بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران: پشكنین لە گردە دەشت ئەنجامی باشی هەبووە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران: پشكنین لە گردە دەشت ئەنجامی باشی هەبووە

 بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، لە دیمانەیەكی (باسكورد)دا دەڵێت: "دوای ئەوەی پێشتر كارەكانیان سەركەوتوو بووە، بڕیارە مانگی 9ی ئەمساڵ تیمێكی شوێنەوارناسانی ئەڵمانی بگەڕێنەوە كوردستان، بۆ ئەنجامدانی كنە و پشنین لە گردە دەشتی دێڵزیان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.“

 د. عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: ”لە سنوورەكەمان زیاتر لە هەزار ناوچەی شوێنەواری تۆمار كراون، یەكێك لەوانە شوێنەواری (گردە دەشت)ە، كە دەكەوێتە دەشتی دێڵزیان لە سنووری ناحیەی دیانا سەر بە قەزای ناوەندی سۆران، شوێنەكە هاوشێوەی گردێكی دەستكرد هەڵكەوتووە و ڕووبەرێكی فراوانی هەیە و سەرنجڕاكێشە، مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە".

 بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، گوتیشی: "بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەو گردە شوێنەوارییە، دوای ئەنجامدانی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور، بە هەماهەنگیی تیمەكانی شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ماوەی شەش ساڵە شوێنەوارناسە جیهانییەكان كاری كنە و پشكنین لە گردە دەشت لە سنووری قەزای ناوەندی سۆراندا دەكەن، ئەمەش ئەنجام و دەسكەوتی مێژوویی باشی هەبووە".

 ئاماژەی بەوەش دا: "لە ئەنجامی كاركردن لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردوو تائێستا، توانراوە چەند چینێكی شوێنەواری لە گردەكە بدۆزرێنەوە، بۆ نموونە، لە بەشی خوارەوەی گردەكە، چەند چینێكی چاخی بەردینی دۆزراونەتەوە، مێژووەكەیان بۆ هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەروەها لە بەشی سەرەوەی گردەكە چینێك دۆزراوەتەوە، بۆ سەردەمی سەرەتای هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە، لە چینێكی دیكەدا پاشماوەی میرنشینی سۆران دۆزرایەوە، ئەمەش هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی ئەنجامی باشی هەبێت و شوێنەوارناسە جیهانییەكان دەست لە كاری كنە و پشكنین لە گردەكە هەڵنەگرن".

 بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، ئاشكراشی دەكات: "بەپێی گرێبەستی نێوانمان، بڕیارە لە مانگی 9ی ئەمساڵ، جارێكی دیكە تیمێكی شوێنەوارناسان لە شاری كیلی ئەڵمانیا، بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بە دروشمی (پڕۆژەی لە گردەوە بۆ ئەشكەوت)، جارێكی دیكە دەست بكەنەوە بە ئەنجامدانی كاری كنە و پشكنین لە شوێنەواری گردە دەشت و شوێنێكی دیكەی شوێنەواری لە سنووری ئیدارەی سۆران".

 د. عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، نیگەرانیی خۆیشی لەوە دەربڕی، كە لە سەردەمی ڕژێمی حزبی بەعس، دەستدرێژی كراوەتە سەر ئەو گردە شوێنەوارییە و كرابوو بە بارەگا و مۆڵگەی سەربازی، كە تائێستاش پاشماوەی تەقەمەنی و كەلوپەلی سەربازی لە گردەكەدا دەدۆزرێنەوە.