لە کۆیە پیشە کۆنەکان بەگەڕدەخرێنەوە

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

لە کۆیە پیشە کۆنەکان بەگەڕدەخرێنەوە

بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاراستن و ڕێگرتن لە لەناوچوونیان، دەست دەکەن بە بەگەڕخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی شوێنی پیشە کۆنەکانی سنوورەکە.

 یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: "پیشە کۆنەکان بەشێکن لە کەلەپووری شاری کۆیە، بۆیە دەمانەوێت بایەخی زیاتریان پێ بدەین و دووبارە بەگەڕیان بخەینەوە، یەکێ لەوانە کوورەی بەرھەمهێنانی گەچە لە بناری چیای ھەیبەت سوڵتان، کە گەچێکی تایبەت و جیاوازە لە گەچی ئاسایی".

 گوتیشی: "پڕۆژەکە بە ھاوکاری بەڕێوەرایەتی گشتی شوێنەوار و ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی دەخرێتەوە کار و بەھۆیەوە جگە لە پەیدابوونی هەلی کار، ڕۆڵی گرنگیشی دەبێت لە دابینکردنی کەرستەیەکی زانستی و گرنگی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە تێکچووەکان و خانووە کەلەپوورییەکانی سنوورەکەمان".

 بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئاماجمان بەگەڕخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی تەواوی ئەو پیشە کۆنانەیە، کە پێشووتر لە سنوورەکەمان ھەبوون و جێی سەرنج و بایەخی خەڵکی بوون، بۆیە بە پێی پلان و توانای بەردەستمان ھەوڵ دەدەین ئەو ئامانجە بھێنینە دی".