بەشی شانۆی سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و (تیپی شانۆی ئارارات) بە سپۆنسەریی دامەزراوەی كەریمی عەلەكە، بۆ یەكەمین جار لە شاری سلێمانی، شانۆیی (رۆمیۆ و جولێیت) كە یەكێكە لە شاكارەكانی شانۆنووسی بەناوبانگی ئینگلیز و جیهان (شكسپیر) و لەلایەن دەرهێنەری ناوداری كورد (د.فازڵ جاف) كاری دەرهێنانی بۆ كراوە، بە زمانی كوردی نماییش دەكەن.
شانۆییەكە كاتژمێر 6ی ئێوارەی رۆژانی 20 تەمووزی 2024 و رۆژانی دواتر، لە هۆڵی رۆشنبیریی شاری سلێمانی پێشكەش دەكرێت، تیایدا چەندین ئەكتەری بەتوانای شانۆ رۆڵی تیادا دەبینن.
چیرۆکی (رۆمیۆ و جولێیت) لە شاری ڤیرۆنای ئیتالیادایە و باس لە ژیان و ناکۆکیی نێوان دوو بنەماڵە دەکات، بە ناوی مۆنتیجیۆ و کۆباڵت.
مۆنتیجیۆ، یەکێکە لە خێزانە سەرەکییەکانی ڤێرۆنا، كە رۆمیۆ لەو بنەماڵەیەیە و هاوکات بنەماڵەی کاپولێت، یەکێک لە بنەماڵە سەرەکییەکانی ڤێرۆنایە و جولێیت لەو بنەماڵەیەیانە، ئەو دوو بنەماڵەیە شەڕ و دوژمنایەتی و كۆنەقین لەنێوانیاندا هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا (رۆمیۆ و جولێیت) عاشقی یەكتر دەبن. ئەمە یەكەمین جارە ئەم شانۆییە بە زمانی كوردی دێتە پێشكەشكرن.