هونەرمەندان، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی هەر تەنیا یەک گرووپ و تیپیان نەبووە، به‌ڵكوو کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان هه‌بوو بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان، وەک تیپی نواندنی سلێمانی، تیپی پێشڕەو، یانەی کرێکاران و چەند تیپێکی دیكه هەبوون بۆ خزمەتی میللەته‌كه‌مان.
(باسکورد): پڕۆژه و كاری داهاتوو‌تان چییە؟
عابد هه‌ورامی: ئێستا بەشدارم لە درامای (تۆڵه)، له دەرهێنانی مامۆستا دیاکۆ، دراماكه لە ٣٠ ئه‌ڵقه پێکدێت، هەروەها لە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان سلێمانی سەرقاڵی كارێكی شانۆگه‌ریین، كه هونه‌رمه‌ند شەماڵ فەهمی کاری دەرهێنانی بۆ دەکات و لە نزیکترین کات دەست به پڕۆڤە ده‌كه‌ین.



