”داوا له سەرۆكی ئەمریكا دەكات ئاشتییانه دان به مافەكانی كورددا بنرێت“
ئامانجى گه‌وره‌ى مسته‌فا بارزانى ئه‌وه بووه، بتوانێت خزمه‌تى میلله‌تى خۆی بكات و ئه‌و زوڵمه‌ى له‌سه‌ر میلله‌تى كورد هه‌یه نه‌یهێڵێ و رزگاریان بكات، هه‌روه‌ها مافى كورد به‌ده‌ست بێنێ و وه‌ك میلله‌تانى دیكه‌ى جیهان له ئاشتى و سه‌ربه‌ستیدا بژی و سته‌م له كه‌س نه‌كا و سته‌میش له كه‌س قبووڵ نه‌كات. بارزانی هه‌وڵیشی داوه ژیانێكى ئارام بۆ هه‌موو تاكێكى كورد ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
بارزانی، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى به‌ناچارى په‌نای بردووه‌ته به‌ر شۆڕش و خه‌بات، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌یشدا ویستی ئاشتیخوازانه‌ى، سیمایه‌كى دیارى دیكه‌ی هەلسوكەوت و بیركردنەوەی بووه، كه له وتاره‌كان و نامه‌كانیدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه. به گوێره‌ی شاهێدحاڵه‌كان، بارزانى هیچ كاتێك حه‌زى له شه‌ڕ و كوشتار نه‌بووه، وه‌ك شۆڕشگێڕێك، ته‌نیا به‌رگریى له نه‌ته‌وه‌كه‌ى و مافه ره‌واكانى كردووه و هه‌میشه خوازیارى دانوستاندن بووه له‌گه‌ڵ رژێمه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانى عێراقدا لە بە ڕێگەی ئاشتیخوازانە مافی كوردستانیان بەدەست بێنێت.
لێره‌دا نامەیەكی سەركردە و رێبەری هەرە درەوشاوەی مێژووی بزاڤی ئازادیخوازی كورد مستەفا بارزانی، كه په‌یوه‌سته به هه‌ڵوێستى ئاشتیخوازانه‌ى، بۆ سه‌رۆكى ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا جۆن كه‌نه‌دى، دەخەینە روو، ئەم نامەیە 17 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له رۆژنامه‌ى (میدیا)دا بڵاو كراوه‌ته‌وه.
مێژووی نامه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 61 ساڵ لەموبەر واتە 12ى7ى1963 و له كۆتایی ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا، له ئەرشیڤی (كتێبخانه‌ی كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى - به‌شى به‌ڵگه‌نامه‌كان) رزگاری بووه و كه‌وتووه‌ته به‌ر ده‌ست، له‌لایه‌ن كه‌سانی شاره‌زاى بواره‌كه، په‌نجه‌مۆری شاهێدیی راست و دروستیی نامه‌كه ده‌ده‌ن.
د.عه‌بدولڕه‌زاق فه‌رهادى، راپۆرتێكى سه‌باره‌ت به‌و نامه‌یه‌ی (مسته‌فا بارزانى بۆ جۆن كه‌نه‌دی) ئاماده كرووه، كه له ساڵى 1963ى ئه‌و رۆژگاره سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا بووه.
نامه‌كه به‌م جۆره و به ناوى (ئاشتیخوازیى مه‌لا مسته‌فا بارزانى له نامه‌یه‌كیدا بۆ جۆن كه‌نه‌دى) له رۆژنامه‌ی (میدیا) ژماره (314)، رۆژى سێشه‌ممه 13ى11ى2007، لاپه‌ڕه (10)دا بڵاو كراوه‌ته‌وه.
د.عه‌بدولڕه‌زاق فه‌رهادى، له‌و سه‌روه‌خته‌دا ده‌نووسێت: ”له كاتى پشكنینى هه‌ندێك سایتى تایبه‌تدا، هه‌ندێ دۆكیۆمێنتى زۆر گرنگم دۆزییه‌وه، كه زۆر له‌وانه تایبه‌ت بوون به دۆزى كورد له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، كه به‌م دواییه ئاشكرا كراون. حكوومه‌تى ئه‌مریكى هه‌موو ساڵێك چه‌ند دۆكیومێنتێك ئاشكرا ده‌كات، كه ئێستا رۆڵیان له ره‌وتى سیاسیی جیهاندا نه‌ماوه و چیتر كار ناكه‌نه سه‌ر ژیانى سیاسى و ده‌بنه به‌شێك له ئه‌رشیف. ژماره‌یه‌كى زۆر له‌و دۆكیومێنتانه‌م دۆزینه‌وه، كه تایبه‌تن به كورد و كوردستان.
یه‌كێك له‌و دۆكیومێنته گرنگانه، كه گرنگییه‌كى مێژوویى بۆ خه‌ڵكى كوردستان هه‌یه، ئه‌و نامه‌یه‌ى بارزانیى نه‌مره، كه له رۆژى 12ی7ی1963 بۆ سه‌رۆكى ئه‌وكاتى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا (جۆن كه‌نه‌دى)ى ناردووه و تێیدا داواى لێ ده‌كات، توانا و ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌كار بهێنێ، بۆ ئه‌وه‌ى چیتر خوێن له‌نێوان كورد و رژێمى عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا نه‌ڕژێنرێت".
عه‌بدولڕه‌زاق فه‌رهادى، له درێژه‌ى بابه‌ته‌كه‌دا ده‌نووسێت: "پێم وایه نامه‌كه‌ى بارزانى زۆر روون و ئاشكرایه، به‌ڵام به راى من، هه‌ڵوێستى ئه‌و كاته‌ى حكوومه‌تى ئه‌مریكا چه‌ندین لێكدانه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ى پێویسته، من له‌م نووسینه‌دا نامه‌وێ بابه‌ته‌كه ئاڵۆز بكه‌م و سه‌ر له خوێنه‌ر بشێوێنم، به‌ڵكوو لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته گرنگه بۆ نووسینێكى دیكه به‌جێ ده‌هێڵم و ته‌نیا بابه‌ته‌كه به وه‌رگێڕانێكى ساده‌وه ده‌خه‌مه به‌رده‌ستى خوێنه‌ران.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش روون بكه‌مه‌وه، كه ده‌قى نامه‌كه‌ى بارزانییم له ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕاوه و ئه‌گه‌ر هه‌ر جیاوازییه‌ك هه‌بێ له‌گه‌ڵ ده‌قه فارسییه‌كه، كه زمانى نامه‌كه‌یه، ئه‌وا ئه‌و جیاوازییه له وه‌رگێڕانه ئینگلیزییه‌كه ده‌بێ كه باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریكا له تاران كردوویه‌تى..."
ئه‌مه‌ش ده‌قى نامه‌كه‌ی بارزانى و هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى ئه‌مریكایه له‌سه‌ر نامه‌كه و دۆزى كورد به گشتى، له رێگه‌ى باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریكا له تاران:
سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان
لە ڕێگەی باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریكا له تاران
به‌ڕێز جه‌نابى سه‌رۆك كه‌نه‌دى
ده‌سه‌ڵاتداره دبلۆماسییه‌كانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، به‌دڵنیاییه‌وه ئاگادارى مه‌سه‌له‌ى كوردى عێراق و داواكارییه‌كانى ئێمه‌ن له حكوومه‌تى ئێستا و رابردوو، كه به ته‌واوى له هارمۆنییدان له‌گه‌ڵ به‌ندى مافى مرۆڤ و چارته‌رى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
ئه‌وه‌ى ئێمه داواى ده‌كه‌ین، كه‌مترین مافى میلله‌ته‌كه‌مانه، كه ئۆتۆنۆمییه له چوارچێوه‌ى كۆمارى عێراقدا. ئێمه نه داواى هیچى دیكه‌مان كردووه و نه خواستیشمانه چیتر داوا بكه‌ین.
به‌ڵام، دواى دوو ساڵ له خوێنڕشتن و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عه‌بدولكه‌ریم قاسم، كه بووه هۆى شۆڕشى 8ى شوباتى 1963 كه له هه‌موو جیهان به روونى زانراوه، ئێمه‌ى كورد شه‌ڕمان وه‌لا ناوه، بۆ ئه‌وه‌ى خوێنڕشتن راوه‌ستێ، ئێمه له دانوستاندا بووین له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى نوێ‌دا، پێشبینیمان ده‌كرد كه مافى خۆمان به رێگاى ئاشتى به‌ده‌ست بهێنین و هیوادار بووین كه چاره‌سه‌رى گونجاو بدۆزینه‌وه.
ئێمه هه‌رگیز سڵمان له ده‌رخستنى نیازپاكى نه‌كردووه‌ته‌وه و له‌پێناو ئه‌م مه‌سه‌له زیندووه نه‌رمیمان نواندووه.
جیهانیش ئاگادارى ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تى نوێی عێراق هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى پێشێل كردووه كه له‌ژێر سوێنددا مۆر كراون و له 10ى گه‌لاوێژه‌وه مانگێك زیاتره، كه وا خه‌ریكى بۆردومانێكى چڕ‌وپڕ و دڕندانه‌یه له دژى كورد، كه چواریه‌كى دانیشتوانى عێراق پێكده‌هێنن.
به شێوازێكى هێتله‌رییانه و فاشییانه سیاسه‌تى زه‌وى سووتاندنى گرتووه‌ته به‌ر، كه له ڕاستیدا شه‌رم و ئابڕووچوونێكى گه‌وره‌ى مرۆڤه له سه‌ده‌ى بیسته‌مدا.
ئه‌مه دوو ساڵه میلله‌تى كوردى ژێرده‌ست خه‌باتێكى خوێناویى له‌پێناو مافى ره‌واى خۆى ده‌ست پێكردووه، هیچ وڵاتێك تا ئێستا، گه‌وره یان بچووك، ده‌ستى یارمه‌تیى بۆ درێژ نه‌كردووه. ئه‌مڕۆ میلله‌تى كورد به چاوێكى پڕ له ئومێده‌وه داوا له جه‌نابتان و خه‌ڵكى به‌شه‌ره‌ف و ئازادى دۆستى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات، له‌به‌ر خاترى رۆحى دیموكراسى و مرۆڤایه‌تیى ئه‌مریكى، به‌وپه‌ڕى تواناوه پاڵپشتیى له كوردى عێراق بكه‌ن بۆ به‌دیهێنانى مافه‌كانیان كه بریتییه له ئۆتۆنۆمى له چوارچێوه‌ى كۆمارى عێراقدا. ئێمه ئه‌م داوایه ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێ له خوێنڕشتن بگرین و ئه‌و مۆته‌كه‌ى زوڵمه لابه‌رین، كه له‌سه‌ر كورده.
ئێمه هیوادارین، كه تۆ كاریگه‌ریى شه‌خسیى خۆت و میللیى ئه‌مریكا به زووترین كات به‌كار بهێنى، بۆ كۆتاییهێنان به‌م وه‌زعه. ئه‌مه لاپه‌ڕه‌یه‌كى دیكه ده‌خاته سه‌ر مێژووى سه‌روه‌ریى خه‌ڵكى سه‌ربڵند و دیموكراتیى وڵاته‌كه‌تان.
ئێمه به‌وپه‌ڕى نائارامییه‌وه چاوه‌ڕێى ده‌ستوبردى جه‌نابتانین و پێشبینى ده‌كه‌ین كه وه‌ڵامێكى پۆزه‌تیڤمان له رێگه‌ى هه‌ڵگرى ئه‌م نامه‌یه‌وه پێ بگات، كه دڵنیامان بكاته‌وه.
رێگه‌م بده، كه سڵاو و رێزى گه‌لى كورد به جه‌نابتان و خه‌ڵكى مرۆڤدۆستى ئه‌مریكا بگه‌یه‌نم.
ئیمزا
مسته‌فا بارزانى
راست و دروستیی نامه‌یه‌ك، كه بارزانی بۆ جۆن كه‌نه‌دیی ناردووە، كه وه‌ك دۆكیومێنت له (كتێبخانه‌ی كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى- به‌شى به‌ڵگه‌نامه‌كان) له ئه‌مه‌ریكا پارێزراوه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و رۆژگاره، كه جۆن كه‌نه‌دی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بووه.
كه‌واته مێژووی ئه‌م نامه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوول و شۆڕش له‌وپه‌ڕى هێز و توانایدا بووه، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌داره.
ئه‌م نامه‌یه په‌نجه‌مۆری كه‌سایه‌تیی سیاسی و ئه‌كادیمی و خاوه‌ن پێگه‌ى غه‌یره‌كوردی له‌سه‌ره و له سه‌نته‌ری به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كان پارێزراوه. ئه‌م سه‌نته‌ره به‌و شێوه‌یه كار ده‌كات، كه بیست و پێنج ساڵ و به‌ره‌وژوور، به گوێره‌ى گرنگی، به‌ڵگه‌كان ئاشكرا ده‌كرێن یان له‌لایان ده‌مێننه‌وه.
مێژووی ئه‌م نامه‌یه بۆ سه‌رده‌می شۆڕشی مه‌زنى ئه‌یلوول ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه بارزانی رابه‌ری شۆڕشی 11ی ئه‌یلوولى 1961 بووه و جۆن كه‌نه‌دییش له‌و سه‌روه‌خته‌دا سه‌رۆكی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه.
له‌م نامه‌یه‌دا بارزانی داوا له جۆن كه‌نه‌دی ده‌كات، كه به ئاشتییانه دان به مافه ڕه‌واكانی كورددا بنرێت، ئه‌مه‌ش مافێكی ره‌واى میلله‌تی كورده، به ئاشتییانه و دوور له خوێنڕشتنی خوێنی كورد و به‌ره‌ى هێرشكار بۆ سه‌ر كوردستان بێته دی.
ئه‌و چه‌ند كه‌سایه‌تییه غه‌یره كورده‌ش، كه په‌نجه‌مۆری راست و دروستیی نامه‌كه ده‌كه‌ن به‌وه‌ى، كه شاهێدى بۆ ئاشتیخوازیى بارزانى ده‌ده‌ن، وه‌ك: فه‌رنسوا زاڤی لۆڤا، ئه‌لیكسانده‌ر كسلیوڤ، به‌رپرسی ده‌زگای K.G.B. له‌و رۆژگاره‌دا. رووه‌میش چاندرا، سكرتێری پێشووی ئه‌نجوومه‌نی ئاشتیی جیهان. هه‌روه‌ها له كوردیش وته‌ی پرۆفیسۆر د.ئازاد نه‌قشبه‌ندى و د. عه‌بدولڕه‌زاق فه‌رهادی، فه‌ره‌نسۆ هه‌ریرى، مامۆستا زاهیر سه‌وز، له دووتوێى ئه‌م بابه‌ته‌دا خستراونه‌ته روو.
ئه‌و كه‌سایه‌تییانه، كه باس له ئاشتیخوازیی مسته‌فا بارزانی له‌پێناو دۆزی ره‌وای كورددا ده‌كه‌ن، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه بارزانی به په‌رۆشه‌وه بۆ هه‌ر دڵۆپێك خوێنی رۆڵه‌ى كورد و ئه‌وانه‌یشی له‌لایه‌ن حكوومه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان خراونه‌ته ئه‌م شه‌ڕه نه‌گریسه سه‌پێنراوه به‌سه‌ر كورددا ئه‌ناڵێنێ.
به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرى به‌رچاو له مێژووی شۆڕشه‌كانی كورددا ئه‌وه‌یه، كه هیچ تاوانێك به‌رامبه‌ر كه‌سانی سڤیل نه‌كراوه، چه‌ندان جاریش لێبوردن بۆ دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كانی كورد و پله‌دار و خاوه‌ن پێگه‌ى ئیداری و سه‌ربازی و ئه‌وانه‌ى له شه‌ڕدا كه‌وتوونه‌ته به‌رده‌ست، ده‌ركراوه، له هه‌مان كاتدا، لێبوردنی بۆ نه‌یاره‌كانی كورد ده‌ركردووه و ماوه‌ى نه‌داوه هه‌ڵه‌ى ئه‌نقه‌ست بۆ سه‌ره‌تا و بنه‌تاى ئه‌وانه‌ی دژ به شۆڕش وه‌ستاونه‌ته‌وه، بۆیه له دونیادا (شه‌ڕی پیرۆز نیه، به‌ڵكوو شۆڕشی پیرۆز هه‌یه).
به گوته‌ى كه‌سایه‌تییه‌كانى بوارى سیاسی و سه‌ربازى و رووناكبیران و مێژوونووسانیش، وه‌ك شاهێدحاڵى ئه‌و رۆژگاره، گه‌واهیی ده‌ده‌ن، كه به‌درێژایی مێژووی ئازادیخوازی كورد، (مسته‌فا بارزانی) له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان رێی به تیرۆر و ته‌قینه‌وه و به ئامانج گرتنی كه‌سانی سڤیل نه‌داوه، وه‌ك ئه‌وه‌ى له دونیادا و له قۆناغی رزگاریخوازیدا روویان داوه. (بارزانی) ماوه‌ى نه‌داوه له شه‌ڕی نێوان كورد و داگیركارانی كوردستان خوێنی كه‌سانی سڤیل بڕژێت، هاونیشتمانییانی حكوومه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان نه‌بنه ئامانج، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌رهه‌ق به كه‌سانی سڤیل ده‌یانكرد، كه سوپای داگیركه‌ر له شه‌ڕدا ده‌شكا، بۆ تۆڵه‌ى شكسته‌كه‌یان په‌لامارى دانیشتوانی ناو شار و شارۆچكه و گونده‌كانی كوردستانیان ده‌دا و خه‌ڵكه‌كه‌یان ده‌دایه به‌ر رێژنەی گولله.
هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌یه، پرۆفیسۆر د. ئازاد نه‌قشبه‌ندى له وتارێكیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه بارزانى له وتارێكیدا ده‌ڵێت: ”ئێمه په‌لامارى كه‌سمان نه‌داوه و كارى وایش دژى كه‌س ئه‌نجام ناده‌ین، ئێمه به‌رگرى له مافه ره‌واكانى گه‌لى كورد ده‌كه‌ین و هه‌رگیز خوێنڕشتنمان ناوێت...“ بارزانى هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه له خودا ده‌پاڕێته‌وه، كه بیر و هۆش و حیكمه‌ت ببه‌خشێت به‌وانه‌ى، كه دژایه‌تیى گه‌لى كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو به‌زه‌ییان به گه‌لى عێراقدا بێته‌وه و ده‌ست له زوڵم و ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر كورد هه‌ڵگرن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو گه‌لى عێراق به شادى و برایه‌تى و ئاشتى و دادپه‌روه‌رى بژى.
لەباره‌ى كه‌سایه‌تیى ئاشتیخوازانه‌ى بارزانى، فه‌ره‌نسۆ هه‌ریرى یاوەر و پێشمەرگەی بارزانی نووسیویه‌تى: "بارزانى شه‌ڕخواز نه‌بووه، به‌ڵكوو تا ناچار نه‌كرابایا شه‌ڕى به‌رگرییشی نه‌ده‌كرد، بڕواى به دیالۆگ و دانوستاندن هه‌بوو، گفتوگۆ و دیالۆگى به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانى خه‌بات ده‌زانى". هه‌ریرى، گفتوگۆكانى بارزانى و سه‌ركردایه‌تیى شۆڕش له‌گه‌ڵ رژێمه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانى عێراق، بۆ سه‌لماندنى ئه‌م راستییه، به باشترین به‌ڵگه داده‌نێت.
له‌باره‌ى سیماى ئاشتیخوازیى كه‌سایه‌تیى بارزانى، فره‌نسوا زاڤى لۆڤا نووسیویه‌تى:"بارزانى هه‌موو كاتێك خوازیارى ئه‌وه بووه، كێشه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى به شێوازى قسه‌كردن و لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكات". به‌سه‌رهاتێكیشمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه به چاوى خۆى بینیویه‌تى و ده‌ڵێت: "بارزانى، له‌و كاته‌ى له شه‌ڕیشدا بوو، حه‌زى نه‌ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له دوژمنه‌كه‌یشى خه‌ڵك بكوژێت."
بارزانى له‌ته‌ك خه‌باتى چه‌كدارییدا، هه‌میشه له هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بوو كه له رێگه‌ى دیالۆگه‌وه كێشه‌ى كورد چاره‌سه‌ر بكات، هه‌ر كاتێك داگیركه‌رانى كوردستان داواى گفتوگۆیان كردبێ، بارزانى ره‌تى نه‌كردووه‌ته‌وه و هه‌میشه له‌گه‌ڵ دانوستاندندا بووه.
ئه‌لیكسانده‌ر كسلیوڤ، به‌رپرسى ده‌زگاى (k.g.b)، له (1973 بۆ 1974) ده‌ڵێت: "بارزانى ناچار كراوه ده‌ست بداته چه‌ك، گه‌وره‌ترین و ژیرانه‌ترین هه‌ڵوێست كه بارزانى نواندوویه‌تى ئه‌وه‌یه كه یه‌ك دڵۆپه خوێنیش به ده‌ستپێشخه‌ریى ئه‌و نه‌ڕژاوه، ته‌نیاوته‌نیا به‌رگریى له گه‌له‌كه‌ى كردووه."
روومێش چاندراى سكرتێرى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى ئاشتیى جیهانى، شاهێدیى بیری ئاشتیخوازانه‌ى بارزانى ده‌دات كه هه‌میشه دژى شه‌ڕ و خوێنڕشتن بووه و لایه‌نگرى لێبورده‌یى و ئاشتى بووه، كاتێك ده‌ڵێت: "هیوادارم چاوم به بارزانى بكه‌وێت و ده‌سته‌كانى بگوشم، چونكه ئه‌و پشتیوانى ئاشتییه له جیهاندا."
هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن ئه‌رفه‌ع له نووسینێكیدا ده‌ڵێت: "بارزانیی نه‌مر هه‌میشه نه‌یاری كوشتن و بڕین و خوێنڕشتن بووه و ڕووی له ئاشتی و ئاشته‌وایی و لێبوردن بووه."
زاهیر ئه‌حمه‌د سه‌وز، وه‌ك رووناكبیرێكى ناسراو، گه‌واهى بۆ ئاشتیخوازیى بارزانی ده‌دات و له‌و رووه‌وه شیكارییه‌كى گرنگى زانستییانه و سیاسییانه بۆ نامه‌كه‌ى بارزانى بۆ كه‌نه‌دى ده‌كات و ده‌ڵێت: "بارزانی له شه‌ڕدا ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بووه. ئه‌م نامه‌یه له‌پاڵ كۆمه‌ڵێك هه‌وڵی دیكه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ، كه مسته‌فا بارزانی خوازیاری شه‌ڕ نه‌بووه و ناچار كراوه."