شکۆ کوڕی حەسەنی مدۆ، کە ناسراوە بە شکۆیێ حەسەن، لە ساڵی (1928) لە گوندی جامووشوانی بچووک لە ناوچەی ئاقبارانی ئەرمنستان لەدایک بووە.
ماڵی باوکی لەبنەچەدا لە گوندەکانی ناوچەی قارس، لە دەوڵەتی عوسمانی ژیاون، شکۆ تەمەنی پێنج ساڵان بووە، کە باوکی وەفاتی کردووە. سۆفی کوڕی حەسەنی مدۆی مامی، گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە.
شکۆ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە گوندەکەی خۆیان بەسەرکەوتوویی تەواو کردووە. لەگەڵ تەواوکردنی خوێندنی ناوەندی، لە ساڵی 1948 بووە بە قوتابی زانکۆی یەریڤان لە بەشی رۆژهەڵاتناسیدا و لە ساڵی 1953 بڕوانامەی ئەو دەزگا زانستییەی پێ بەخشراوە.
شکۆ شاعیر و نووسەری دیاری کورد بووە، کە شیعری ئەدەبی کوردی لە قەفقاسی رووسیا، لە چوارچێوەی هونەری ناوچەییەوە گواستەوە بۆ شیعری بەرزی کلاسیکی جیهانی.
شکۆیێ حەسەن، لە ژیانی خۆیدا سێ دیوانی بە چاپ گەیاندووە (قالچیچەک 1961)، (تەمبورێ کوردان 1965) و (مەرەمێ دلێ کورد 1970). لە ساڵی 1965 خوێندنی باڵا تەواو دەکات، لەو ماوەیەدا تووشی نەخۆشیی گەدە دەبێ و لە ساڵی 1975 كۆچی دوایی دەكات.
