بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، سوپای ئێران لە ساڵانی (1815- 1816) لە ناوچەی برادۆستەوە هێرش دەكاتە سەر ڕواندز، بەر لە گەیشتن بۆ ڕواندز، لە سیدەكان شەڕێك ڕوودەدات و هۆزەكانی ناوچەكە ڕووبەڕووی هێزەكانی ئێران دەبنەوە، یەكێك لە بەڵگەنامەكان ئاماژە بەو هۆزانەی ناوچەكە دەكات، كە پاڵپشتیی میری گەورەیان كردووە، دژی هێرشەكە بۆ سەر میرنشینی سۆران.
شوێنەوارناس د. زێدان ڕەشید خان ئاودەل برادۆستی، لە لاپەڕەكانی (101- 102- 103)ی پەرتووكی (دەڤەری برادۆست.. جوگرافیا مێژو و شوێنەوار و كەلەپوور)، نووسیویەتیی: میرنشینی سۆران لە سەدەی (16ز) لە كوردستان بە شێوەیەكی فراوان دەسەڵاتی وەرگرتووە و میر و پاشاكانی ئەو میرنشینە شوێنپەنجەیان لە رووداوەكانی ئەو ناوچەیەدا دیارە (هەرووتی، 2017، 12-37). لە سەردەمی میرنشینی سۆران لە شاری رواندز، بەتایبەت سەردەمی میر محەمەد (ناسراو بە پاشای كۆرە، یان پاشای گەورە) (1813- 1838) كە یەكێك بووە لە پاشا و میرە هەرە بەناوبانگەكانی میرنشینی سۆران (مەحموود، 2017- 140، مستەفا، 2017، 218- 219)، لەسەر حسابی خاكی هۆز و ناوچەكانی دەوروبەری وەك (برادۆست، باڵەك، شێروانی، سوورچی، خۆشناو، ناوچەی هەریر، ڕانیە، كۆیە، هەولێر، ئاڵتون كۆپری (پردێ)) هەر زوو هەوڵی فراوانكردنی میرنشینەكەی داوە، دواتر پەلاماری میرنشینەكانی دەوروبەر و تەواوی كوردستانی داوە، وەك (میرنشینی بادینان و بۆتان.. (عەلی، 2017، 82) و میرگەی شێخان.
ئاماژەی بەوەش داوە: "لە پەرتووكی (مێژووی ئەفشار) باس لە هێرشی سوپای ئێران دەكرێت بۆ سەر میرنشینی سۆران لە ساڵانی (1815- 1816)، كە تیایدا ئاماژە بە قەڵایەكی گەورە دەكات، دەڵێت: ”بەر لە گەیشتن بۆ ڕواندز، لە سیدەكان شەڕێك ڕوویداوە و قەڵاكەیان داگیر كردووە، كە نزیكەی شەش كیلۆمەتر ڕێگایان مابووە بگەن بە سیدەكان، بەڵام بەهۆی بارینی بەفر، بڕینی ڕێگاكە سەخت بووە، بەمەش ژمارەیەكی زۆر سەربازیان گیانیان لەدەست داوە، دواجار بەناچاری گەڕاونەتەوە و هێرشەكەیان بۆ ساڵی دواتر دواخستووە".
یەكێك لە بەڵگەنامەكان دەسكەوتووە، كە ئاماژە بەو هۆزانە دەكات، كە پاڵپشتیی میری گەورە بوونە، كە وەك سەرۆك هۆز ناویان هاتووە، یەكێكیان بەناوی (عومەر كوڕی محەمەد)، كە بە سەرۆكی عەشیرەتی برادۆست خۆی ناساندووە و سەرۆك هۆزی ڕەوەندۆك و پیرەسنی (مستەفا كوڕی خالد)، ئەوانەی ناویان هاتووە، هەموویان 13 سەرۆك هۆزن، بە نامەیەك كە مێژووەكەی نەنووسراوە، پاڵپشتیی میری گەورەیان كردووە دژی هێرشەكەی ئێران".
لە كۆندا لە هەندێك حاڵەتدا ئەو كەسەی، كە نامەكەی بۆ دەچوو، یان كاتی نووسینی، لەسەر بەرگە دەنووسرا، كە نامەكەی پێییەوە دەپچڕا، بەڵام لە بەڵگەنامەكان هاتووە، لە ساڵی 1816 ئەم نامەیە ئاراستەی سوڵتانی عوسمانی كراوە، لە خوارەوەش واژووی پاشای گەورەی لەسەرە، (بەندە محەمەد میری ڕواندز) و ناوی باوكی پاشای گەورەش هاتووە (بەندە مستەفا میری دمدم) دمدەم قەڵایەك بوو لەنزیك ڕواندز، بۆ میر مستەفای باوكی پاشای گەورە دروست كرابوو. (یوسف، 2005، 26-23)".