قەڵای کازم داشی.. شوێنی شاردنەوەی گەنجینەکەی هۆڵاکۆخانی مەغۆل

سه‌ره‌تا مێژوو شوێنه‌وار كه‌له‌پوور كولتوور مه‌ڵتیمیدیا له‌باره‌ی ئێمه‌وه‌
x

قەڵای کازم داشی.. شوێنی شاردنەوەی گەنجینەکەی هۆڵاکۆخانی مەغۆل

 قەڵای کازم داشی، کە بە (بەردی کازم خان) و (قەڵا داشی) ناسراوە، وەک یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێش و مێژووییەکانی ورمێ دەناسرێت.

 ئەم شوێنە دەکەوێتە نزیک گوندی گورچین قەڵا، بەدووریی ٧٠ کم لە ورمێ و شوێنەواری چەندین بینای دیکەی تێدایە، کە لە بەردی گەورە و نەخشێنراو دروست کراون.

 ئەم پێکهاتەیە لە شێوەی پارچەبەردێکی گەورە و دوورگەیی لە باکووری ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێیە، کە لەلایەن دانیشتوانی حەوت گوندی دەوروبەری، لە سەردەمی جیاجیا و لەنێویاندا شەڕی یەکەمی جیهانی، وەک پەناگەیەک کەڵکیان لێ وەرگرتووە. هەروەها بەپێی بەڵگەنامەکانی مێژوونووسانی ئیسلامی، هۆلاکۆخانی مەغۆل، موڵک و ماڵی بەنرخ و نایابی خۆی لەم قەڵایە شاردبووەوە.

بەنرخترین ئەو بەرهەمانەی لەم ناوچەیە بەدەست هاتوون، پەیوەندییان بە هەزارەی یەکەمی پێش زایین و سەردەمی ئێلخانییان هەیە.

 بۆ گەیشتن بە قەڵای کازم داشی، لەسەر جادەی ورمێ بەرەو سەلماس و دوای نزیکەی ٣٠ کم، دەچیتە ناو جادەی لاوەکیی قۆشچی، دوای تێپەڕین بەناو شاری قۆشچی و گوندی گەشتیاریی باری، گوندی قەرەباغ و گورچین قەڵا بەجێ دەهێڵی، قەڵای کازم داشی، بەدووریی یەك کیلۆمەتر و نیو لە ڕۆژهەڵاتی گوندی گورچین قەڵایە.

 لەڕابردوودا ئەم قەڵایە ناوی (قەرخەلار) و (قەڵا یەک دەرگا) بووە.