کەریمی عەلەکە: گەورە خێرخواز و بازرگانی سلێمانی

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

کەریمی عەلەکە: گەورە خێرخواز و بازرگانی سلێمانی

کەریمی عەلەکە، کە ناوی تەواوی (عەبدولکەریم ئەلیاس پۆڵس ئیبراهیم)ە، لە ساڵی 1867 لە سلێمانی لە دایک بووە، کەسایەتییەکی بە هەڵوێست و دەست و دڵ پاک و خەمخۆری هەژاران و یارمەتیدەری لێقەوماوان بووە، هەربۆیە کراوەتە وەزیری دارایی حکوومەتەکەی شێخ مەحموودی نەمر، ئەو پۆستە گرنگە لەو سەردەمەدا تەنیا بەو رەوا بینراوە. وەک کەسایەتییەکی مەسیحی نازناوی بازرگانێکی بەخشندە و خەمخۆری هەژارانی لێنراوە.

 کەریمی عەلەکە، لە گرانییەکەی ساڵی 1914 بە مەنجەڵی گەورەی زنجیردار رۆژانە خواردنی بەسەر خەڵک، بەتایبەتی چینی هەژاراندا دابەشکردووە، هەروەها جلوبەرگی بۆ قوتابیان کڕیوە و هاوکاری کردوون، وێڕای چەندین هەڵوێستی جوامێرانەی دیکەی ئەم پیاوە خێرخوازە، بۆیە لەبەر رێزگرتن لەم کەسایەتییە لە شاری سلێمانی چەند باڵەخانە و دووکان و قوتابخانە و شەقامێکیش لە ساڵانی زووەوە بە ناوی کەریمی عەلەکە ناونراون.

 باوکی عەبدولکەریم کە ناوی (ئەلیاس پۆڵس ئیبراهیم)ە، لە ساڵی (1815)ی زایینی لە گوندی هەرمۆتە کە سەربە قەزای کۆیەیە لەدایک بووە، بۆ کاری بازرگانی هاتووەتە شاری سلێمانی و بازرگانی لەگەڵ شارەکانی (سنە، بانە، هەمەدانی وڵاتی ئێران و بەغدا) کردووە.

 عەبدولکەریم، کە کوڕە گەورەکەی ئەلیاس بوو، لە بواری بازرگانیدا هەمان رێوشوێنی باوکی گرتووەتە بەر و بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی شارەکە دادەنرێ، ناوی راستەقینەی (عەبدولکەریم ئەلیاس)ە، لە بەر خۆشەویستی ئەلیاسەکەیان پێ گوتووە و لەبەر گرانی وشەکە بووە بە (عەلەکە) و لە ئەنجامیشدا بووە بە نازناوی خێزانەکەیان، کە یەکێکن لە خێزانە مەسیحییە خانەدانە کۆنە ناسراوەکانی شاری سلێمانی.

 عەبدولکەریم، کە هەندێک بە (خواجە کەریم ) ناویان دەبرد، خوێندوارییەکی باشی هەبوو و زمانی کلدانی و عەرەبی و کوردی و تورکی و فارسیشی دەزانی. لەگەڵ شێخ مەحموودی نەمر زۆر نێوانیان خۆش بووە، شێخ بە دڵ خۆشی ویستووە و رێزی گرتووە. کاتێک پشێوی کەوتە شارەوە، شێخ لە شار دەردەکرێ و ئینگلیزەکان ماڵی شێخ مەحموود هەڕاج دەکەن، (کەریمی عەلەکە) دەچێت کەلوپەلەکان دەکڕێت و حەشاریان دەدات. دوای گەڕانەوەی ماڵی شێخ بۆ سلێمانی، کەریمی عەلەکە پارچە پارچە دەیانداتەوە بە شێخ محموود. لە ساڵی 1922 کە حکوومەتی شێخ مەحموود دامەزرا، عەبدولکەریم کرایەوە وەزیری دارایی حکوومەتەکە، لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا چووە شاری بەغدا و لەوێ نیشتەجێ بوو، بەڵام هەمیشە شاری سلێمانی بە خاک و خەڵکەکەیەوە لە دڵیدا دەژیان و خەڵکی سلێمانیش ئەویان لە یادنەکردووە و لە یادیشی ناکەن.

 رۆژی ٢٥/ ١/ ١٩٤٨ کەریمی عەلەکە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و لە گۆرستانی (کاسۆلیک) لە بەغداد بە خاک سپێردرا.