” ئەکتەری باشمان هەیە، بەڵام سەرپەرشتیاریان نییە “
لەم دیدار و گفتوگۆیەدا له‌گه‌ڵ (باسكورد)، هاوڕێ قادر ڕه‌شید، هونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراما و سینارست و ده‌رهێنه‌ر، یه‌كه‌م وێستگه‌ی چوونه ناو كاری هونه‌ریی خۆی بۆ ئێمه و خوێنه‌ران ئاشكرا ده‌كات، ئەو تا ئێستا کاری نووسین و دەرهێنانی بۆ چه‌ندان دراما و شانۆ کردووە.
یادگار چاوشین
(باسكورد): یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنت لە بواری كاری هونه‌ری دراما بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
هاوڕێ قادر: یەکەم ده‌ركه‌وتنم له‌بەردەم کامێرا ساڵی 1982 بوو، لە شانۆگەریی (تەنەکە) بۆ تەلەڤزیۆنی کەرکووک، وەک دراماش له درامای (خۆرنەوازان) بوو لە ساڵی 1999، یەکەم بەشدارییشم لە فیلمی سینەما لە فیلمی (بەهەشتێکی سووتاو) بوو، لە ساڵی 1992.
(باسکورد): یەکەم ئەزموونی پێش کامێرا و دراما، ئایا جیاوازیی لەنێوان نواندنیاندا چییە؟
هاوڕێ قادر: نواندن و تەختەی شانۆ و بەردەم کامێرای تیڤی زۆر جیاوازە، تەنانەت نواندنی بەردەم کامێرای تیڤی و سینەماش هەر جیاوازی زۆرە، بەهەرحاڵ، نواندنی بەردەم کامێرا دەبێت واقیعی بێت و هیچ زیادەڕۆییەكی تێدا نەکرێت، بەڵام بۆ شانۆ دەبێت نواندن زیادەڕۆیی تێدا بکرێت و ئەوانەش لە جووڵە، چ جووڵەی خودی، یان جووڵەی شوێنی و دەنگ بۆ شانۆ دەبێت بەرز بێت و بۆ کامێرا بەپێی ڕووداوه كه بێت.
(باسكورد): ده‌گوترێ بۆ نووسین و سیناریۆی درامای ڕابوون سوودتان له چیرۆكی درامای گه‌رده‌لوول وه‌رگرتووه؟
هاوڕێ قادر: زۆر کەس ئەو قسەیەیان کردووە، گوایە من بۆ نووسینی درامای (ڕابوون) سوودم لە چیرۆكی درامای (گەردەلوول) بینیوە، بەڵام ئازیزم، درامای ڕابوون ساڵی 1999 لە (کوردسات) بە نووسراوی کاک ئاوات، کە ئەوکات بەڕێوەبەری كه‌ناڵی ئاسمانییەكە بوو، دانرابوو، واتا پێش نووسینی گەردەلوول، کە یەکەم بەشی ساڵی 2003 نووسراوە، کاتی خۆی لە گۆڤاری (شاکار)، ئەوکات ئەو وەڵامەم داوەتەوە بۆ شایەتییش ناوی 16 هونەرمەندم نووسی، کە لە ساڵی 1999دا، واتا پێش گەردەلوول، سیناریۆی درامای ڕابوونیان خوێندووەتەوە، هه‌ندێ لەو هونەرمەندانە ئێستا ناویانم بیر نییە، جگه لە هونەرمەندان (مامۆستا عەبدولی حەمەجوان، کامەران نووری، جەبار محەمەد، ڕێبوار هەورامی، عەبدول محەمەد ... هتد)، بۆیە ئەو قسەیە ڕەت دەکەمەوە. سەبارەت بەوەش کە ئه‌و دوو درامایه یەک ستایلیان هەیە، ئەمە ڕاسته، چونکە هەردوو کار ڕیالیزمی و ئەکشنن و لە یەک شۆڕشەوە هەڵقوڵاون، تەنانەت ئێستاش درامایەکی نوێم نووسیوەتەوە، کە له 38 ئەڵقە پێكهاتووه، هەمان ستایلە و باس لە شۆڕشی کورد دەکات.
(باسكورد): ئەی ئێستا چۆن سەیری هونەری كوردی، به‌تایبه‌تی بواری نواندن دەكەیت؟
هاوڕێ قادر: له بواری نواندندا ئەکتەری باشمان هەیە، بەڵام سەرپەرشتیاریان نییە، دەنا لەم دەڤەرەی خۆمان زۆر پێشکەوتووە، تەنیا پێویستی بە ڕێکخەرێک هەیە، کە فێریان بکات ڕیئەکشن و بێ گوتار چۆن لە نواندندا بەردەوام بن.
(باسكورد): وه‌ك چیرۆكنووس و سینارست، تاچه‌ند سیناریۆی ئه‌و به‌رهه‌مه كوردییانه‌ی ئێستا وه‌ك دراما له كه‌ناڵه كوردییه‌كان په‌خش ده‌كرێن، له ناوه‌ڕۆك و نواندنه‌كه‌یان ڕازیت؟
هاوڕێ قادر: لەڕاستیدا ناکرێت ئێستا پۆلێن و ڕیزبەندی بۆ سینەما و درامای کوردی بکەین، چونکە هێشتا لە ئەزمووندایە، بەڵام بەگشتی کاری باش و خراپیشی تێدایە، هەندێکیش لەوانەی بە خراپ ناودەبرێن، لە ناوەڕۆکدا باشن، بەڵام نووسەر و دەرهێنەره‌كان لە خۆیان ئاڵۆز کردووە، دواجار دراما بۆ بینەری ناڕۆشنبیر و ڕۆشنبیر و منداڵ و گەورەیە، واتا، کاتێک درامایەک پێكه‌ش به بینه‌ران دەکەیت، دەبێت ئەو حساباتەت کردبێت.
(باسكورد): ئایا بووە له درامایه‌كدا به‌شدار بووبیت و ئێستا له ڕۆڵه‌كەی په‌شیمانی بیت؟
هاوڕێ قادر: لەو کارانەی کردوومن و دەگاتە نزیکەی حەفتا کاری شانۆ و دراما و فیلم، باش و خراپی تێدا بووە، لە هیچیان پەشیمان نیم، چونکە خراپەکە بووە بە وانە بۆم و باشەکە بووە بە هاندەر بۆ باشکردنم.
(باسكورد): چی هۆكاره هونه‌رمه‌ندان له‌كۆتایی ته‌مه‌نیان بێ ناز سه‌رده‌نێنه‌وه؟ كێ له‌و دۆخه‌یان به‌رپرسیاره؟
هاوڕێ قادر: ئەم پرسیارە زۆر لایەن دەگرێتەوە و سەرەکیتریشیان سەندیکای هونەرمەندان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و ناوەندە هونەرییەکان و خودی هونەرمەندان خۆشیان دەگرێتەوە، به‌داخه‌وه ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندان یەکتریمان خۆشناوێت.
(باسكورد): به‌رهه‌م و پڕۆژه‌ی نوێت چییه؟
هاوڕێ قادر: دوا بەرهەمم سێ كارن، کورتەفیلمی (کاروان) و کورتەفیلمی (دووکەڵ)، ئەو دوانە ئامادەن بۆ نمایش، شانۆییەک کە هەموو ڕەزامەندییەکانم هەیە و نازانم بۆ ڕێگام نادەن کارەکە بکەم، بریتییە لە شانۆیی (ئاوێنەی ڕاستی)، لە نووسین و دەرهێنانی خۆمە وەک نووسینیش چەند درامایەکم ئامادەن بۆکارکردن.