جەلال بەرزنجی لە کەنەدا خەڵاتێکی دیکەی داهێنانی پێ بەخشرا

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

جەلال بەرزنجی لە کەنەدا خەڵاتێکی دیکەی داهێنانی پێ بەخشرا



جەلال بەرزنجی له‌باره‌ی پێبەخشرانی خەڵاتی هۆڵی بەناوبانگەکان ده‌دوێت

 

لە ڕێوڕەسمێکی شایستەی مەزندا لە وڵاتی کەنەدا نووسەر و شاعیری بەناوبانگی کورد جەلال بەرزنجی خەڵاتی هۆڵی بەناوبانگەکانی پێ بەخشرا، جەلال بەرزنجی شاعیریش گوتی: وەک نووسەرێکی کورد لەودیوی سنوورەکان ئەو تایتلە بۆ من جێگای شانازییە. 

ڕێزلێنان و تایتلی، هۆڵی بە ناو بانگەکان (Hall of Fame) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٥٣ لە ئەڵمانیا، لە ساڵی (١٩٥١)یشەوە لە کەنەدا دەبەخشرێت و بە بەرزترین خەڵات  دادەندرێت. 

جەلال بەرزنجی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو خەڵاتە بەو کەسانە دەدرێت کە لە یەکێک لە بوارەکانی ئەدەب، هونەر و زانست داهێنان دەکات. 

لەبارەی چۆنێتی خەڵاتەکەوە جەلال بەرزنجی گوتیشی: بردنەوەی تایتلی چوونە هۆڵی بەناوبانگەکان بە واتای دانپێدانانی  هەتا هەتایی بەرهەمەکانی هەر کەسایەتییەک دێت کە خەڵات دەکرێت. 

ئەو خەڵاتە، لە ئاهەنگێكی گەورە و ئامادەبوونی نوێنەری پاشا و لێپرسراوانی  دەوڵەت و نووسەر و هونەرمەندان دابەخشرێت. 

سەبارەت بە خەڵاتی ئەمساڵی هۆڵی بەناوبانگەکان کە بەخشراوەتە شاعیر و نووسەری گەورەی کورد جەلال بەرزنجی، لیژنەی بەخشینی خەڵاتەکە لە کەنەدا دەڵێت: لەبەر داهێنانی قوڵ، لە بواری نووسین و  تێگەیشتن لە بنەماکانی فرە کەلتووری لە کۆمەڵگایەکی فرە کەلتووری، ڕێزمان لە جەلال بەرزنجی نووسەر و شاعیر گرت و خەڵاتمان کرد. 

نووسەر و شاعیری کوردی کەوشەنبڕ جەلال بەرزنجیش لە دوا قسەی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وەک نووسەرێکی کورد لەودیوی سنوورەکان  ئەو تایتلە بۆمن جێگەی شانازییە.

عزەدین زەکیزادە

سەرچاوە: KDP