نەجیبە جەلیزادە، ئەو ئافرەتە خزمەتگوزارە پێشکەوتنخوازەی کورد، لە ساڵی 1917 لە شاری کۆیە لەدایک بووە. کچی مەلای گەورە و شاعیری هەڵبەستی کۆمەڵایەتی بووە. لەسەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوودا، خەڵکی شاری کۆیە کوڕەکانیان نەدەناردە قوتابخانەی فەرمی، باوکی زانا و چاکەخواز، ئەو کچەی خۆی لەگەڵ کوڕان لە ساڵی 1924دا لە قوتابخانەی سەرەتایی کۆیە لەبەر خوێندن دانا، تاکوو بووە پۆڵی پێنجەم، خەڵکەکە وردە وردە بەگەرمییەوە رۆڵەکانی خۆیان لەبەر خوێندن دانا.
لەسەرەتای چلەکانی سەدەی بیستەمەوە، ئەو ئافرەتە هۆشیارە زیرەکە تێکەڵ بە خەباتی سیاسیی میللەتەکەی بووە و بووەتە لایەنگیرێکی دڵسۆز و چالاکی پارتی هیوا و ئافرەتانی شارەکەی بۆ خەباتکردن لەپێناو وە دەستهێنانی مافی خۆیان و نەتەوەکەیان هۆشیار کردووەتەوە.
دوای دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946، لەو حزبە درێژە بە کاری سیاسیی خۆی دەدات. پاشان کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، کە لە مەهاباد لە لایەن مینا خانەوە سەرپەرشتیی دەکرا و لە سلێمانییش لە لایەن حەپسەخانی نەقیبەوە بەڕێوە دەبرا، لە ساڵی 1952 بۆ درێژەدان بە خەباتی ئەو رێکخراوەیە، نەجیبە خان لە کۆیە بەنهێنی سەرپەرشتیی ئەو رێکخراوەی دەکرد، بە ناوی (یەکێتیی ئافرەتانی کورد) لە کۆیە.
ئەو ژنە ئەدەبدۆستە ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێنا و زیاتر هەوڵی خۆڕۆشنبیرکردنی داوە، وەک زۆر کوردی دیكەی ئەم نیشتمانەش، تووشی ئاوارەیی بووە. لەدوای شکستهێنانی شۆڕشی ئەیلوول بە پیلانی جەزائیر لە ساڵی 1967دا، بۆ ماوەی دوو ساڵ ئاوارەی ئێران دەبێت و تووشی نارەحەتی و قورسییەکی زۆر دەبێت.
لەکۆتایی تەمەنیدا تووشی نەخۆشی دەبێت و لە کۆیەوە دەچێت بۆ هەوڵێر بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و ماوەیەک بە ئازاری نەخۆشییەکەی دەناڵێنێت و لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.
یەکێک لە هەوڵە گرنگەکان، کە نەجیبە جەلیزادە ئەنجامی دا، بریتی بوو لە کۆکردنەوەی هەموو کتێب و نووسراوەکانی باوکی، لەگەڵ ئەو کتێب و بەرهەمانەی، کە خۆی نووسیبوونی، کە سێ دانەیانی بە چاپ گەیاند و لە کتێبخانەیەکیدا داینا، واتە دەتوانین بڵێین، نەجیبە خانی جەلیزادە لەگەڵ زەینەب خانی خوشکی دڵداری شاعیر، لە یەکەمین ژنەکانی شاری کۆیە و تەنانەت کوردستانیش بوون، کە خاوەن کتێبخانەی خۆیان بوون. ئەگەر چی هەر یەک لەو ژنانە لە بنەماڵەیەکی رۆشنبیر و چاوکراوە، چاویان بە دونیا هەڵهێناوە، بەڵام خودی خۆشیان تێکۆشەر و چاونەترس بوون.
