فەیز نەژاد.. نیو سەدە لە خزمەتی هونەری کوردی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

فەیز نەژاد.. نیو سەدە لە خزمەتی هونەری کوردی

 رەشید فەیز نەژاد، مۆسیقاژەن، ئاوازدانەر، گۆرانیبێژی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە نیو سەدەیە لە بواری مۆسیقای فۆلکلۆر و کلاسیکی کوردی، بەرهەمەکانی پێشکەش بە کوردستان دەکات.

 رەشید فەیز نەژاد کوڕی حاجی سەلیم خان، ساڵی 1951 لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. باوکی شارەزاییەکی سەرەتایی لە ئامێرەکانی وەک (تار و شمشاڵ)دا هەبووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی رەشید فەیز نەژاد هۆگر و شەیدای هونەر بێت.

 رەشید هەر لە منداڵییەوە دەستی داوەتە ئامێری (فلووت و دایەرە) و بە بێ مامۆستا دەستی کردووە بە مۆسیقاژەندن و گۆرانی گوتن. دوای ماوەیەکی کەم، مامۆستا رەشید حەز بە ئامێری ( ڤیۆلۆن) دەکات، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ ماوەی ساڵێک کتێبی یەکەمی ڤیۆڵۆنی لای مامۆستا (حامید تەوحیدی) لە سەقز خوێندووە. لە تەمەنی 17ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە شاری (ورمێ) و بە رێکەوت دەچنە ناوەندێکی مۆسیقا و شانۆ و لەوێ دەمێنێتەوە و لە لایەن بەرپرسانی موزیکەوە تاقی دەكرێتەوە و بە پلەی باش دەردەچێت و بڕیار دەدەن لە تیپەکەدا بەشداریی بکات و لەوێ بمێنێتەوە، هەروەها لە ناوەندە هونەرییەکانی شاری ( ورمێ) وەک مامۆستا رۆڵی گێڕاوە.

 لە ساڵی 1971 لەسەر داخوازیی بەرپرسی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی مەهاباد، لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیكە کۆڕێکی مۆسیقایان پێکهێناوە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک سەرپەرشتییاری تیپەکە بووە.

 لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی (سنە)ش چەند بەرهەمێکی بە دەنگی خۆی و چەندین مەقام و ئاوازیشی بۆ هونەرمەند ناسر رەزازی لەو ناوەندە تۆمار کردووە.