سەرچیمەن یەکێکە لە گەڕەکە هەرە کۆنەکانی شاری سلێمانی و دەکەوێتە نێوان گەڕەکی سابوونکەران و گەڕەکی گاوران و دەرگەزێن، کە (قاوەخانەی سەرچیمەنیشی پێ دەگوترێت).
ناوی چیمەن لەوەوە هاتووە، کە چیمەن و مێرگ و مێرگوزار و کانی و ئاوی تیا بووە، هەروەها ناوی قاوەخانەکەش ئاماژەیە بەو قاوەخانە کۆنە مێژووییەی، کاتی خۆی لە گەڕەکەکەدا هەبووە و خاوەنی قاوەخانەکە (حسە کەڕ)ی ناو بووە و یەکێک بووە لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی شاری سلێمانی. ئێوارە کە دەهات، پیاو و کەسایەتییەکانی گەڕەک لە قاوەخانەکە کۆدەبوونەوە، هەروەها لە بۆنەکانیش چالاکیی تایبەت و جۆراوجۆر دەكران، دیارترین چالاکییەکانیش هەقایەتخوانی بووە و لە شەوانی رەمەزان، مەلا ئیسماعیل کتێبی چیرۆکەکانی رۆستەم و مەم و زین و ئەمیر ئەرسەلانی دەخوێندەوە.
کەسایەتییە ناودارەکانی گەڕەکی سەر چیمەن:
- حاجی شێخ ئەحمەدی موتابچی.
- حەمەئەمین ئاغا حاجی برایم ئاغا و حەمەسوور ئاغای برای.
- حاجی شێخ نووری حەڵواچی.
- حاجی کەریمی عەنبەرخان.
- حاجی مەحموودی باپیری شەهید ئەنوەری مەجید سوڵتان.
- مەلا ئەحمەدی دیلان، باوکی خوالێخۆشبوو حەمەساڵح دیلان و قادر دیلان.
- مەلا حامید حەمدوون، كە کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی بووە و لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا نەورۆزانەی بەسەر منداڵانی گەڕەکدا دابەش دەکرد. نەورۆزانە بریتی بوو لە ئاوێک دوعاى بەسەردا خوێندرابێت.
- شێخ بابا عەلى قەرەداخی، باوکی شێخ نوورى و باپیری بەهادین نووری، کەسایەتیی سیاسیی ناسراوی کوردستان و عێراق.
- مەحمود تۆفیق گورجی، ناسراو بە مەحموود تۆفیق شلک و حاجی عەلی فەوتاوی برای، کە ئەویش تێکۆشەرێکی دێرین و کەسایەتییەکی ناسراو بوو لەو گەڕەکەدا.
- هەروەها هەندێک ماڵ و بنەماڵەی خاوەن پیشەی تایبەت هەبوون، وەک موتابچێتی و دروستکەری سابوون.

