نزیكەی دوو سەدە لەمەوبەر، میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، لە كاتی گەڕانەوەی لە شاری مووسڵ بۆ ڕواندز، لە گوندی (جوجەری بچووك)، كە دەكەوێتە ناوچەی بەردەڕەش، پشوو دەدات و كاتێك دەبینێت گرفتی ئاوی پاكیان هەیە، بڕیار دەدات لە گوندەكە نەڕوات، تا بە هاوكاریی خەڵكی گوند بیرێك لێ دەدەن.
فەخری بەگ سلاح شۆڕ، نووسەر و لێكۆڵەر لە قەزای ڕواندز و وەك نەوەیەك لە بنەماڵەی میرانی سۆران، بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: "نزیكەی دوو سەدە لەمەوبەر، میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، كە حوكمڕانیی میرنشینی سۆرانی دەكرد و ڕووبەرێكی فراوان لە شار و شارۆچكە و ناوچەكانی كوردستانی باشووری لەبەردەستدا بوو، لە كاتی گەڕانەوەی لە شاری مووسڵ بۆ ڕواندز، لە وەرزی هاویندا لە گوندی (جوجەری بچووك)، كە دەكەوێتە دەشتی (ناوكوڕ) لە ناوچەی بەردەڕەشی سنووری قەزای ئاكرێ پشوو دەدات، خەڵكی ناوچەكە پێشوازییەكی گەرمی لێ دەكەن، میر محەمەد تینووی دەبێ و داوای ئاو دەكات، كە ئاوی بۆ دێنن، دەبێنێ ئاوەكە شێلوو و لێڵە، چونكە ئاوی قەرەی برنج بوو، میری سۆران پرسیاری كرد و گوتی ئاوی پاكترتان نییە بۆ خواردنەوە؟ خەڵكەكە لە وەڵامدا گوتیان ئەوە ئاوی خواردنەوەی ئێمەیە."
ئەم نووسەر و لێكۆڵەرە دەشڵێت: "كاتێك میر محەمەدی ڕواندزی دەبینێت ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندەكە بەم شێوەیەیە، زۆر پێی نیگەران و پەرۆش دەبێ، بە ئاواییەكە ڕادەگەیەنێت: "تا بیرێكی ئاوتان بۆ لێ نەدەم لێرەدا ناڕۆم، بۆیە داوای لە خەڵكی گوندەكە كرد، بۆ لێدانی بیری ئاو، بە یەكەوە هەرەوەزی بكەن، بەمەش خەڵكی گوند بوون بە دوو دەستە، دەستەیەك كاریان دەكرد و دەستەیەك خۆشی و شادییان لەبەرامبەر میری سۆران دەردەبڕی، هەروەها میر نەیدەهێشت بەتەمەنەكان كار بكەن، لە كاتی پشوودانیشدا خەڵكی دەوروبەری ناوچەكە دەهاتن سەردانی میریان دەكرد، ئەویش لە حاڵی گەورە و بچووكیانی دەپرسی."
ئاماژەی بەوەش دا: "بەپێی لێكۆڵینەوە و سەرچاوە مێژووییەكان، دوای هەشت ڕۆژ كاركردنی خەڵكی ناوچەكە لە بیرەكە، ئاوی پاك بەدەر دەكەوێت، دوای ئەوەی میر محەمەد جامە ئاوێكی سازگار لە بیرەكە دەخواتەوە و هەست دەكات ئیتر دانیشتوانی گوندەكە گرفتی ئاوی پاكیان نامێنێ، ماڵئاوایی لە خەڵكی گوندەكە دەكات و بەرەو شاری ڕواندزی پایتەختی میرنشینی سۆران دەگەڕێتەوە و خەڵكیش بە ڕێز و ستایشەوە بەڕێی دەكەن."
فەخری بەگ سلاح شۆڕ، نووسەر و لێكۆڵەر، ئەوەش دەخاتە ڕوو: "ئەو بیرە تا ئێستا وەك خۆی ماوە و خەڵكی گوند پاراستوویانە و شاهێدیی بۆ كاری خێرخوازانەی میری سۆران دەدەن، كە قووڵایی بیرەكە (125) باڵە و پانتاییەكەشی (5) باڵە، دەوروبەری بەردڕێژ كراوە، جۆری بەردەكەش لە دەشتی (ناوكوڕ) پێشچاو ناكەوێ، بەڵكوو بە بەردی زێی گەورە دەچێت."