مەولوودنامە کوردییەکان و کرۆکی پەیامەکانیان*

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

مەولوودنامە کوردییەکان و کرۆکی پەیامەکانیان*

مەولوود، مەولوودنامە و رێوڕەسمی مەولوودی، لە هەر رێوڕەسمێکی ئیسلامیی دی پتر بە دابونەریت و چاندی کوردەوارییەوە گرێ دراوە. وا دیارە زاگەی رێوڕەسمی مەولوودییش، نەک عەرەبستان، بەڵکوو کوردستان بووە.

لە گوڕ گێڕانەوەگەلی دیرۆکی، جێژنی مەولوودی پێغەمبەر بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ٦٠٤ی کۆچی/ ١٢٠٧ی زایینی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفورەدین کەوکەبەری، حاکمی هەولێر و زاوای سەڵاحەدین ئەیووبی، لە لایەن چین و توێژە جیاوازەکانی ئەم شارەوە کراوە.

ئیبن خەلەکان (٦٨١ کۆچی/ ١٢٨٢ی زایینی)، دیرۆکنووسی کوردی نیشتەجێی هەولێر لە سەردەمی کەوکەبەریدا، بەوردی چۆنیەتیی گرتنی جێژنی مەولوودی گێڕاوەتەوە. بە گوێرەی گێڕانەوەکەی ئیبن خەلەکان، كەوكەبەری لە رۆژانی ٨ تا ١٢ رەبیع ئەلئەوەلدا هەژمارێكی زۆر لە شەرعزان، سۆفی، شاعیر و واعیزەکانی لە شارەکانی بەغدا، مووسڵ، جزیرە، شنگال، نوسەیبین و وارگە ناعەرەبییەکانی دیکەوە بۆ هەولێر بانگهێشت دەکرد. لە جێژنی مەولووددا، سەدان سەر گا و مەڕ و وشتر دەکرانە قوربانی و بە دەنگی مۆسیقا، دەف، ساز و دەهۆڵ، رێوڕەسمەکە دەستی پێدەکرد و میوان و موسافیر و بەشدارانی جێژنەکەش بۆ چەند رۆژان خزمەت دەکران.

هەولێر لە سەردەمی ئەیووبییەکاندا، بووبووە هێمای جێژنی مەولوود لە سەرپاکی وڵاتانی ئیسلامیدا و خەڵکێکی زۆر هەموو ساڵێک لە هەموو لایەکەوە بۆ بەشداری لەم جێژنە، روویان لە هەولێر دەکرد. لە شارەکانی دیكەی کوردستان و ناوچەگەلی ژێردەسەڵاتی ئەیووبییەکانیشدا، ئەم جێژنە بە شکۆوە دەگێڕدرا.

لە باری دیرۆکییەوە، نووسینی مەولوودنامەکانی پێغەمبەر لە سەدەی شەشەمەوە و لە دەمی فەرمانڕەوایەتیی ئەیووبییەکانەوە دەستی پێکرد و بەر لەو سەردەمە مەولوودنامەیەکی سەربەخۆ و بەناوبانگ بەدی ناکرێ.

بۆیە دەکرێ بێژین کە جەژنی مەولوود جۆرە پێوەندییەکی بە خوێندنەوەی تایبەتی کوردەوە بۆ ئایینی ئیسلام هەبوو، کە دەبێ لە چوارچێوەی ئیسلامی کوردیدا راڤە بکرێ. زۆر پێدەچێ، کە ئەم خوێندنەوەیە لە کوردستانەوە بە جیهانی ئیسلامیدا بڵاو بووبێتەوە.

لێرە ناکرێ داخی خۆم لە بەراوردی ئیسلامی ئەو سەردەمەی زانایان و سیاسەتڤانانی کورد لەگەڵ ئیسلامی ئێستاکەی هەندێکیان لەوان بشارمەوە. ئەو سەردەمە لەمەڕ جێژنی مەولوود و زۆر پرسی دیکە، خوێندنەوەی ژیاندۆستانە و پێکهەڵکەر لە ئیسلام، بووبووە دیسکۆرسی زاڵ لە وڵاتانی ئیسلامیدا و زانا تورک و عەرەبەکان لە گشت لایەکەوە روویان لە هەولێر دەکرد، تا لەژێر ئاڵای ئەم دیسکۆرسەدا کۆوەبن، تاکوو هەم بەرەکەت و بەخشینەکەیان بەر کەوێ و هەم عیلم و فەزڵەکەی، لێ گەلێک مخابن، ئێستاکە خوێندنەوەی زاڵی ئیسلامی لە کوردەواریدا خوێندەوەیەکی تورکی و عەرەبییانەیە لە ئیسلام و دیرۆکی ئیسلامی، کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ بشافتن و تواندنەوەی ناسنامەی کوردی و حاشاکردن لە کوردستان وەگەڕ خستووە.

چاوگێڕانەوە بەسەر دیرۆکی جێژنی مەولوود و مەولوودنامەگەلی کوردیدا، ئەم پرسیارە گەورەیان لا قوت کردوومەوە، کە بۆچی هەندێک لە زانایانی ئەم سەردەمەی کورد بە گوێرەی جوگرافیا و هەلومەرجی کوردەواری و وەک باب و باپیرانیان، راستەوخۆ خەریکی خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بۆ ژیانی پێغەمبەر و قورئان نابن و بۆچی ئەم کارە لە رێی زانایان و سیاسەتڤانانی تورک و عەرەبەوە دەکەن و ئەوان بە برای گەورەی خۆیان دەزانن؟

مەلوودنامەی کوردی، پەیامێکی گرنگ و مەزنی هەڵگرتووە، ئەویش ئەوەیە کە زانایانی کوردی چەند سەدە لەوەبەر بانگیان هەڵدا، کە ئێمە دەمانەوێ لە وڵاتی خۆمان و لە رێی زمان و چاندی خۆمانەوە راستەوخۆ پێوەندیی بە پێغەمبەری خۆمانەوە بکەین و ناچینە ژێر ئاڵای چ ئاغا و برا گەورەیەکەوە. ئەم پەیامە ناڕاستەوخۆیە پەیامی پێغەمبەریشمانە کە سەرپاکی موسڵمانان بە برا و وەک یەک دەزانێ و هیچ قەوم و گرووپێکی نەکردووەتە بندەستی و کۆیلەی ئەوانی دیكە.

وەرگێڕانی لە فارسیەوە: فەرهاد ئەکبەری