شارەزوور

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

 

لە ساڵی٤٣٩ی کۆچیدا و هەر لەو سەرچاوەیەشدا ئاماژە بە هاتنی یەکەم شەپۆلی تورکمانە سەلجووقییەکان بۆ دەڤەرەکە کراوە. شارەزوور سنووری دەسەڵاتی ”موهەلهەل بن محەمەد عەنازی“دا بوو. سەلجووقییەکان، بە فەرماندەیی ”ئیبراهیم ینال*“ هێرشیان کردە سەر سنووری فەرەمانڕەوایی عەنازییەكان، شارەزووریان داگیر و تاڵان کرد، بەڵام نەیانتوانی موهەلهەل کە لە قەڵای تیرانشادا سەنگەری گرتبوو، بگرن.

ساڵێک پاشتر، کە تورکمانەکان لە دەڤەرەکە کشانەوە، موهەلهەل دیسانەکە، شارەزووری خستەوە ژێر دەستی خۆی (ابن اثیر، ج ٩، ص ٥٣٩، ٥٤٥). لە ساڵی ٤٤٢ی کۆچیدا، موهەلهەل چووە لای توغڕوڵ بێگ (یەکەم سوڵتانی سەلجووقی) لە هەمبەر گوێڕایەڵیی بۆ سەلجووقیان، رەزامەندییتوغڕوڵ بێگی بۆ درێژەدان بە فەرمانڕەوایی بەسەر شارەزوور و ناوچەکانی تری ژێردەسەڵاتیدا بەدەست هێنا.. ( ابن اثیر، ج ٩، ص ٥٧٠ ).

سەربای ئەمەش، لە سۆنگەی بەردەوامیی گڤاشی سەلجووقییەکان و عێلە تورکمانەکانی ناوچەکە، سنووری دەسەڵاتی عەنازییەکانی بەرتەسک کرایەوە. بە رادەیەک کە تاکوو ساڵی ٤٩٥، واتە لە کاتی دەسەڵاتی ”سەرخاب بن بەدر بن موهەلهەلدا، سنووری دەسەڵاتەکەیان لە شارەزوور و ” دقوقاء“ (ابن اثیرج ١٠، ص ٣٤٦؛ عنازیان* ) تێنەدەپەڕی.

وا دیارە شارەزووریش لە دەسپێکی سەدەی شەشەمەوە لە لایەن فەرماندە تورکمانەکانەوە داگیر کرابێ، چونکە هەر وەک ”ابن اثیر“ لە ( ج ١١، ص ٧٥)دا، دەڵێ: ”لە ساڵی ٥٣٤ی کۆچیدا، عیمادەدین زەنگی* شارەزووری لە چنگی قپچاق/ قفجاق بن ئەرسەلان تاشی توركمان دەرهێنا. هاتنی عەشیرە تورکمانەکان بۆ شارەزوور، بووە هۆی تێکهەڵچوونیان لەگەڵ عەشیرەتە کوردەکان لە سەر لەوەڕگە و سنووری دەسەڵاتەکەیان.

بە چەشنێک کە لە ساڵی٥٨١ی کۆچیدا، دەڤەری شارەزوور وەکی دەڤەرەکانی تری کوردەواری، بوون بە مەیدانی تێکهەڵچوونی کورد و تورکمانەکان (ابن اثیر، ج ١١، ص ٥١٩). هەروەها شارەزوور کە تا ئەودەم بەشێک بوو لە سنووری ئەتابەکانی زەنگیی مووسڵ، لە کاتی رێککەوتنی نێوان سەلاحەدین ئەیووبی و عیزەدین مەسعودیی ئەتابەکی مووسڵدا، کەوتە بن دەسەڵاتی سەلاحەدین ئەیووبییەوە (ابن اثیر، ج ١١، ص ٥١٧، ابن مستوفی اربلی، قسم ١، ص ٣٤٠).

سەلاحەدین ئەیووبی، چەند ساڵ پاشتر، لە ساڵی ٥٨٦ی کۆچییدا، کۆکردنەوەی باج و خەراجی شارەزووری دا بە موزەفەرەدینی گوکبوری، فەرمانڕەوای هەولێر (ابن اثیر، ج ١٢، ص ٥٦، ٣٠٦؛ ” ابن الفضل اللە عمری“ سفر ٢٧، ص ١٥١). بەم شێوەیە شارەزوور خرایە سەر دەسەڵاتی ئەتابەکەکانی هەولێر (بگتکینیان).

یەکێک لە رووداەکانی ئەو سەردەمە، روودانی بوومەلەرزەی بەهێزی ساڵی ٦٣٤ی کۆچی لە شارەزووردا بوو کە زۆربەی بەشەکانی ئەم شارە، وێڕای قەڵاکەی کاول کرد (ابن اثیر، ج ١٢، ص ٤٦٧). لە دەوروبەری ساڵی ٦٣٤ی کۆچییشدا، لە سۆنگەی هاتنی مەغۆلەکانەوە بۆ دەڤەرەکە، شارەزوور کەوتە بەر پەلاماریانەووە. لە کاتی ئەم هێرشانەدا هەندێک لە عەشیرە کوردەکانی ناوچەکە بەرەو میسر و شام کۆچیان کرد (ابن فضل اللە عمری، سفر ٣، ص ٢٦١).

ئەم عەشیرەتانە، کە پاشان چوونە پاڵ مەمالیک*ەکانەوە، لە سوپاکەیاندا هەر بە شارەزوورییەکان ناسرابوون (نویری، ج ٢٩، ص ٣٨٣). هەروەها، وا دیارە ئەم پەلامارانە بووبن بە هۆی کاولکردنی شارەزوور، چونکە لە سەدەکانی دواتردا، لەناو باسوخواسی رووداوەکانی ناوچەکەدا ئاماژەیەک بە ناوی شارەزوور نەکراوە؛ ”ابن فضل اللە عمری“ هەر لە سەرچاوەکەی پێشوودا تەنانەت ئاماژەشی بە کاولکردنی و چۆڵبوونی شارەکەش کردووە. لەوەپاش، ناوی شارەزوور تەنیا وەک ناوی ناوچەیەک ئاماژەی پێ کراوە.

بەرلەوەی شارەزوور کاول بکرێ، عالم و زانایەکی زۆر لەم شار و دەڤەرەدا سەریان هەڵداوە. کەسانی سەر بە ماڵباتە ناودارە شارەزوورییەکان، پاشناوی شارەزوورییان پێوەیە کە زۆربەیان لە سەدەکانی پێنجەم و شەشەمی کۆچیدا لە شام و شوێنەکانی تری وڵاتانی ئیسلامیدا، زۆربەیان بوونە دادوەر (شهرزوری، خاندان). هەندێک لە ناودارانی خاوەن پاشناوی شارەزووری بریتین لە: ”عەلی بن مسلم“ شارەزووری (کۆچی دوایی ساڵی ٥٣٣؛ ابن شهرزوری*)، راڤەکار، شەرعزان و موفتی شافیعی. ”ابوالکرم* “ شارەزووری (کۆچی دوایی ساڵی ٥٥٠)، حەدیسزان و قورئانوێژ، ”ابن صلاح*“ شارەزووری (کۆچی دوایی ٦٤) حەدیسزان، راڤەکاری قورئان و زانای شافیعی، نووسەری کتێبی ناوداری ”مقدمە ابن صلاح“ لە زانستی حەدیسدا کە ”ابن خلکان“ ( ج ٣، ص ٢٤٣) ناوبراوی بە یەکێک لە زانایانی هاوچەرخی خۆی و لە بەناوبانگترین زانایانی کورد ناو بردووە و ” شمس الدین محمد محمود*“ شارەزووری لە فەیلەسووفانی ئیشراقی سەدەی حەوتەمە.

فەرهاد ئەكبەری وەریگێڕاوە
سەرچاوە: دانشنامە جهان اسلام- شمارە ٢٨