64 ساڵ لەمەوبەر، بارزانی نامەیەكی ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لەسەر پیشێلكردنی مافی كورد لە توركیا و ئێران

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

64 ساڵ لەمەوبەر، بارزانی نامەیەكی ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لەسەر پیشێلكردنی مافی كورد لە توركیا و ئێران

مسته‌فا بارزانی، وه‌ك سه‌رۆك و رێبەری نه‌ته‌وه‌یی كورد و كوردستانیان، هه‌میشه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشاندا بووه‌ دژ به‌ رژێمه‌ داگیركاره‌كانی كوردستان، به‌تایبه‌ت له‌ باشوورى كوردستان، به‌ڵام له‌ پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستانیش هه‌میشه‌ هاوكار و یارمه‌تیده‌ر و پشتیوان و داكۆكیكار بووه لە مافی كورد‌، ته‌نانه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، له‌ كۆمارى كوردستان رۆڵى مەیدانی و گرنگ و كاریگه‌ری بینیوه‌ له‌ داكۆكیكردن و به‌رگریكردن له‌ كۆمار. له‌ ده‌ره‌نجامى ئه‌و خه‌بات و تێكۆشان و كوردایه‌تییه‌دا و له‌و پێناوه‌شدا زۆر قوربانی و ده‌ربه‌ده‌ری و ژیانی سه‌ختى ئاواره‌یی و غوربه‌تى له‌ نێوخۆی وڵات و مه‌نفا چه‌شتووه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ هیچ كات نه‌بوونه‌ته‌ هۆی ساردبوونه‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ شۆڕش و كوردایه‌تییه‌كه‌ی، بگره‌ زیاتر رژد بووه‌. به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ و هه‌میشه‌ خۆی به‌ داكۆكیكاری سه‌رسه‌ختی گه‌لی كورد له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان زانیوه‌ و له‌ هه‌ر شوێن و جێگایه‌كى جیهان رۆڵه‌ى كوردی لێ بووبێت و چه‌وسێنرابێته‌وه‌، بارزانی ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ دژی ئه‌و زوڵم و زۆردارییه‌ راوه‌ستاوه‌.

بارزانی گەرچی خۆی لە باشووری كوردستان لە گەرمەی خەباتدا بووە بۆ مافەكانی كورد، بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، كاتێك ده‌زانێ له‌ لایه‌ن دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی توركیا و ئێرانەوە، مافه‌كانی مرۆڤی كورد پێشێل ده‌كرێت و رۆڵه‌ى كورد لەو دوو وڵاتە ده‌چه‌وسێنرێنەوە و سته‌میان لێ ده‌كه‌ن، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزما و خه‌مخۆر و په‌رۆشی كوردایه‌تی و هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی، ده‌نگى ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت، ئیدی په‌نا ده‌باته‌ به‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

له‌ رۆژى 1ى 10ى 1960 له‌ شاری به‌غداوه‌ و لە ڕێی ناردنی یاداشتنامەیەكی تایبەت به ‌ناوى سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، ناڕەزایی و نیگەرانی له ‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی هه‌ردوو رژێمی دەسەڵاتداری ئەوكاتی توركیا و ئێران ده‌رده‌بڕێ، كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ رۆڵه‌كانی گه‌لى كورد له‌و وڵاتانه‌دا په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن، له‌و ساته‌وه‌خته‌دا مسته‌فا بارزانی یاداشتە برووسكه‌یه‌كی توندی ناڕه‌زایی، ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى ده‌كا و داوایان لێ ده‌كات، كه‌ ئه‌و بێڕێزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ رۆڵه‌كانی كورد ده‌كرێت رابوه‌ستێنرێ و چیتر مافیان پێ شێل نه‌كرێت.
له‌ وه‌ڵامی یاداشتە برووسكه‌كه‌ی بارزانیدا، (ئاڕ. تی. هۆنگ) فه‌رمانبه‌ری به‌رزی به‌شی مافی مرۆڤ، له‌ كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ برووسكه‌یه‌ك وه‌ڵامی بارزانیی داوه‌ته‌وه‌.

خۆشبەختانە گۆڤاری (رۆژی نوێ) كه‌ لەو سەردەمەدا له‌ شارى سلێمانی ده‌رده‌چوو، ده‌قی ئه‌و یاداشتە برووسكه‌یەی بارزانیی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان‌ و وه‌ڵامه‌كه‌یشی له‌ لاپه‌ڕه‌ (61) و له‌ لاپه‌ڕه‌ (93)ی ژماره‌ (18)ى بڵاو كردووەتەوە، لێرەدا پاش 64 ساڵی تەواو، ده‌قی هه‌ردوو برووسكه‌ى بارزانی بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هی ئه‌وان بۆ بارزانی وەك ئەوەی لە گۆڤاری (رۆژی نوێ)دا نووسراوە لە (باسنیوز) بڵاو دەكەینەوە كه‌ ده‌رباره‌ی خراپیى بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی رۆڵه‌كانى نه‌ته‌وه‌ى كورد له‌ كوردستانی توركیا و له‌ كوردستانى ئێرانه‌.

ئه‌مه‌ی خوارەوە ده‌قی برووسكه‌كه‌ی سەركردە و رێبەری كورد مستەفا بارزانیه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ لەژێر سەردێڕی (مسته‌فا بارزانی ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕێ) له‌ گۆڤاری (رۆژى نوێ)دا به‌ بایه‌خه‌وه‌ و له‌ یه‌ك لاپه‌ڕه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه:

مسته‌فا بارزانی ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕێ

هه‌ڤاڵ مسته‌فا بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌م برووسكه‌یه‌ی خواره‌وه‌ى بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لێ دا:
به ‌توندی ناڕه‌زایی خۆم ده‌رده‌بڕم، به‌رامبه‌ر به‌و سیاسه‌ته‌ جیاوازیكاره‌ى كه‌ له‌ توركیا و ئێراندا په‌یڕه‌و ده‌كرێ دژی رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردمان و به‌رامبه‌ر به‌وه‌ى كه‌ بێبه‌رییان ئه‌كه‌ن له‌ بچووكترین مافی نه‌ته‌وایه‌تی و مرۆڤایه‌تی.
داواتان لێ ئه‌كه‌م، كه‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ فه‌وتی ئه‌م پێ له‌ مافی مرۆڤایه‌تی نانه‌.
ئیتر به‌رزیتان..

مسته‌فا بارزانی
سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
به‌غدا 1ى10ى1960

هه‌روه‌ها، له‌ هه‌مان ژماره‌ى گۆڤارى (رۆژی نوێ)، لاپه‌ڕه‌ (93)دا هەواڵی وەڵامی نوینەری نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە بۆ بارزانیی نەمر، كە بەم شێوەیەی خوارەوە لە گۆڤارەكەدا بڵاو كراوەتەوە:

وه‌ڵامی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مسته‌فا بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

له‌ لاپه‌ڕه‌ (61)ی ئه‌م ژماره‌یه‌ی (رۆژی نوێ)دا، برووسكه‌ى هه‌ڤاڵ مسته‌فا بارزانیمان بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ ده‌رباره‌ی وه‌زعی نه‌ته‌وه‌ى كورد له‌ كوردستانی توركیا و ئێراندا ناردبووی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، وا وه‌ڵامی كۆمه‌ڵه‌ی ناوبراویش بۆ مسته‌فا بارزانی له‌ خواره‌وه‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌.

مسته‌فا بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان - به‌غدا:
پێم سپێردرا پێتانی رابگه‌یه‌نم كه‌ برووسكه‌كه‌تان، كه‌ به‌ به‌رواری 2ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1960 نووسراوه‌، گه‌یشت، هه‌روه‌ها پێم سپێردرا، كه‌ ئاگادارتان بكه‌م، كه‌ وا باسی كرا و به‌پێی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ژماره‌ 728 ئیف چاره‌ی كرا، هه‌روه‌ها ئه‌و نوقتانه‌ى، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ بڕیاره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆمان ناردن، بۆ ئاگاداری.
دڵسۆز
ئاڕ. تی. هۆنگ
فه‌رمانبه‌ری به‌رزی به‌شی مافی ئاده‌میزاد له‌ كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان"

بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى بابه‌ته‌كه‌ و زیاتر زانیارى له‌سه‌ر بارودۆخى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌ڵوێستى بارزانى و په‌رۆشى و كوردپه‌روه‌رییه‌كه‌ى، به‌ پێویستم زانى را و بۆچوونى چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى ئه‌كادیمى و رووناكبیر وه‌ربگرم و ئاوێته‌ى نێو بابه‌ته‌كه‌ى بكه‌م.

سه‌ڵاح به‌دره‌دین، سیاسه‌تمه‌داری كورد و سكرتێری گشتیی حزبی هه‌ڤگرت له‌ كوردستانی سووریا، له‌ وتارێكیدا له‌ كتێبی (كۆنگره‌ى یاده‌وه‌ریی 90 ساڵه‌ى له‌دایكبوونی بارزانیی نه‌مر)دا، باس له‌ هه‌ڵوێستێكى به‌رز و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى بارزانی ده‌كات و ده‌ڵێت: "بارزانی له‌ یه‌كێك له‌ نامه‌كانیدا بۆ باقرۆڤ، داوای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ رێی پێ بدرێت سكاڵای خۆی به‌ رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بگه‌یه‌نێ و ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ئه‌و سیاسه‌تی سه‌ركوتكردنه‌ ده‌ربڕێ، كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر چوار حكوومه‌تی توركیا و ئێران و عێراق و سووریا دژی گه‌لی كورد به‌ڕێوه‌ ده‌برێ و ئابڕووی هه‌ڵوێستی ئه‌و حكوومه‌تانه‌ ببات، له ‌كۆتایی نامه‌كه‌دا، وه‌ك ئیمزا ده‌سته‌واژه‌ی (خزمه‌تكارى كوردان و كوڕی كوردان)ى به‌كار هێنابوو".

سه‌باره‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی نامه‌كه‌ی بارزانى و وه‌ڵامه‌كه‌ى، پرۆفیسۆر د. فوئاد حه‌مه‌خورشید گوتى: "ئه‌و نامه‌یه‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته‌ شۆڤێنی و ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ بوو، دژ به‌ میلله‌تی كورد له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ى بنده‌ستی (ئێران، توركیا، سووریا) پیاده‌ ده‌كرا. (مسته‌فا بارزانی)، شۆڕشگێڕانه‌ و كوردپه‌روه‌رانه‌ و وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئاكاری به‌رزی سیاسی و هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی نیشتمانی، جوامێرانه‌ به ‌ناوى (مسته‌فا بارزانی) سه‌رۆكی (پارتی دیموكراتی كوردستان)، به‌یانێكی روون و ئاشكرای له‌ 1ی 10ی 1960 ئاراسته‌ی (سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان) كرد و رووی به‌لاى ئه‌و زوڵم و سته‌م و ناڕه‌وایی و بێبه‌شكردنه‌ى گه‌لی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ى داگیركراوى كوردستان پێ وه‌رچه‌رخاندن و داوایان لێ ده‌كات (كۆمه‌ڵه‌ى گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان) ده‌سته‌به‌ری مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد بكه‌ن، كه‌ حكوومه‌تی (ئێران و توركیا) به‌ زه‌قی پێشێلیان ده‌كه‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى (كۆمه‌ڵه‌ى گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان) له‌ ڕێگه‌ى به‌رپرسی به‌شی مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ خۆیان، وه‌ڵامی نامه‌كه‌ى (مه‌لا مسته‌فای بارزانی)یان داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا هه‌نووكه‌ هیچ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی بۆ راگرتنی ئه‌و پێشێلكارییانه‌، یان ناڕه‌زایی و سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و مه‌زڵوومیه‌ته‌ له‌لایه‌ن (به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و تاران و دیمه‌شق) ده‌رهه‌ق به‌ كورد و خاكی كوردستان ده‌كرێت و درێژه‌یان هه‌یه‌، پیشان نه‌داوه‌. به‌م هه‌موو سته‌م و پێشێلكارییه‌ی داگیركه‌رانی كوردستان، ئاوڕێكی مرۆڤدۆستانه‌یان له‌ گه‌لی كوردی زوڵملێكراو نه‌دایه‌وه‌.

ئەو مێوونووسەی كورد، راشیگەیاند: ”سته‌می داگیركارانی كوردستان زه‌ق و به‌رچاون و له‌ژێر ده‌واری ره‌شی ره‌گه‌زپه‌رستیدا، سیاسه‌تی (ته‌عریب، ته‌فریس، ته‌تریك) له‌سه‌ر خاكی كوردستان و به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد پراكتیزه‌ ده‌كه‌ن.
هێماى ڕوونی ئه‌م نامه‌یه‌ی رابه‌ری میلله‌تی كورد (مسته‌فا بارزانی) پیشانده‌ر و به‌ڵگه‌ى حاشاهه‌ڵنه‌گره‌، كه‌ بارزانیی نه‌مر خه‌مخۆر و به‌ته‌نگه‌وه‌چووی گه‌لی خۆی بووه‌ و له‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكانی كورد مكوڕ و پێداگر بووه‌، چاو له‌دوو شوێنه‌واری ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ى بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ر بسته‌ خاكێكی كوردستانى گه‌وره‌ و ئه‌و شوێنانه‌ش، كه‌ كورد تیایاندا ژیاوه‌، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری جوگرافیای كوردستان به‌ زۆره‌ملێ تیایاندا نیشته‌جێ كراوه‌.“

له‌ درێژه‌ى باسه‌كه‌یدا پ. د. فوئاد حه‌مه‌خورشید، گوتى: "ئه‌م گرنگیدان و مشوورخۆری و خه‌مخۆرییه‌ی (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) له‌ سه‌رده‌می ئاواره‌بوونیشدا له‌ سۆڤیه‌تی جاران، له‌نێوان 1947– 1958 له‌ هه‌گبه‌ و كۆڵه‌پشتیدا بوون و سه‌رله‌وحه‌ى ژیان و كارى له‌پێشینه‌ی سیاسیی ئه‌م رابه‌ره‌ ماندوونه‌ناسه‌ی كورد بوون.
مه‌لا مسته‌فا، هه‌موو ساڵانی ژیانی تێكۆشان و به‌رخودانی (سیاسی، سه‌ربازی، وتوێژ و پشوودان)ی بۆ ته‌رخان كردبوو، دڵسۆزانه‌ و لێبوردانه‌ كاری بۆ كردوون و ئامانجی سه‌ركێشیی به‌ده‌ستهێنانی خواست و مافه‌ ڕه‌واكانی كورد و بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی سنووری جوگرافیای كوردستانی گه‌وره‌ بووه‌.
ئه‌م ئامانجه‌ى ئاوێته‌ى خۆشه‌ویستیی كوردستان و گه‌لی كورد كردبوو، وه‌ك پێشه‌نگێكی به‌ئه‌مه‌ك، ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ى له‌ئه‌ستۆ نابوو، له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ تاوه‌كوو دامه‌زراندنی كۆمارى كوردستان له‌ 22ی كانوونی دووه‌می 1946 و به‌راتر، سه‌رده‌سته‌ی ئه‌م له‌ئه‌ستۆگرتنه‌ بوو، بۆ چركه‌ساتێك ئارامی نه‌گرتووه‌ و به‌ڕاشكاوی و بێ په‌روا، سه‌نگه‌ر و په‌نابه‌رد، ژێر خێوه‌ت و دواتر ئاواره‌یی و نیشته‌جێكردنی زۆره‌ملێی ناوشاران و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، شوێن و جێگاى بوون، دروشمی (كوردستان یان نه‌مان) له‌ گه‌شانه‌وه‌ و ئاڵای كوردستان له‌ شه‌كانه‌وه‌دا بوون و رێ رووناككه‌ره‌وه‌ی (پارتی دیموكراتی كوردستان) و ئامانجی پیرۆزی بارزانی و هه‌ڤاڵ و نه‌وه‌كانی بوون، سروودی به‌رخودان و ناوسه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ و حزب و ڕێكخراوه‌كانی پارتی بوون. هێماكانیش رووه‌و داهاتوویه‌كی پڕشنگدار و پڕ شكۆی به‌ ئامانج گه‌یشتنی میلله‌تی كورد ئاراسته‌ كراون، بۆ گه‌شه‌دان به‌ كاری سیاسی و ڕێكخراوه‌یی به‌رده‌وام".

هەر پێوەند بەو نامەیە، پرۆفیسۆر د.هۆگر مه‌حموود فه‌ره‌ج، مامۆستاى زانكۆی سلێمانى سه‌باره‌ت به‌ نامه‌ی بارزانى بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و وه‌ڵامه‌كه‌یان، گوتى: "ده‌قى ئه‌و نامه‌یه‌ و مێژووى ناردنه‌كه‌ى، ده‌كرێت له‌ چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ سه‌رنجى لێ بدرێت، یه‌كه‌م: نامه‌كه‌ له‌ 1ی 10ى 1960دا نێردراوه‌، واته‌ هێشتا زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم قاسم بیركردنه‌وه‌ى سه‌باره‌ت به‌ كورد، زۆر له‌و ساته‌وه‌خته‌ دوور نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا له‌ ده‌ستوورى كاتیی عێراقدا، دان به‌وه‌دا نرا كه‌ كورد و عه‌ره‌ب له‌م وڵاته‌دا هاوبه‌شن.
دووه‌م: ئه‌و گۆڕانكارییه‌ى له‌ عێراقدا رووی دابوو، له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌كانیاندا چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ى لێ كراوه كه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كى نوێ له‌ عێراقدا هاتبێته‌ ئاراوه‌ و ئیدى كورد و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى نادیده‌ و پێشێل ناكرێن. ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ وای كردووه‌، كه‌ رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به ‌شێوه‌یه‌كى دیبلۆماسییانه‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ و تێیدا ئه‌وه‌ بخوێنرێته‌وه كه‌ وه‌ك پرسێكى رامیارى له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌ى بارزانى ناڕوانن، به‌ڵكوو ته‌نیا وه‌ك پرسێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و مافى مرۆڤ ده‌یبینن. به‌ڵگه‌م بۆ ئه‌م بۆچوونه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ له‌ فه‌رمانبه‌رێكى سه‌ر به‌ به‌شی مافى ئاده‌میزاده‌وه‌یه‌، نه‌ك له‌و لێژنانه‌وه كه‌ چاودێریى ڕه‌وشه‌ ڕامیارییه‌كانى وڵاتان و جیهان ده‌كه‌ن. خاڵێكى زۆر گرنگ، له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى (ئاڕ. تى. هۆنگ)دا، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌ڵێت: (... پێم سپێردرا ئاگادارتان بكه‌م، كه‌وا به‌پێی بڕیارى ئه‌نجوونه‌مه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابووریى ژماره‌ 728 ئێف چاره‌ى كرا، هه‌روه‌ها ئه‌و خاڵانه‌ی، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ بڕیاره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆمان ناردن، بۆ ئاگاداری).
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بۆچى گۆڤارى (رۆژى نوێ)، له‌ لاپه‌ڕه‌ (61)ى ئه‌و ژماره‌یه‌یدا، كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و خاڵانه‌ى له‌گه‌ڵدا بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه‌ تاوه‌كوو بمانزانیبا خاڵه‌كان چی بوون؟
هاوكات به‌هایه‌كى زۆر گرنگى نامه‌ ناڕه‌زاییه‌كه‌ى بارزانى له‌وه‌دایه‌، كه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یی كورد، ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ره‌وشى ناله‌بارى نه‌ته‌وه‌كه‌ى له‌ دوو پارچه‌ى داگیركراوى نیشتمانه‌كه‌یدا ده‌ربڕیوه‌، نه‌ك ته‌نیا وه‌ك سه‌رۆكى پارتێكى باشوور. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ى لێ ده‌خوێندرێته‌وه‌، كه‌ ده‌وڵه‌تانى هه‌رێمى نه‌یانتوانیوه‌ هه‌ژموونیان به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و بۆچوونه‌كانى ئه‌و سه‌ركرده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ هه‌بێت".

زاهیر سه‌وز، نووسه‌ر و رووناكبیر له‌و نامه‌یه‌ دوا و گوتی: "ئه‌م نامه‌یه‌ى بارزانى بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ داواى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتى مه‌نگۆلیا، كه‌ داواى له‌ رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌گرتووه‌كان كردبوو له‌ ده‌وره‌ى (18)ى كۆمه‌ڵه‌ى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌و زوڵم و سته‌م و وێرانه‌خاك و سووتماكه‌ى حكوومه‌تى عێراق له‌ خاكى كوردستان و گه‌لى كوردى ده‌كات، كه‌ له‌بن هه‌نگڵى عێراقدایه‌، باس بكرێت، ئه‌م داوایه‌ى وڵاتى (مه‌نگۆلیا) بووه‌ هۆى پچڕانى په‌یوه‌ندیى دبلۆماسیى نێوان عێراق و وڵاتى مه‌نگۆلیا له‌ 3ى6ى1963 و ناچاركردنى مه‌نگۆلیا به‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌ له‌ داواكه‌ى له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.
ئه‌م نامه‌یه‌ى بارزانیى نه‌مر گرنگیی زۆرى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌ڵوێستى نیشتمانپه‌روه‌ریى ئه‌م سه‌ركرده‌ كاریزمایه‌ بۆ خاك و خه‌ڵكى كوردستان، له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كى دیكه‌ى كوردستانى گه‌وره‌.
له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ ئه‌سه‌لمێنێت، كه‌ هه‌وڵى بێوچانى مسته‌فا بارزانی، چ به‌ دانوستان، یان به‌ چه‌ك و شۆڕشى چه‌كدارى، یان به‌ ئاگاداركردنى نێوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى ده‌رباره‌ى مه‌زڵوومیه‌تى كورد و زوڵمى داگیركه‌رانى كوردستانى گه‌وره‌، به‌ڵگه‌نه‌وه‌یستن و ده‌رخه‌رى دڵسۆزیى بارزانین بۆ مافه‌ ڕه‌واكانی كورد. هه‌روه‌ها گرنگیى نامه‌كه‌ و كاتى ناردنى نامه‌كه‌ و ئاراسته‌ى نامه‌كه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ یه‌ك كاتدا، دواتر و پێشتریش ئه‌م سه‌لیقه و په‌رۆشییه‌ى بارزانى به‌رجه‌سته‌یه‌ و له‌به‌رده‌ستن".