2
لە سەدەی چوارەم بەملاوە، هەندێ سەرچاوە، زێدەباری گێڕانەوەی رووداوەکان، زانیاریی جوگرافیشیان لەسەر شارەزوور تێدایە؛ بە گوێرەی ئەو زانیاریانە، شارەزوور بە دەڤەرێک دەگوترێ کە شار و گوندێکی زۆری هەیە، بەڵام چونکە ناوی شاری
سەرەکیی دەڤەرەکە لە هەندێ لەم سەرچاوانەدا بە ناوی نیوەڕێ یان نیم ئەزرای کراوە (ابن خردادبە؛ ابن رستە، ادریسی، ج ٢، ص ٦٦٩) بوونی ناوی شارێک بە ناوی (شارەزوور) هەندێک تەماوی بووە.
دیارە لەو سۆنگەوە کە سەرچاوەکان لە هەندی شوێندا ئاماژەیان بە ناوی شاری شارەزوور کردووە(اصطخری، مسکویە، ج ٦، ص٤٤٧؛ ابن اثیر،ج ١١،ص١١٣) و هەروەها دەرکەوتنی چەند بەڵگە و ناونیشانێک لە دووتوێی رووداەگەلی دیرۆکی، وەکوو گرتن یان گەمارۆدانی شارەزوور (مسکویە، ج٦، ص٤٤٧- ٤٤٨؛ابن اثیت، ج ٨، ص ٥٠٩)، ئاماژە بە بنیاتنەری شارەکە و هەروەها شوورا و برجەکانی، مزگەوت، زانا و قازییەکانی شارەزوور (ابن فقیە، ص ٤٠٦؛ سمعانی، ج ٣، ص ٤٧٣-٤٧٤؛ ابن مستوفی اربلی [ اربیلی ]، قسم ١، ص ٢٩٢) ناکرێ حاشا لە بوونی شارێک بە ناوی شارەزوورەوە بکرێ.
بۆیە وا پێ دەچێ کە شارەزوور و ”نیوەڕێ“ هەر یەک شار بوون و لەوانەیە ”نیوەڕێ“ ناسناو یا ناونیشانێک بووبێ کە لە سەردەمی بەر لە ئیسلامەوە، لە سۆنگەی هەڵکەوتنی شارەزوور لە نێوەڕاستی رێگەی تیسفوون بەرەو ئاورگەی ئازەرگوشەسپ (تەختی سلێمان)دا بە سەریدا بڕابێ.
هەرچۆنێک بێ، لە سەدەی چوارەمدا، بەپێی قسەی (ابودلف خزرجی) ( ص ٥٧-٦٠)، ”نیوەڕێ“، شاری سەرەکی و ناوەندی دەڤەری شارەزوور، شارێکی گەورە بووە کە شوورایەکی قاییم و بەرینی لە دەشتێکی تەختدا لە بناری شاخەکانی زەڵم و شعران ( رەنگە مەبەستی شەمێران بێ، شاخێک کە لەنێوان کوردستانی ئێران و عێراق)دا هەڵکەوتووە. لە هەوت فەرسەخیی رێگەکەدا، گوندێک بە ناوی دەیلمستان هەبوو کە خەڵکەکەی لەو دەیلەمیانە بوون کە لە سەردەمی ساسانیدا لەم دەڤەرەدا نیشتەجێ ببوون.
شارێکی تری دەڤەری شارەزوور ناوی ”بیر“ یان ”پیر“ بوو کە خەڵکەکەی شوێنکەوتووی مەزهەبی زەیدی بوون و خەڵکی ”نیوەڕێ“ لە سۆنگەی کێشە مەزهەب نێوانیان، جاروبار لەگەڵیان تێک دەچوون. وەک چۆن لە ساڵی ٣٤١ کۆچیدا هێرشیان کردە سەر ئەم شارە و زۆربەی خەڵکەکەیان کوشت و بە دیلیان گرتن، شاری دزەکانیش لەنێوان هەر شاری ”نیوەڕێ و بیر“دا هەڵکەوتبوو کە گۆلێکی نچووکی هەبوو.
نزیکەی شیست هەزار ماڵباتی عەشیرەتی کوردی کۆچەری، وەکوو عەشێرەتەکانی جەلالی/ جەلالیە (گەڵاڵی)، سۆلی/ سۆلیە، حەکەمی، باسیان و شەمرزلی (بۆ عەشیرەتی شمردلی، ازدی ج ٢، ص ١٠٥)، لە دەڤەری شارەزووردا خەریکی ئاژەڵداری بوون و زستانان لە دەشتی شارەزوور بوون و هاوینانیش دەچوونە کوێستانەکانی دەوروبەری شارەکە.
هەروەها دەڤەری شارەزوور، زەوییەکی زۆر پڕپیت و کشتوکاڵێکی بەهەڕمێنی هەبوو. جوگرافیناسەکانی ئەو سەردەمە شارەزووریان سەر بە دەڤەری چیایی زانیوە (اصطخری، ص ١٥٩؛ ابن حوقل، قسم ٢ ص ٣٥٨؛ مقسسی، ص ٣٨٥). بە بۆچوونی مهلبی (ص ١٤٦) دەڤەری شارەزوور لە باکوورەوە لەگەڵ دەڤەرەکانی مەراغە* هاوسنوور بوو، کە ئەگەر بەپێی بۆچوون ناوبراو بێ، دەبێ دەڤەری شارەزوور لەو سەردەمەدا زۆر لە ئیستا فروانتر بووبێ.
لە نێوەڕاستی سەدەی چوارەمەوە، حەسنەوییە بن حەسەن برزیکانی، یەکێک لە میرانی کورد کە لە ئەنجامی هاوپەیمانی لەگەڵ حەسەن بن بویە* (رکن الدولە) دەیلەمیدا دەسەڵاتی کوردەواریی بە دەستەوە گرتبوو، شارەزووریشی خستە بن دەسەڵاتی خۆیەوە (ابن اثیر، ج ٨، ص ٧٠٥؛ حسنویە*). پاش مردنی روکن دەولە ( ٣٦٦) کوڕ و جێگرەوەکەی (عضدالدولە دیلمی*)، لە ساڵی ٣٦٩ کۆچییدا بە تۆمەتی هاوکاریی کوردەکانی شارەزوور لەگەڵ عەرەبە راپەڕیوەکانی بنوشیبان، هێرشی کردە سەر شارەزوور و ئەو شارە قاییمەی داگیر کرد (مسکویە، ج ٦، ص ٤٤٧-٤٤٨؛ ابن اثیر، ج ٨، ص ٧٠٢).
زیدەباری ئەمەش، لە دوای مردنی حەسنەوییە لە ساڵی (٣٦٩ کۆچی) عضدالدولە بە کوشتنی کوڕەکانی، شارەزووریشی هەروەک دەڤەرگەلی تری ژێردەسەڵاتی حەسنەوییە خستە ژێر دەسەڵاتی بەدر (تاقە کوڕی پاشماوەی ماڵباتی حەسنەویە (حسنویە*) لە ساڵی ٤٠٠ی کۆچیدا هلالی کوڕی بەدر، لەبەر ناکۆکیی لەگەڵ باوکی، هێرشی کردە سەر سنووری فەرمانڕەوایی فەرمانڕەوا دانراوەکەی باوکی لە شارەزوور و پاش گەمارۆدانی شارەکە و داگیرکردنی، فەرمانڕەواکەی شارەزوور و کەسوکارەکەی کوشت (ابن اثیر، ج ٩،ص ٢١٤).
شارەزوور لە ساڵانی دواتریشدا چەند جارێک لە ململانێی نێوان خۆ بە میراتگرانی فەرمانڕەوایانی حەسنەوییەدا دەستاودەست کرا، هەتاکوو لە ساڵی ٤٠٦ کۆچییدا بە کوشتنی طاهر بن هلال بە دەست ابوالشوک (ابوالشوق) بن محمد فەرمانرەوای میرانی کوردی عەنازی (عنازیان*) دەستیان بەسەر شارەزووردا گرت (ابن اثیر، ج ٩، ص ٢٤٥؛ حسنویە*).
سەرچاوە: دانشنامە جهان اسلام- شمارە ٢٨
وەرگێڕانی: فەرهاد ئەكبەری