لەدوایین وەرزی كاركردنیان، تیمی شوێنەوارناسانی ئۆتۆنۆموسی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، توانییان لە گردی بانەهێلك، كە كەوتووەتە گەڕەكێكی سەنتەری شاری سۆران، بانی (سەقف)ی پاشماوەی خانووێكی سەردەمی شارستانییەتی حەلەف بدۆزنەوە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 7 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
لەمبارەیەوە، عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین ناوچەی شوێنەواری تۆمار كراون، هەروەها چەند شوێنێكی دیكەش هەن، پێویستیان بە كاری ڕووپێویی و لێكۆڵینەوە و پشكنین هەیە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بخرێنە رێزبەندی شوێنەواری و بەشێوەیەكی فەرمی تۆمار بكرێن".
گوتیشی: "یەكێك لەو شوێنەوارانەش بریتییە لە (گردی بانەهێلك)، كە دەكەوێتە گەڕەكی برایەتی لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران و بە شوێنەوارێكی گرنگ دادەنرێت و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانییەتی حەلەف. هەرچەندە پێشووتر لێكۆڵینەوەی شوێنەواری لەسەر ئەم شوێنە كراوە، بەڵام لە ساڵی 2018 بەپێی گرێبەستێكی پێنج ساڵیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور، لەگەڵ تیمی شوێنەوارناسانی ئۆتۆنۆموسی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، بە هاوكاریی شوێنەوارناسانی ناوخۆیی و تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران، كاری كنە و پشكنین لە گردەكە ئەنجام دەدەن، خۆشبەختانە ئەنجامی باشی هەبووە".
ئاشكراشی كرد: "ئەمساڵ لەدوایین وەرزی كاركردن لە گردەكە، تواندرا بانی (سەقف) و پاشماوەی خانووێكی سەردەمی شارستانیەتیی حەلەف بدۆزنەوە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 7 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، ئەوەش گرنگی و تایبەتمەندیی زۆری هەبوو بەلای شوێنەوارناسە جیهانییەكان، چونكە دۆزینەوەی سەقفێكی داڕماو پرسیارێكی زۆر گەورەیە بەلایانەوە، كە چۆن لە سەردەمێكی وادا بۆ خانوویەك سەقفی لەم شێوەیەیان دروست كردووە، بۆیە لە تەواوی شوێنەكە سەمپڵ وەردەگیرێت، بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەو پێكهاتانەی بۆ دروستكردنی بانەكە بەكار هاتوون چی بوونە و لە چی پێكهاتوون".
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ئاماژەی بەوەش دا: "دۆزینەوەی سەقف و پاشماوەی خانووێكی شارستانییەتی حەلەف لە گردی بانەهێلك لە شاری سۆران، لە دوا وەرزی كاركردنی تیمە شوێنەوارناسە جیهانییەكە، بووەتە هۆكارێك، كە بەڵێنی ئەوەیان داوە، ساڵی داهاتوو جارێكی دیكە گرێبەستیكی پێنج ساڵانە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ درێژدانیان بە كاری كنەو پشكنین لە گردەكە".
شوێنەواری گردی بانەهێلك دەكەوێتە گەڕەكی برایەتی لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، بۆ یەكەمینجار لە ناوەڕاستەكانی سەدەی ڕابردوو لە لایەن تیمی زانكۆی شیكاگۆ، بە سەرۆكایەتیی (برایدوود و بروسهاو)، كنە و هەڵكوڵینی بۆ كراوە، ئەو كات سەلمێندراوە ئەو شوێنەوارە مێژووەكەی بۆ نزیكەی 7 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بگرە سەردەمێكی كۆنتریش، هەروەها بە گوتەی شوێنەوارناسان، ئەو پارچە چینانەی لە گردی بانەهێلك دۆزراونەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ بەردینی كانزایی شارستانیەتیی حەلەف".